مەرگی ئەو ئەفسانەیەی جیهانی غەمگین كرد

01:55 - 26/11/2020

2517جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ئێوارەی دوێنێ چوار شەممە بە كاتی باشوری كوردستان میدیاكانی ئەرجەنتین و جیهان هەواڵی مەرگی ئەستێرە و ئەفسانەی جیهانی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنایان ڕا گەیاند كە لە تەمەنی 60 ساڵی و بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەستدا.

مارادۆنا لە چەند رۆژی رابردودا نەشتەرگەری مێشكی بەسەركەوتویی بۆ ئەنجامدرا و دواتر نەخۆشخانەی بەجێهێشت، كە ڕاگەیاندنەكانی ئەو وڵاتە وێنە و ڤیدۆیی ئەو ئەفسانەیەیان بڵاوكردەوە كە بە پێیەكانی خۆی نەخۆشخانەی جێهێشت.

مارادۆنا ئەفسانەیەکی نەمرە لەمێژوی ئەرجەنتین و جیهان و یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، چونكە ئەو ئەستێرەیە لە سەردەمی یارییكردنیدا یارمەتی سەماکەرانی تانگۆیدا بۆ بەرزكردنەوەی  جامی جیهانی و چەندین نازناوی بۆ یانەی ناپۆلیش بەدەستهێنا.

مارادۆنا لە 30ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1960 لە لانۆس لەدایكبوە، سەرەتای مێژوی یارییكردنی لە ساڵی 1976 بوە بۆ یانەی ئەرجەنتینۆس دواتر لە ساڵی 1981 چوەتە بۆكاجۆنیۆرزی ئەرجەنتینی و لە هاوینی 1982 چوە ریزەكانی بەرشەلۆنە، دواتر و لە هاوینی 1984 چوە ناپۆلی پاشان بۆ یانەكانی سیڤیلیە و نیویلز ئۆڵد بۆیز و بۆكاجۆنیۆرز یاریی كردەوە.

ئەم یاریزانە لەگەڵ ئەجەنتین دەسەكەوتەكانی مەزن بوە، لە مۆندیالی 1982 بەشدای كرد، بەڵام ناوێكی درەوەشاوە نەبو،  لە مۆندیالی 1986 ئەستێرەی ئەم یاریزانە گەشایەوە،  لەو پاڵەوانێتیە ئەرجەنتین 14 گۆڵی كرد كە مارادۆنا 5 گۆڵی تۆماركرد و 5 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی دروستكردبو، لەگەڵ ئەوەشدا (53)بڕینی یاریزانی هەبو كە (زۆرترینە لە مێژوی مۆندیالدا)، لە گرنگترین یاریی ئەو پاڵەوانێتیە، مارادۆنا لەگەڵ ئەرجەنتین لە ئینگلتەرایان بردەوە كە دیێگۆ گۆڵێی نایابی تۆماركرد كە بە جوانترین گۆڵ لە مێژوی تۆپی پێ ئەژمار دەكرێت، لەگەڵ گۆڵێكی دیكە كە بە دەست تۆماریكرد و ئینگلیزەكانی بە تەواوی توڕەكرد، بەهۆی ئەو ناكۆكیە سیاسیەی لەو كاتەدا لە نێوان ئینگلتەرا و ئەرجەنتین هەبو، مارادۆنا وەك شۆڕشگێڕێك تەماشا دەكرا، لە مۆندیالی ساڵی 1990شدا ئەرجەنتینی گەیاندە یاریی كۆتای، بەڵام بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر بە ئەڵمانیەكان دۆڕان، لە مۆندیالی 1994یش دوای ئەنجامدانی چەند یارییەك بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی وزەبەخش ئەو یاریزانە لە پاڵەوانێتیەكە دور خرایەوە و بۆ یاریی دواتر ئەرجەنتین دۆڕا.

دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی مردنی ئەم ئەفسانەیە سەرۆكی ئەرجەنتین سێ رۆژ ماتەمینی لە وڵاتەكەی ڕاگەیاند و لە ئەرجەنتین و لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان هەوادارانی ئەو یاریزانە هاتنە سەرقام و بە گریانەوە ماڵئاواییان لەو پاڵەوانە كرد.

بۆ مەرگی ئەم یاریزانە زۆرێك لە ئەسێرەكانی تۆپی پێ بە شیوەی جیاواز گوزارشتیان لە خەمی دڵیان كرد

پێلێ ئەفسانەی بەرازیلیەكان دەڵێت
هاوڕێیەکی ئازیزم لە دەست داوە و جیهان ئەفسانەیەکی لە دەست داوە، ڕۆژێک هیوادارم پێکەوە یاری تۆپی پێ بکەین لە ئاسماندا"

مێسی بۆ کۆچی دوایی مارادۆنا دەڵێت
 رۆژێکی ناخۆش بۆ ئەرجەنتین و تۆپی پێ، تۆ جێیهێشتین، بەڵام بۆ هەمیشە لامان دەمێنێتەوە، لە ناخەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و هەمو هەوادارانت دەکەم.

کریسیانۆ لە ڕێگەی هەژماری خۆی دەڵێت
ئەمڕۆ زۆر بەداخەوەبوم بۆ کۆچی دوایی هاوڕێیەک و بلیمەتێک، ئەو باشترینە لە مێژودا، وە جادوگەرێکی بێ وێنەیە و هاوتای نەبو، زۆر زو ڕۆیشت، بەڵام میراتێکی گەورەی بەجێهێشت، ئارام بە ئەفسانە.

ئینسینی بۆ مارادۆنا..
خوات لەگەڵ بێت ئەی باشترین یاریزان لە مێژوی تۆپی پێ دا.

بە فەرمی بەرپرسانی یانەی ناپۆلیش ناوی یاریگاكەیان گۆڕی و كردیان بە ناوی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا.

مارادۆنا ئەو وەرزشكارە بو كە لە ژیانیدا بوە مایەی دڵخۆشكردنی خەڵكی لە تەواوی جیهاندا، بەڵام بەهۆی مردنیەوە فرمێسكی خستە سەر ڕوخساری ئەرجەنتینیەكان و هەوادارانی لە تەواوی جیهاندا. 

 

نیشانەکردن

#مارادۆنا #ئەرژەنتین