دایک.. ئەو فیلمەی جێنێفەر لۆپێز دەگەڕێنێتەوە بۆ فیلمی جوڵە لەپاش 25 ساڵ

01:45 - 01/06/2023

1865جار خوێندراوەتەوە


خەندان لایف - خۆشناو محەمەد

لەئێستادا فیلمی The Mother لەسەر شاشەی نێتفلێکس نمایشدەکرێت، وەک پڕ بینەرترین فیلم لەهەندێک وڵات، ئەکتەری شۆخ و شەنگ سەلماندی توانای نواندنی هەیە لەفیلمەکانی جوڵەدا، لەپاش فیلمی Out of Sightی ساڵی 1998 جارێکی دیکە گەڕایەوە گۆڕەپانی فیلمەکانی جوڵە و سەرکێشی.


بەرهەم هێنانی فیلم 2023، دەرهێنەر (نیکی کارۆ)ی نیوزیلەندی خاوەنی فیلمی (Mulan) مولان، بەرهەمی ساڵی 2020، هاوشانی جێنێفەر هەر یەک لە (جۆزیف فینیس و لوسی باییز، ئۆماری هاردویک، پۆڵ راسی، گایل گارسیا بیرنال) پاڵەوانی فیلمەکەن.

دایک.. هۆکاری بەختەوەری 
ڕوداوەکانی ناو فیلم لەدەوری کاراکتەری سەرەکی ناو سیناریۆی فیلم دەگەڕێت، ئەو دایکەی وەک سەربازێک لەناو سوپای ئەمریکا ڕۆڵ دەبینێت، دواتر دەچێتە پەنای یەکێک لەبازرگانە گەورەکانی چەک، ئەو بازرگانەی پێشتر ئەفسەر بوە لەسوپای ئەمریکا، دواتر دەیناسێنێت بەدەستێکی دیکە، کەسێک توانای ئەو کارەی هەیە، دواتر ئاشکرایدەکات ئەم دو بازرگانە لەپشت فرۆشتنی چەکە و بازرگانی بەمرۆڤەوە دەکەن، بڕیاردەدات پەیوەندی بکات بەلایەنی پەیوەندیدارەوە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەپێناو ڕاگرتنی ئەم کارە نەشیاوە.

سەرەتای فیلم لەماڵێکەوە دەستپێدەکات، ئەو ماڵەی سەر بە دەزگای (FBI)ی ئەمریکایە، لەو ساتەدا لێپێچینەوەی لێدەکرێت لەلایەن ئەفسەرێکەوە بەناوی (ویلیام کروز)، بەڵام هێزەکانی خراپەکار ئەدریال لوفێل هەڵدەکوتنە سەر ئەو ماڵە و هەمویان دەکوژن تەنها ویلیام کروز نەبێت، پاڵەوانی چیرۆکەکە ڕزگاری دەکات، لەکۆتایی فیلمەکەدا ئەو پاڵەوانە دەناسیت، ئەو ژنە پاڵەوانەی بەچەقۆ سنگی بریندار دەکرێت لەکاتێکدا دو گیانە.


پاڵەوان دەگوزاريتەوە بۆ نەخۆشخانە، لەپێناو ڕزگارکردنی خۆی و منداڵەکەی، دواتر ڕوبەڕوبونەوەی خراپەکاران و مەترسی لەسەر منداڵە تازە بوەکەی دەستپێدەکات.

ژیانی ئەم دایکە دەست پێدەکات لە ئەلاسکا، لەوێ بۆ ماوەی 12 ساڵ دور لەگرفت و مەترسی دەژی، هاوشانی کچە 12 ساڵانەکەی، تا ئەو ساتەی هەواڵ دەگات بەخراپەکاران و دەستیان دەگات بە کچەکەی و وەک بارمتە دەیفڕێنن، ئیدی جەنگی نێوان دایکێک و خراپەکاران دەست پێدەکات لەپێناو ڕزگار کردنی کچەکەی.

چیرۆکی ڕزگار کردنی کچ لەلایەن دایک و باوکەوە یەکەمجار نییە سیناریۆی فیلم داگیر بکات، پێشتر و لەڕێگەی ئەکتەری بەناوبانگ لیام نەیسن و فیلمی Taken ئەم جۆرە لەسیناریۆمان بینیوە، وا هەست دەکەیت ئەم فیلمە هەمان چیرۆک و هەمان سیناریۆ بێت.


بەپێی پێوەرەکان یەکێک لەبنەماکانی سینەمای ڕەسەن هەست بزوێنی چیرۆک و کاراکتەرە لەناو گرتەکاندا، ئەم فیلمە لەو ڕوەوە هەژارە و نەیتوانیوە بگات بەدڵی بینەر، ئەم جۆرە سیناریۆیانە زۆر دوبارە دەبنەوە و تازەگەریان پێوە دیار نییە، فیلمی دایک نەیتوانیوە بگات بەچڕی هەستی ئەو دایکەی کچەکەی دەفڕێنن.

گفتوگۆی نێوان دایک و کچەکەی لەم فیلمەدا دەکرێت بەشێک بێت لەکەم و کوڕیەکانی ئەم فیلمە، دایک ناتوانێت هەستەکانی ڕون بکاتەوە بۆ کچەکەی بەشێوەیەکی سروشتی (پەیوەندی نێوان دایک و کچ کاڵ و بێمانایە).

هەستێکی زۆری خۆشەیستی بۆ مناڵەکەی هەیە، بەڵام توند و تیژی دایکی وادەکات ئەم پەیوەندیە بپچڕێت.

بیرۆکەی فیلم دایک وەک گورگێک پشاندەدات، دایكێکی ڕاستەقینە لەناو دارستانێکدا دەژی، لەناو ئەو دایکەدا پاڵەوان دەژی، سەخت و ترسناکە بەدڵنیایی، لەهەمان کاتدا دایکە و نەرم و نیان و میهرەبانە بەرامبەر کچەکەی، لێرەوە بینەر هەستدەکات ئەو دایکە ڕەنگی مەرگی گرتوە و ناتوانێت ڕۆڵی ڕاستەقینەی دایک ببینێت.


لێرەوە دەرگای گفتوگۆ دەکرێتەوە بۆ تێگەیشتن لەدونیای دایک
بەشێکی دیکەی سیناریۆی فیلم ناوی فیلمەکەیە ناوی دایک  هێنراوە لەبری ناوی خۆی، لەپێناو شاردنەوەی ناوی باوکی بایلۆجی و هەڵگرتنەوەی ئەو منداڵە، لەبەرامبەردا زیاتر جەخت لەو دایکە کراوەتەوە هەڵیگرتۆتەوە.

ناکرێت ئەم فیلمە بەو شێوە وێنا بکەین نمونەی دایک و ماهیەتی دایک بێت بەڵکو چیرۆکێکی سادە و خوار ئاستی ناوەڕاست وێنا دەکرێت، لەڕوی جوڵەی سینەمایی فیلمەکە دەکرێت وەک دایکێکی پاڵەوان وێنا بکرێت.


لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین؛ فیلمەکە پەیامی زۆری هەڵگرتوە لەڕێگەی گرتە و ڕوداوەکانەوە، بەڵام بەبێ ئامڕازی گواستنەوە، فیلمێک بو یەک جار سەیرتکرد سەیری ناکەیتەوە و خێرا لەیادت دەچێت، بینەر هەستی بێهیوای لادروست دەبێت، ماندوت دەکات.

لەسەر ماڵپەڕی تەماتە گەنیوەکە ڕێژەی لە %43 ی وەرگرتوە، بێگومان ئەم ڕێژەیە زۆر نزم نییە بەڵام نەیتوانیوە بگاتە ئاست ڕەزامەندی ڕەخنەگران، بەگشتی فیلمەکە نەیتوانیوە لەناو بازنەی تەقلیدی فیلمەکانی جوڵە تێپەڕێت، سیناریۆ و ڕوداوەکان دوبارە بون، شتێکی نوێی تێدا نەبو لەخەیاڵدانی بینەردا بمێنێتەوە.