خەندان لایف
دادگای لوبنان، پاش 3 ساڵ لە روداوی كوشتنی "دزێك" لەلایەن فادی هاشم، هاوسەری نانسی عەجرەم، بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسێكە دەكرد و فادی وەكو "بێ تاوان" ناساند.
بە پێی بڕیاری كۆتایی دادگای لوبنان، فادی هاشم، پزیشكی ددان و هاوسەری هونەرمەندی لوبنانی، نانسی عەجرەم، "مەرجەكانی بەرگریكردن لە دۆسێكەی فادی هاشم جێبەجێكراون، لەو دۆخەی تێیدا بوە مافی بەرگریكردنی بەكارهێناوە لە خۆی، هاوسەری و دو منداڵەكەی"، هەربۆیە بە "بێتاوان" دانرا و هیچ سزایەكی بەسەردا نەسەپێنرا.
غابی جیرمانوس، پارێزەری فادی هاشم، لەبارەی دۆسێی بریكاردەرەكەی رایگەیاند، "بەو پێیەی دزەكە لە شەودا بە چەكەوە رۆیشتوەتە ماڵی هاشم و هەڕەشەی زیانگەیاندنی بە خێزانەكەی كردوە، ئەم كارەی هاشم بە كردەیەكی بەرگریكردن لە خۆی وەسف دەكرێت".
هاوكات ئەوەشیخستەڕو، سزای كوشتنی بە ئەنقەست 20 ساڵ زیندانیكردنە، بەڵام ئەم بڕیارە پابەندە بە ماددەی دوەم، كە بەرگرییە و سزادانی قەدەغەدەكات، هەربۆیە ئەم ئەنجامەی هەبو، كە هاشم زیندانی ناكرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە لە بەرەبەیانی 5ی مانگی کانونی دوەمی 2020، دزێك بە چەكەوە ههڵیكوتایە سەر ماڵی نانسی عەجرەم، كاتێك خێزانەكە لە خەودا بون، لەوکاتەشدا فادی هاشم، هاوسەری نانسی تەقەی لەو کەسە کردوە کە چوەتە سەر ماڵەکەی، لە ئەنجامیشدا چەکدارەکە گیانیلەدەستدا.
ئەو چەکدارە كاتێك چوەتە ژوری منداڵەکانی نانسی عەجرەم لەناو ڤێلاکەدا، هەڕەشەی ئەوەی کردوە کە کەس نابێت بێتە سەر رێگەکەی، کاتێکیش ئەو چەکدارە تەقەی کردوە راستەوخۆ کوژراوە، كە بەوهۆیەوە نانسی عەجرەم برینداربو، بەڵام هاوسەرەكەی و منداڵەكانی سەلامەت بون.
ئەم بڕیارەی كۆتایی دادگا، كاردانەوەی جیاوازی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدوای خۆیدا هێنا، هەندێكیان بەرگری لە بڕیارەكە دەكەن، هەندێكی دیكەش بڕیارەكە بە "ناداپەروەرانە و كۆتایی هێنانی لە بەرژەوەندی فادی هاشم" وەسف دەكەن.