خەندان سپۆرت
چەند هەفتەیەک دوای مردنی، بەڵگەنامەیەکی نوێ دەرکەوتوە کە پرسیاری زیاتر لەبارەی مردنی ئەفسانەی تۆپی پێ دیگۆ مارادۆناوە دروست دەکات، کە بەشێكی زۆر لە پسپۆڕانی تۆپی پێ ئەو یاریزانە بە باشترینی مێژو لە قەڵەم دەدەن.
ئەستێرەکە لە 25ی نۆڤەمبەردا لە تەمەنی 60 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، دوای ئەوەی لە ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی تیگری بۆینس ئایرس توشی جەڵتەی دڵ بو.
پێشتر و لە مانگی تشرینی دوەم مارادۆنا بۆ نەخۆشخانەیەكی لا پلاتا گوازرایەوە و لەوێ نەشتەرگەری بۆ کرا بۆ ئەوەی بڕێك خوێنێ مەییو لە مێشکیدا دەربهێنرێت.
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە کە لەکلینیکێک کە چارەسەری بۆ مارادۆنا كردوە لەلایەن ڕۆژنامەی "مارکا"ی وەرزشی ئیسپانیاوە بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردوە "ئەو شێوازی چارەسەرەی کە مارادۆنا وەریگرتوە، پێدەچێت مەترسیدار بوبێت ، تەنانەت ئەو ژەمە چارەسەرانەی بۆی داناراوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی جەستەی زۆر ناڕێك بوە".
بەڵگەنامەکە باس لەکۆبونەوەیەکی ڕۆژی 5ی تشرینی دوەم دەکات لەنێوان کچەکانی مارادۆنا و دکتۆری چارەسەری یوپۆلدۆ لۆکی و دکتۆری دەرونی درا کۆزاکۆڤ بەڕێوەبەری کلینیکەکە پابلۆ دیمیترۆڤ و پزیشکی گەورەی یەکەی چاودێری چڕ فرناندۆ ڤیلیارجۆ.
بەڵگەنامەکە زۆر گرنگە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بزانرێت کێ بەرپرسیاربوە لە مردنی مارادۆنا "ئەگەر خەمساردیەك هەبوبێت لە كاتی چارەسەركردنی ئەو ئەفسانەیە".
دوای مردنی مارادۆنا، دکتۆر لۆکی بە کوشتنی تاوانبار کرا، بۆیە دەستبەجێ پۆلیسی ئەو وڵاتە هەڵیکوتایە سەر ماڵی پزیشکەکە بە بەڵگەی " هەبونی ئاماژەی خەمساردی پیشەیی لە كارەكەیدا"
لەگەڵ ئەوەشدا لۆکی بەرگری لە خۆی کرد و وتی " هەمو شتێکی مەحاڵی کردوە بۆ ڕزگارکردنی نەخۆشێکی بێ کۆنترۆڵ " .
دەسەڵاتی دادوەری ئەرجەنتین لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێكردوە سەبارەت بەهەر كەمتەرخەمیەك کە بوبێتە هۆی مردنی مارادۆنا، ئەم هەناگاوەی دادگا دوای قسەکانی کچەکانی دالما و گیاننا و جانا هات سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە تەندروستیەكانی ئەو یاریزانە.
ئەستێرەی پێشوی ناپۆلی ئیتالی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای پاڵەوانی جامی جیهانی ساڵی 1986 هەم لەوكاتنەی یاریی دەكرد و دوای وازهێنانیشی ژیانێکی پڕ لە شڵەژان و ناجێگیر دەژیا و بۆ چەندین ساڵ بەهۆی بەكارهینانی ماددە هۆشبەرەکان دەیناڵاند.