زیانەکانی خەتەنەکردنی کچان

11:44 - 25/09/2017

113552جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف-

بەمەبەستی باسکردن لە زیانەکانی خەتەنەکردنی کچان ڕادیۆی خەندان چاوپێکەوتن لەگەل دکتۆرە شایان جلال پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبوون و مامۆستای زانکۆ دەکات، لەبەرنامەى (خەندان کلینک).

* خەتەنەکردن چییە؟
- بریتییە لەتوێکردنی ئەندامی زاوزێی مێینە لە بەشی دەرەوە ئەمەش پلەی هەیە لەپلەیەکدا تەنها بەشی دەرەوەى قیتکەکەی لادەبات، لەپلەی دووەم و سێیەمدا زیاتر لە گۆشتەکەى دەرەوە لادەبرێت و دەبێتە مەترسی بۆسەر ژیانی کەسەکە.

* زیانەکانی خەتەنەکردن چین؟
- خەتەنەکردن دوو جۆر زیانی هەیە، زیانی نزیک کە ڕاستەوخۆ دواى خەتەنەکردن دەردەکەوێت کەبریتین لە خوێن بەربوون، رەنگە ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی مردنى کەسەکە ئەگەر نەگەیەنرێتە نەخۆشخانە، هاوکات دەبێتە هۆی هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێی کەسەکە و بەکتریا دروست دەکات  و ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەچێتە خوێنەوە و  دەبێتە هۆی لەناوچوون و لەدەستدانی ژیانی کەسەکە، ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەکات، چونکە ئەو کەسانە بەبێ بەنج ئەو کارە ئەنجام دەدەن، لەئەنجامدا لەوانەیە منداڵەکە ببورێتەوە و دڵی پەلەپەل دەکات و لەوانەشە ببێتە هۆی وەستاندنی دڵی منداڵەکە.


خەتەنەکردن زیانی دووریشی هەیە بەوەى  لەداهاتوودا دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازارێکی زۆر بۆ کەسەکە لەکاتی سوڕی مانگانەدا و کۆبوونەوەى خوێن لە منداڵانی کەسەکەدا و هەوکردنی ئەندامی زاوزێی کەسەکە، کە زۆرکات بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری چارەسەر دەکرێت، کۆبوونەوى میز دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە بە گرانی میزی بۆ بکرێت.

هاوکات لە داهاتووشدا لەکاتی هاوسەرگیریدا زیانی زۆری بۆکەسەکە هەیە و دەبێتە هۆی دروست بوونی کێشە و ساردی سۆزی دەروونی لە نێوان هاوسەراندا و لەکاتی خەوتنیشدا ئازارێکی زۆر بۆکەسەکە دروست دەبێت، زۆرجاریش بە جیابووەوى هاوسەران کۆتایی پێ دێت،  لەلایەکی دیکەوە رەنگە لەداهاتوودا ببێتە هۆی ئەوەى کەسەکە منداڵی نەبێت، یان لەکاتی منداڵبوونیدا گرفت بۆ ژنەکە دروست دەکات، چونکە کۆئەندامی زاوزێی کەسەکە بچوک دەبێتەوە ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى کە منداڵەکە زۆر بەئاسانی نایەتە دەرەوەو لە دایک نابێت.

* ڕێنمایی تۆ وەک پزیشکێک بۆ خێزانەکان چییە؟
خەتەنەکردنی کچان هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و لەڕووی تەندروستییەوە زیانی هەیە بۆکەسەکە و کۆمەلێک کێشەى بۆ دروست دەکات، ئەگەر پارچەیەک گۆشتی زیادە هەبێت لەئەندامی زاوزێیدا، خێزانەکان دەتوانن بیبەنە لای پزیشک ئەگەر دەرکەوت کە نائاساییە، ئەوکات پزیشک بڕیار دەدات بەلابردنی ئەو پارچە گۆشتە زیادەیە و توێکاری بۆ دەکات، ئەگەر پێویست بکات ئەویش لە کاتی خۆیدا.