خەندان لایف - خۆشناو محەمەد
سینەما فیلمی چێژ بەخش و ناوازە پێشکەش دەکات، هەوڵدەدات جەماوەرەکەی تێربکات، هەندێک جار دەبێتە سەرچاوەی چەواشەکاری، دەبێتە هۆکاری کارەسات بەهۆی باوەڕ کردن بە ڕێژەی لە %10ی زانیاریەکانەوە، دەکرێت ئەو ڕێژەیە زیاتریش بێت، ببێتە کەسێکی نەبەزێنراو و ئەفسانە، کاتێک بینەر باوەڕ دەکات دەنگ بڕ (كاتم الصوت) توانای هەیە دەنگی چەکێک نەهێڵێت، بیرمان نەچێت کۆمەڵێک فیلم هەڵگری زانیاری زانستی دروستن و وردن، لێرەوە بەناوبانگترین چەواشەکاری سینەماتان بۆ باسدەکەم کە ملیۆنان بینەر باوەڕیان وایە ڕاستە:
دەنگ بڕ
دەنگبڕە نوێیەکانی چەک توانای هەیە دەنگی فیشەک کەمبکاتەوە بەڕێژەی 10ی دیسیبڵ، ئەم ڕێژەیە ناتوانێت بەتەواوی دەنگی فیشەک کەم بکاتەوە لەهەمو جۆرە چەکێکدا، بەگشتی هەمو چەکێک نزیکەی 150 پلەی دیسیبڵ تۆماردەکات.
دەنگبڕ تەنها توانای ئەوەی هەیە دەنگی تەقەی چەکێک کەم بکاتەوە تا ئاستی ئامێرێکی کونکردنی بەرد، تەنانەت ئەو پسپۆڕانەی چەک دروستدەکەن دەزانن دەستەواژەی دەنگ بڕ هەڵەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی دەنگبڕەکان و ئەفسانەی دەنگ بڕ بەشێوەیەکی فراوان لەناو خەڵکدا بڵاو بوەتەوە لەمێژوی هۆڵیود تا دەگات بە شەقامەکان، بەتایبەت لەفیلمەکانی (Hitman) و زنجیرە فیلمەکانی (John Wick)دا.
ماددەی (کلۆرۆفۆرم) بەخێرایی قوربانیەکان لەهۆش خۆیان دەبات
یەکێک لەبەناوبانگترین درۆ باوەکانی سینەما کە پێچەوانەی تاقیگەزانستیەکانە، ئەویش بەکارهێنانی پێکهاتەی کلۆرۆفۆرمە وەک کاریگەری لەسەر قوربانیەکان و لەهۆش چونی مرۆڤ، وەک فیلمەکانی (Raising Cain) و (The Vanishing) و (Renfield) زنجیرە فیلمە ترسناکەکانی (Saw) دەیان فیلمی دیکەش دەبینین خەڵک لەهۆش خۆیان دەچن بەو پێکهاتەیەی باسمانکرد، لەپاش هەڵمژینی ئەو ماددەیە خێرا لەهۆش خۆیان دەچن لەکاتێکدا ئەمە دورە لەڕاستیە زانستیەکانەوە، زنجیرە تەلەفزیۆنیەکان و فیلمەکان وایکردوە ئەم ئەفسانەی لەهۆش چونە ببێتە حەقیقەت لای خەڵک.
لەڕاستیدا هەڵمژینی ماددەی کلۆرۆفۆرم بۆ ماوەی چەندین خولەک وادەکات لەهۆش خۆت بچیت نەوەک خێرا، بەم دواییە بەهۆی وشیاری ستافی بەرهەمهێنەرانەوە زۆر بەکەمی پەنا دەبرێت بۆ بەکارهێنانی ئەم جۆرە فێڵ و ساختەکاریە لەهونەردا.
توانای مۆخی مرۆڤ
لەناو فیلمەکانی وەک دیاردە (In Phenomenon) و بێسنور (Limitless) پێمان دەڵێت مرۆڤەکان ڕێژەی لە %10ی مێشکیان بەکاردەهێنن، دەکرێت ئەم ڕێژەیە زیادبکرێت لەچەندین ڕێگای جیاوازەوە، وەک هەڵمژینی مادەی جیاواز و بوژاندنەوەی خانەکان و دەرزی و ڕاهێنان و ڕێگای دیکەش، بەو شێوە دەتوانن توانای خۆی مرۆڤ دەربکەن.
بیرۆکەیەکی جوان و ناوازەیە بەڵام لەڕوی زانستیەوە دورە لەڕاستیەوە، بەپێی تاقیکردنەوەکانی وێنەیی لێدانی موگناتیسی و وێنەگرتنی پارچەیی پۆزیترۆنی بەبەردەوامی، دەرکەوتوە مرۆڤ بەگشتی هەمو مێشکی بەکاردەهێنێت، پزیشکەکان و زاناکانی زانست گەر بەشێک لەمێشک کار نەکات هەستی پێدەکرێت.
جەستەی پاتریە
لەفیلمی ماترێکس دا (The Matrix) ڕۆبۆتەکان لەسەر ئەوە ڕاهێنراون وزەی دەرکراوی زیندوی مرۆڤەکان کۆبکەنەوە، بەڵام با ئێمە بە ویژدانەوە ڕاستگۆبین هەمو چالاکیەکی بایۆلۆجی کە وادەکات مرۆڤ لەژیاندا بمێنێت وزەیەکی کارەبایی دەردەکات، بەڵام گەر هەمو جەستە بەگشتی وەربگرین ئەوا بۆمان ئاشکرادەبێت هیچ کات ئەم وزەیە پێویستی ڕۆبۆتەکان نییە.
بەپێی پێکهاتەی زانستی کیمیایی زیندەیی، بەرهەمهێنانی وزە لەجەستەی مرۆڤی پێگەیشتودا لەکاتی پشودا بەڕێژەی گڵۆپێکی کارەبایی (100) واتی دەبێت، لەگەڵ ئەوەی هەمو ئەوەی وادەکات مرۆڤ لەژیاندا بێت ڕۆح و کرداری هەناسەدان و خوێن و پێکهاتەی بایلۆجی مرۆڤەکانە، ئەو وزەیە کەم و کاریگەر نییە بەو شێوەی باس دەکرێت لەفیلمەکاندا.
دەنگی تەقینەوە لەفەزادا
یەکێک لەو هەڵە زەقانەی فیلمەکانی خەیاڵی زانستی دەنگی تەقینەوەکانە لەئاسماندا، تەقینەوەی زەبەلاح لەبۆشایی فەزادا، لە حەقیقەتدا تەقینەوەکانی دەرەوەی بەرگە هەوا هێمنە و دەنگیان کەمە، لەوێ هەوا نیە بجوڵێت شەپۆل بدات یان فشار بکات، یان وابکات زیان بەتەبەڵەی گوێی مرۆڤ بگەیەنێت.
لەبەر ئەوەی بەرگە هەوا بونی نیە لەوێ، ئاگر وجودی نابێت، بەو مانایە تەقینەوەکانی فەزا ئاگریان نییە، دوکەڵیان نییە.
لەڕوی زانستیەوە تەقینەوەکانی فەزا بەخێرایی ڕو دەدەن، تەنها کاریگەری هەستپێکراو ڕوناکی خێراو شەپۆلی دەنگی نەبیستراوە، لەڕاستیدا سینەما ئەم زانیاریەی شێواندوە لەفیلمەکانی (Star Trek) و (Armageddon) تەقینەوەکان بەشێوەیەکی نازانستی وێناکراون.
هەڵمژینی ژەهری مارەکان
هەوڵدان بۆ مژینی ژەهری مار لەبرینی کەسێکەوە مارپێوەی دابێت بیرۆکەیەکی زۆر گەمژانە و هەڵەیە، چونکە هەڵمژینی ژەهر لەبرینەوە هیچ گۆڕانکاریەک ناکات لەبڵاوبونەوەی ژەهرەکە بەناو دەمارەکان و ماسولکەکان، بەڵکو بەپێچەوانەوە برینەکە گەورەتر دەبێت و وادەکات ژەهرەکە خێراتر بڵاوە بکات، گەرهاتو ئەو کەسەی ژەهرەکە هەڵەمژێت ناو دەمی برینی هەبو ژەهراوی دەبێت بەخێرایی.
دەکرێت بڵێین ئەم جۆرە ئەفسانە خوارفیە زۆر باوترە لەهەمو شتەکانی دیکە لەناو فیلمەکانی مێژوی سینەمادا، ئەم دیاردەیە سەرەتا لەفیلمە کلاسیکیەکانی ڕۆژئاوای ئەمریکادا بەکارهێنرا، بەڵام دواتر لەفیلمەکاندا بەکارهێنرایەوە وەک (Snakes on a Plane) و (The Brothers Grimsby).
ئەم هەڵە زانستیانە وایکرد ئەکادیمیای نیشتیمانی زانستی بنیاد بنرێت، ئەو ڕێکخراوەی زاناکان و هونەرمەندان پێکەوە دەبەستێتەوە لەپێناو لەناو بردنی خوارفیاتی زانستی، وێناکردنی زانست بەوردی، بەم بۆنەیەوە زاناکان دێنە دەنگ وەک (نیڵ دیگراس تایسۆن) بەئاشکرا دژی پێکهاتەی ئەو فیلمانە قسە دەکات و دەڵیت، هەندێک لە فیلمەکان و زنجیرەکان زانست وەک خۆی وێناناکەن.