هۆكارەكانی دواكەوتنی سوڕی مانگانە

12:41 - 06/09/2023

14611جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

سوڕی مانگانەی خانمان پێویستە مانگانە لە كاتی دیاریكراوی خۆی بێت، رۆژێك یان دو رۆژ پێشكەوتن و دواكەوتن ئاساییە، بەڵام ئەگەر ماوەیەكی زۆری بەسەردا تێپەڕی و زیاتر لە 35 رۆژ بو، دەكرێت چەند هۆكارێكی هەبێت.

1. دوگیانی
ئەو خانمانەی هاوسەرگیرییان كردوە و سوڕی مانگانەیان پێشتر رێك بوە، باشترە پشكنینی دوگیانی بكەن بۆئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی ئایا هۆكاری دواكەوتنەكە دوگیانییە یان نەخێر.

2. فشاری دەرونی
باری دەرونی مرۆڤ راستەوخۆ كاریگەری لەسەر تەندروستی جەستە هەیە، كاتێك فشاری دەرونیت دەبێت، كاریگەری لەسەر هۆڕمۆنەكانی جەستە دروستدەبێت و دەكرێت سوڕی مانگانە دوابكەوێت.

3. كیسی هێلكەدان
ئەو خانمانەی كیسی هێلكەدانیان هەیە، یان هۆڕمۆنەكانی جەستەیان ناهاوسەنگە، سوڕی مانگانەیان دوادەكەوێت.

4. گۆڕانكاری لە كێش
كەمكردنەوەی كێشی جەستە یان زیادبونی كێش كاریگەری لەسەر هۆڕمۆنەكان و سوڕی مانگانە دروستدەكات.

5. گۆڕانی شێوازی ژیان
گۆڕانكاری لە شێوازی ژیان، وەكو سیستمی خواردن یان خەو، یان زۆر وەرزشكردن رۆڵی هەیە لە دواكەوتنی سوڕی مانگانە.

6. دۆخی تەندروستی
هەندێك دۆخی تەندروستی كاریگەری لەسەر سوڕی مانگانە دروستدەكەن، وەكو غودەی چالاك، شەكرە یان نەخۆشی دڵ.