بایرن میونشن ڕاهێنەری نوێی یانەكەی دیارییكرد

01:07 - 27/04/2021

2395جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

بایرن میونشنی پاڵەوانی ئەڵمانیا و ئەوروپا ئەمرۆ بە شێوەیەكی فەرمی ڕایگەیاند کە ئەوان بۆ ماوەی پێنج ساڵ گرێبەستیان لەگەڵ یولیان ناگلێسمان کردوە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوەوە پۆستی ڕاهێنەرایەتیكردنی یانەكە وەربگرێت.

ئەو ڕاهێنەرە تەمەن 33 ساڵە لەگەڵ یانەی لایپزیك ساڵی ڕابردو گەیشتە قۆناغی پێشكۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، هانز فلیك لەگەڵ ئەوەی تا هاوینی 2023 گرێبەستی لەگەڵ یانەی بایرن میونشن هەبو، بەڵام بە داواكاری تاكە كەسی گرێبەستەكەی هەڵوەشاندەوە. 

بایرن میونشن بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە گرێبەستی ناگلسمان لەگەڵ تیمی باڤاریا لە 1 / 7 / 2021 دەستپێدەکات و لە 30 ی حوزەیرانی 2026 كۆتایی دێت.

هێربێرت هینەر سەرۆکی بایرن دوای ڕاگەیاندنی ئیمزاکردنی ناگلیسمان وتی: "ناگلێسمان نوێنەرایەتی نەوەی نوێ دەکات لە ڕاهێنەران و سەرەڕای تەمەنی گەنجیشی خاوەن پیشەیەکی گەورەیە، ئێمە دڵنیاین کە لەگەڵ یولیان ناگلسمان لەسەر سەرکەوتنە مەزنەکانی چەند ساڵی ڕابردو بەردەوام دەبین".

سەرۆك وتیشی: دەمەوێت بە ناوی بایرن میونشنەوە سوپاسی هانس فلیک بکەم، لە ساڵی 2019 دا لە قۆناغێکی سەختدا دەستی بەسەر سەرکردایەتی تیپەکەماندا گرت، دواتر شەش نازناویان بردەوە، بە خۆشحاڵییەوە بەمنزیكانە خولی بۆندسلیگاشی بە دوادا دێت، هەمیشە لە کتێبەکانی مێژوی بایرن میونشدا جێگەی دەبێت و لە داهاتویدا هیوای  باشترینی بۆ دەخوازین".

نیشانەکردن

#بایرن میونشن