خەندان لایف
ئاساییە هاوسەران ناكۆك بن لەبارەی بابەتێكەوە و شەڕ بكەن و ئەوەش لایەنێكی راستەقینەی ژیانە، بەڵام ئەوەی كە لەمبارەیەوە مەترسیدارە، شەڕكردنە لە پێش چاوی منداڵەكان، چونكە چەندین كاریگەری نەرێنی لەسەر كەسایەتی و بیركردنەوە و رەفتاری منداڵ دروستدەكات، ماڵپەڕیی parenting for brain كاریگەرییەكانی خستوەتەڕو.
1. بچوكترین شەڕ، تەنانەت ئەگەر بە گاڵتەش بێت، منداڵەكەت توشی كێشەی تەندروستی دەكات، وەكو ئەوەی سیستمی بەرگری جەستەی لاواز دەبێت، سیستمی خەوی تێكدەچێت، بەردەوامی بیری نەرێتی دێت بە مێشكیدا و ئارەزوی خواردنی نامێنێت.
2. لەروی دەرونییەوە توشی فشار و دڵەڕاوكێ دەبێت، هۆڕمۆنی كۆرتیزۆلی بەرز دەبێتەوە.
3. هەست بە ترس دەكات و چیتر لای دایك و باوكی هەست بە پارێزراوی ناكات، رەنگە بگەڕێت لە دەرەوەی خێزانی ئەو هەستەی پڕ بكاتەوە.
4. متمانەبەخۆبونی لەدەست دەدات، بەتایبەتی لەناو هاوڕێكانیدا، خۆی بە كەمتر لە هاوڕێكانی دەبینێت.
5. ناتوانێت تێكەڵی كۆمەڵگا بێت و كەسێكی كۆمەڵایەتی بێت، لەبری ئەوە كەسێكی گۆشەگیری لێدەردەچێت.
6. كەسایەتییەكی توڕەی لێدەردەچێت، تەنانەت ئەگەری هەیە ئازار بە خۆی بگەیەنێت.
7. بەردەوام لۆمەی خۆی دەكات و پێی وایە ئەو هۆكاری دروستبونی ناكۆكیی نێوان دایك و باوكیەتی.
تێبینی: پێویستە دایكان و باوكان لەپێش چاوی منداڵەكانیان شەڕ نەكەن و ناكۆكیی دروستنەكەن، تەنانەت ئەگەر لەسەر بابەتێك ناكۆك بون و منداڵەكەیان لەو شوێنە بو، بێدەنگ بن و لە دواتردا بە تەنها لەبارەی گرفتەكەوە بدوێن.