خەندان لایف
منداڵان حەز بەوە دەكەن كە خۆیان ستایلی جلوبەرگی خۆیان دیاریبكەن و جلەكانیان هەڵبژێرن، پسپۆڕێكیش پێی وایە ئەمە سودی گرنگی هەیە و یارمەتی منداڵەكان دەدات متمانەیان بە خۆیان هەبێت.
دكتۆر ئەمەل بورشیك، راوێژكاری پەروەردە و خێزان پێیوایە دەبێت دایكان و باوكان سروشتی گەورەبونی منداڵەكانیان پەسەند بكەن، هەروەها هانی منداڵەكانیان بدەن بۆئەوەی خۆیان جلوبەرگی خۆیان هەڵبژێرن و ئەوەی دەیانەوێت بیپۆشن لە كاتی چونە دەرەوە و بازاڕكردندا.
لەوبارەیەوە دكتۆر بورشیك دەڵێت، "كاتێك منداڵێك بە ئازادی ئەوەی دەیەوەێت دەیپۆشێت و هەڵبژاردنی خۆیەتی، ئەوا بە شێوەیەكی ئەرێنیانە بیردەكاتەوە، شانازی بە خۆی و هەڵبژاردنەكەیەوە دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ شەرمێك لە خۆی ناكات و ئەمەش هانی دەدات زیاتر كۆمەڵایەتی بێت و تێكەڵی كۆمەڵگا بێت".
ئەو پزیشكە داوا لە دایكان و باوكان دەكات كە لە پیسبونی جلوبەرگی منداڵەكانیان نەترسن، چونكە ئەوە تەنها جلوبەرگە و پاش ماوەیەكی دیكە بۆی بچوك دەبێتەوە، بەڵام رێگەدان بەوەی خۆی ئەو كارە بكات، هەستی متمانەبەخۆبەون لە ناخیدا دەچێنیت.