خەندان لایف - خۆشناو محەمەد
تاراوگە وەهمەکانت ئاشکرا دەکات، تۆ پێتوابو لەتاراوگە چراکەی عەلائەدین دەدۆزیتەوە، هەمو ئەوەی پێویست بو بڵێیت؛ "بکرێوە سمسم، یەکسەر دەرگا دەکرێتەوە و دەبیت بەملیاردێر!"، قۆریە جادویەکەی علائەدین دێوێکت بۆ بانگ دەکات و چیت دەوێت بۆت فەراهەم دەکات، بەڵام کاتێک هۆش دەکەیتەوە بەدوای بازاڕ و دوکانێکدا دەگەڕێیت کاڵاو کەرەستەی زۆر هەرزانی لێبێت.
ون بون لەخەیاڵی هاندەران و دور لەوڵاتی خۆت لەبیرکردنەوە و پێویست دەرچوە و بۆتە دیاردەیەکی چاولێگەری، خەونەکانت هەموی دەبن بەهەڵم لەپێناو گەیشتن بەوڵاتێکی بێگانە، ترسناکە کاتێک بێ ناز و بێ ناسنامەیت، بەبێ کەس و کار و پشت و پەنا، بەبێ خاوەنێک ڕاوێژی پێبکەیت، یان کەسێکی نزیک بتوانیت پشتی پێببەستیت، بەبێ ئازیزێک نهێنی دڵتی بۆ باس بکەیت.
ون بویت، نازانیت ڕو لەکوێ بکەیت، ناشزانیت لەکوێوە دەست پێبکەیت، ڕوبەڕوی حەقیقەت و ژیانێک بویتەوە زۆر جیاوازتر لەژیانی ڕابردوت لەڕوی فیکر و ئایدۆلۆژیا و زمان و ڕۆحیەوە.
ئەوانەی پێشتر لەوێ بون ڕێنمایت دەکەن چی بکەیت، وە چی نەکەیت، لەوانە دڵسۆزت بن، یان لەوە ئەچێت ئەزمونی تایبەتی خۆیان بۆ تۆ بگوازنەوە، بیریان چوە هەمو ئەزمونێک تایبەت بەکەسێک و جیاوازە بۆ کەسێکی دیکە، پێویستە تێبگەیت هەمو ئەزمونێک یاساو ڕێسای خۆی هەیە و تایبەتە، یاساکانی پەنابەر لەکاتێک و لەوڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت.
کاتێک قسەت بۆ دەکەن گوێ دەگریت، باش گوێ دەگریت چونکە تەنهایت، ناشارەزایت، بەڵام پێویستە لەیادت بێت ئەوە حەقیقەتە نەک خەیاڵ و فەنتازیا.
لەوڵاتی بێگانە ون بون سەختە و ناتوانیت بەئاسانی کەسایەتی خۆت بدۆزیتەوە، هێزی دەوێت، ئیرادەی دەوێت، دەبێت خۆڕاگربیت، نابێت پەلەبکەیت، هەڵسوکەوتت باش بیت و پەلەی ئەنجامت نەبێت.
ئەو وێستگەی تۆی تێدایە داهاتوت دیاری دەکات، پێویستە باش بزانیت ئامانج لەکۆچ کردن بونیادنانی داهاتوە بۆ خۆت، نەک تەنها ڕاکردن لەو ژیانەی تێیدا بویت.
کۆچکردنی هەتاهەتایی پێویستە؛ زمان فێربیت، شارەزا بیت، ناسینی ڕێکاری حوکمڕانی و سیاسی و یاسایی ئەو وڵاتە، هەروەها هەڵسوکەوت و شێوازی بیرکردنەوەی خەڵکی ئەو وڵاتە.
ون بوون سەختە، بەڵام ئاشنات دەکات بەنهێنیە شاردراوەکانی ژیانی گەلێکی جیاواز، جەنگی ئەزمونێکی نوێ دەکەیت لەبنەڕەتەوە، هەندێک کات سەرکەوتو دەبیت، هەندێک کات شکست دەهێنیت، هەزار پاساوت هەیە، چونکە تازەیت و هیچ نازانیت، وەک ئەوەیە سەر لەنوێ لەدایب ببیتەوە، دەبێت هەمو شتێکی ژیان سەر لەنوێ فێر ببیتەوە، وڵاتێکی نوێ، زەویەکی نوێ و زمانێکی نوێ، سەخت و ئازار بەخشە.
یەکەم شت خۆت دەدۆزیتەوە، پێش ئەوانی دیک ، تەنها خۆتی و بیر دەکەیتەوە، هەزاران کیلۆمەتر دوریت جگە لەبیرکردنەوە چارەیەکت نییە، ئەو زاتەی پێشتر نەت ئەناسی کەخودی خۆتی ئەمڕۆ دەیناسیت، لەوێ لاوازیت دەناسیت، ئەخلاق و بنەڕەتی ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەوەکانت دەناسیت، لەوێ دەستپاکی و داوین پاکی و نەزاهەی ڕەوشتی خۆت دێتە مەیدان، ئایا ناوەکان دەگۆڕیت یان نا.
ئایینەکەت، شوناسنامەت، هەمو ئەوانە دەکەونە ژێر پرسیار لەکاتی تەنهاییت، لەوێوە ئاشنا دەبیت بە سنوری هەوڵ و کۆشش و خۆراگری و تێگەیشتنت، ئیدی تێدەگەیت ئایا بەرگەی ئەو هەمو زریانە دەگریت یان نا، لەوێوە ماهیەتی باوک و دایک دێتەوە یادت، لەوێ ئاشنا دەبیت بەوەهم و خەیاڵەکانت.
لەوێ دەر دەکەوێت دەتوانیت زۆر ئیش هەیە بیکەیت کە پێشتر ئامادە نەبویت بیکەیت و دەت وت ناتوانم بیکەم، کۆمەڵێک ئیش و کار ئامەدە نەبویت لەوڵاتی خۆت بیکەیت، لەوێ هەمو شتێکت ئاشکرا دەبێت، کەم و کوریەکانت، نهێنی هاوڕێکانت، ماسکەکانت فڕێ دەدەیت، وەک پاییز وایە گەڵاکانت ئەوەرێنێت و سەر لەنوێ دروستدەبیتەوە.
زۆرێک لەوانە کۆچ کردنیان هەڵنەبژاردوە ناچارکراون، ئاواتە خواز نەبون نیشتیمانی خۆیان بەجێبهێڵن، بژاردەیەکی دیکەیان نەبوە لەژیاندا، هیچ کام لەو گەنجانە کارمەندێکی دەسەڵات یان سیاسیەکی ناشیرین نەبوە، زۆرجار بەخراپە کار و دوژمن ناوزەد دەکرێن، ئەو گەنجانە تەنها تاوانیان ئەوەیە نەیان ویستوە چاوەڕێی ئاییندەیەکی نادیار بکەن، لەنێوان شەو و ڕۆژێکدا بڕیاریانداوە کۆچ بکەن و نەمەترسیدار بون و نەچەکدار، تەنها وتویانە نا.
دڵ وابەستەی نیشتیمانی خۆتە و بەزویی دەبێت ئامانجەکەت دیاری بکەیت، فیکر و خەیاڵت لای ئەوەیە کەی زو بگەڕێیتەوە بۆ وڵاتی خۆت، خەونەکانی ناڕونن و پەلەیەتی، دڵ لەسنگدا خۆی ناگرێت، کەمن ئەو گەنجانەی ڕازی دەبن بەوەی ڕویدا و بیر لەئاییندە دەکەنەوە و ڕابردو لەیاد دەکەن، ئەمەش کاريکی سەختە و ئاسان نییە.
لەوڵاتی بێگانە
دوژمن لەبەردەمیەتی و دەریا لەدواوەیەتی، لەوڵاتی بێگانە ئازادی هەیە و یاسا هەیە، لەماڵەوە دەنویت و ناترسیت، ناترسیت لەوەی سبەی بەتاوانێک سزابدرێیت کە ئەنجامت نەداوە، ناترسیت لەبەردەم یاسا، چونکە مافت هەیە و دەتوانیت بەرگری لەخۆت بکەیت، لەوێ پارێزەر هەیە و پشتیوانیت دەکات، تەنانەت پارێزەرەکە ناگیرێت وەک ئەوەی لەوڵاتەکەت دەگیرێت.
ئازادی لەوێ تەنها لەناو سیاسیەکاندا باس ناکرێت، بەڵکو پەیوەستە بەژیانەوە بەگشتی، ئازادیت لەوەی چی دەکەیت مادام زیانت بۆ کەس نیە، کەس پێناڵێت؛ بۆ وا دەکەیت، بۆ ئەو کارە دەکەیت؟ کەس بەچاوی دوژمن سەیرت ناکات، ئازادیت چی دەپۆشیت، کەی و چی دەخۆیت، ئازادیت لەبیر و باوەڕ و بیرکردنەوەکانت و باوەڕەکانتدا.
بیر بکەرەوە ئازادیت کەی گەشت دەکەیت؟
ئەفسەرێک لێت ناپرسێت : بۆ گەشت دەکەیت بۆ فڵانە وڵات؟
کاتێک بگەڕێیتەوە لێت نەپرسێ!
لەوێ چیت کرد؟
دیمەنی گەنجانی وڵاتانی بێگانە پڕیەتی لەنهێنی ئازاری شاردراوە، زۆرێک لەخەڵکی حەقیقەت نابینێت، لەڕاستیدا ژیانی خۆت بژی و گوێ بەکەس مەیە، خۆت بەکەم مەزانە و شانازی بەخۆتەوە بکە، ڕێزگرتنی وڵاتی بێگانە خیانەت نییە بەرامبەر خاک و نیشتیمانی دایک، کۆمەڵگای نوێ زۆر شتت پێشکەشت دەکات پێویستە تۆش لەبەرامبەردا پاداشتی بدەیتەوە.
خێمەکەت بڕوخێنە و خانوەکەت دروستبکە، تۆ هاتویت بژیت نەوەک بوەستیت،
دەزانیت مانای ئەوە چیە بژیت؟
ئەی گەنجی کۆچکردو، ئەوەی بەدوایدا دەگەڕایت دۆزیتەوە؟
لەوە دەچێت، لەوەش دەچێت دڵت بەکۆمەڵێک شت خۆش کردبێت لەبری خەون و خەیاڵەکانت، خەونەکانت گوڕیبێت، وە فێر بویت هەموو بژاردەیەک باجی هەیە، مانەوە لەوڵاتی خۆشت باجی هەیە، کۆچکردن باجی هەیە، تۆ دەبێت بڕیار بدەیت کام باجەیان دەدەیت.