ئەو نیشانە سەرەتاییانەی پێتدەڵێن داخوران و سەوەفانی ئەژنۆت هەیە

02:54 - 20/09/2023

2707جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

كاتێك توشی داخوران و ئازاری ئەژنۆ دەبیت، چەند نیشانەیەكت تێدا دەردەكەوێت و هەستی پێدەكرێت، كە دكتۆر هەڤین کەمال شا محەمەد، پسپۆڕی ئازارشکاندن بڵاویكردوەتەوە و پێویستە پشتگوێیان نەخەیت.
 
1.  ئازار: 
دیارترین نیشانەی داخورانی جومگەی ئەژنۆ ئازارە لە جومگەکەدا، جۆری ئازارەکە بەپێی کەسەکە و حاڵەتەکە دەگۆڕێت، بۆ نمونە هەندێکجار دێت و دەڕوات، هەندێک جاریش بەردەوامە و لەناکاو زیاد دەکات. 

هەندێکجار ئازارەکە کەمە و جاڕسکەرە، زۆر جاریش لەوانەیە تیژ و توند بێت. 

ئازاری سەوەفان و داخوران بەهەندێک چالاکی و وەرزش زیاتر دەکات، بۆ نمونە؛ سەرکەوتن بەسەر پلەی زۆری پلیکانەدا، ئەنجامدانی سکوات لە کاتی وەرزشدا، لەکاتی شۆفێریدا.

2. هەڵئاوسان:
بەهۆی برینداربونی ئەو چینی کڕکڕاگەی دەوری ئێسکەکانی داوە  لەکاتی جووڵەدا ئێسکی ناو جومگەکە بەریەک دەکەون و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی ئاوی زیادە لە جومگەکەدا و هەڵئاوسان لەو کیسی بورسایانەی دەوری جومگەکەیان داوە. 

3. ڕەقبون:
بەهۆی بەریەک کەوتنی ئێسکەکان و هەڵئاوسانی جومگەکە هەستی ڕەقبون لە جومگەکەدا دروستدەکات، هەندێک کەس تەنها لەبەیانیاندا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر ڕەق دەبێت جومگەکەی و لەدوای ئەوە سروشتی دەبێتەوە، هەندێکیش لە دوای دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر  هەست بە نەجوڵان و ڕەقبونی جومگەکەی دەکات. 

4. سوربونەوە و گەرمبونی جومگەکە: 
هەندێکجار بە هۆی هەوکردنی جومگەکە پێستی دەوروبەری جومگەکە سور دەبێتەوە و گەرم دادێت کە ئەمیش نیشانەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی بەزوترین کات ڕای پزیشکی پسپۆڕ وەربگیرێت بەتایبەتی ئەگەر هەڵئاوسانی لەگەڵدا بێت. 

5. گۆڕان لە توانای جوڵەی جومگەکە:
توانای جوڵاندنی جومگەکە کەم دەبێتەوە، بۆ نمونە ئەو کەسانەی داخورانیان زۆرە یاخوود مامناوەندە ناتوانن بە تەواوی ئەژنۆیان بنوشتێننەوە یاخود ڕاستیبکەنەوە. 

6. زیادبونی نیشانەکانی لەگەڵ نەجوڵان:
ڕەقبونی جومگەکە لەوانەیە زیاد بکات لەگەڵ پشو بۆ ماوەیەکی زۆر، بۆ نمونە لەکاتی دانیشتن یان خەوتن بۆ ماوەیەکی زۆر کە دەیانەوێت جومگەکە بجوڵێنن هەست بە ئازار و ڕەقی دەکەن لە جومگەکەدا. 

7. تەقەتەق و کرتەکرت:
هەستکردن یاخود بیستنی کرتەکرت لەناو جومگەکەدا کاتێک دەینوشتێنیتەوە بۆ نمونە لەکاتی ئەنجامدانی نوێژکردندا یاخود سکوات، نیشانەی لێکخشانە لە جومگەکەدا بەڵام بەبێ نیشانەکانی تر مەرج نییە بەتەنها نیشانەی داخوران بێت. 

8. قفڵبون یاخود نوشتانەوەی جومگەکە:
هەستکردن بە قفڵبوون یاخود نوشتانەوەی لەپڕی جومگەکە لەو کەسانەدا زۆرە کە قۆناغی داخورانەکەیان مامناوەندە یاخوود زۆرە، یاخوود لەو کەسانەی کە توشی پوکانەوەی کڕکڕاگەکە دەبن و پارچەیەکی لێدەکەوێتە ناو جومگەکە، یاخود لە وانەی توشی پێکانی بەستەر و تەقینی کڕکڕاگەی هیلالی دەبن، هەستدەکەن جومگەکەیان هەندێکجار دەردەچێت.