زیکۆ باشترین یاریزانى ئەرجەنتین دیاری دەکات

05:30 - 19/05/2020

8684جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ئەستێرەى دێرینى هەڵبژاردەى بەرازیل زیکۆ لێدوانێکى دژ بە مێسی دا و پێی وایە ئەو یاریزانە هێشتا نەگەیشتۆتە ئاست و تواناکانى مارادۆنا و پێلی و نەیتوانیوە ئەوەی ئەو دو یاریزانە ئەنجامیانداوە و بەدەستیانهێناوە ئەم ئەنجامی دابێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەرى گۆڵ زیکۆ لە بارەى باشترین یاریزانى ئەرجەنتین وتى " بە بڕوای من مارادۆنا زۆر لە مێسى باشترە، چونکە مارادۆنا هەرگیز لە یانەیەک یاریی نەکردوە کە ئەستێرەى وەک ئینێستا و چاڤى و ڕۆناڵدینیۆ و نەیمار و سوارێزى تێدا بێت و لەگەڵ ئەوەشدا توانیوێتى نازناو بەدەست بهێنێت"

ئەو ئەستێرەیەی بەرازیل وتیشی " لەگەڵ ئەوەی مارادۆنا یاریزانی بەهێزی لەگەڵ نەبوە، بەڵام ئەنجامى زۆر باشى بۆ ئەرجەنتین تۆمارکردوە لە مۆندیالەکانى (1986) و (1990) هەرچەندە لەو کاتەدا مارادۆنا ئەو یاریزانە باشانەى لەگەڵ نەبوە کە لە یانە گەورەکانى ئەوروپا بن وەک ئەوەى مێسی لە ئەرجەنتین چەندین یاریزانى بەتوانا لە خولە گەورەکانى ئەوروپا هاوکارى بون و بێ ئەنجامیش بون".

لەدرێژەى لێدوانەکەیدا زیکۆ وتیشى "ڕاستە مێسی خاوەنى کۆمەڵێک تایبەتمەندى خۆیەتى کە باشترین یاریزانەکانى جیهان هەیانە، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستى مارادۆنا و پێلێ، چونکە ئەو دو یاریزانە نازناویان بۆ هەڵبژاردەکانیان بەدەستهێناوە و مەزنترین دو یاریزانى تۆپی پێن و هەروا بە مەزنى دەمێننەوە، چونکە خواى گەورە هەمو شتێکى بەخشیوە بەو دو یاریزانە و هیچ یاریزانێک ناتوانێت ئەنجامەکانى ئەو دو ئەفسانەیە دوبارە بکاتەوە".