خەندان لایف - کرێکار قادر ڕوستایی
ئەنجامدانی کەڵەشاخ، رێنمایی زانستی و تەندروستی تایبەت بەخۆی هەیە، بۆیە بەر لەوەی چارەخواز سەربەخۆ بچێت بۆ لای چارەسەرکارێک لە بواری کەڵەشاخدا، دەبێت لەپێشدا بپرسێ و بزانێ کەڵەشاخ ڕێنمایی چیە و چۆن ئەنجام دەدرێت، زۆرجار چارەخوازێک ڕۆیشتوە بۆ لای چارەسەرکارێکی بواری کەڵەشاخ بۆ ئەوەی کەڵەشاخی بۆ بکات، بەڵام کاتێ چارەسەرکار پرسیاری لێدەکات بەپێی ڕێنمایی زانستی پزیشکی بۆی ئەنجام نەداوە، چونکە چارەخوازەکە نەخۆشیەکی قەدەغەکراوی هەبوە یان پابەندی ڕێنمایی زانستی پزیشکی نەبوە، بۆیە واباشە بەر لەئەنجامدانی کەڵەشاخ چارەخواز قسە لەگەڵ چارەسەرکاری بواری کەڵەشاخ بکات و ڕێنمایی لێوەر بگرێت، بۆ ئەوەی لەکاتی ئەنجامدانی کەڵەشاخدا توشی هیچ کێشە و گرفتێکی تەندروستی نەبێ و چارەسەرکارەکە ئاگاداری تەندروستی جۆری نەخۆشی چارەخوازەکە بێت.
هۆکارەکانی بێ هێزبون و لەهۆش خۆچون دەگەرێتەوە بۆ ئەم چەند هۆکارە:
یەکەم: چارەخواز زۆرجار پێش ئەنجامدانی کەڵەشاخ دەترسێ و قەلەق و دو دڵ دەبێت، ناتوانێ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات، بۆیە لەکاتی ئەنجامدانی کەڵەشاخ بێ هێز دەبێت و لەهۆش خۆی دەچێت، ئەم هۆکارەش دەگەرێتەوە بۆ لایەنی بایەلۆژی و فسیۆلۆژی جەستەی چارەخوازەکە بەهۆی بیرکردنەوەی نەرێنی خۆی بێ هێز دەبێت یان لەهۆش خۆی دەچێت.
دوەم: کەڵەشاخ لەسەر برسی بونێکی زۆر و لاوازی جەستەیی و تەمەنێکی زۆری چارەخوازەکە هۆکارێکی ترە، بۆ بێ هێزی و لەهۆش خۆچون لەکاتی ئەنجامدانی کەڵەشاخ، بۆیە واباشە چارەخوازەکە زۆر برسی نەبێت، کە کەڵەشاخ دەکات با نان بخوات دوای دو کاتژمێر لەنان خواردن دەتوانێ کەڵەشاخ بکات.
سێیەم: هەندێک چارەخواز خۆیان نزمە فشاری خوێنیان هەیە واتا زەختیان دادەبەزێت لەکاتی کەڵەشاخدا، بۆیە واباشە ئەو چارەخوازانەی نزمە فشاری خوێنیان هەیە، بەر لەئەنجامدانی کەڵەشاخ هەندێک میوە بخۆن، یان خورما یان کێک و شەربەتێکی سروشتی بخۆن، یان کەمێک نان بخۆن ئینجا کەڵەشاخیان بۆ بکرێت، بەڵام دەبێت بە پاڵدانەوە لەسەر سیسەم نەک بەدانیشتن لەسەر کورسی.
تێبینی: ئەگەر چارەخوازێک زۆر بترسێ، یان قەلەق و دو دڵ بو، یان کەم خەوبێ و نەخەوتبێ شەو، زۆر برسی بێت و جەستەی زۆر لاوازبێت و خوێنی کەم بێت یان تەمەنێکی زۆری هەیە و نەخۆشیەکی درێژخایەنی هەیە، وا باشە و چاکتر و سەلامەتترە کەڵەشاخیان بۆ ئەنجام نەدرێت، بەڵام ئەگەر چارەخوازەکە نەخۆشیەکی قەدەغەکراوی هەبو، وەک شێرپەنجە بەهەمو جۆرەکانیەوە یان نەخۆشیەکی ڤایرۆسی و گوازراوە نابێت کەڵەشاخی بۆ بکرێت، هەتا ئەو کاتەی نەخۆشیەکە ئاسایی و نۆڕماڵ دەبێتەوە.