خەندان لایف
كەسانی نزیك و خۆشەویست رۆڵی گەورەیان هەیە لە چارەسەركردن و باشتربونی دۆخی ئەو كەسانەی توشی نەخۆشی شیزۆفرینیابون، كە ئەم نەخۆشییە گرفتە لە مێشکدا، ئەم کێشەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسەکە هەندێک دەنگ ببیستێت، هەندێک شت ببینێت یان باوەڕی بە هەندێک شت هەبێت کە بونیان نەبێت، لە هەندێك وڵات بە نزیکەیی لە سەد کەس کەسێک گرفتارە بەم نەخۆشییەوە.
كاتێك كەسێكی نزیكت یان كەسێك كە رۆژانە بەركەوتنت لەگەڵی هەیە و توشی ئەم دۆخە بوە، بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بكە.
1. قبوڵی بكە كە نەخۆشی هەیە و ناتوانیت وەكو كەسێكی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ بكەیت، هەربۆیە هەمو شتێك بكە بتوانێت چێژ لە ژیان ببینێت.
2. بەردەوامبە لەوەی گاڵتەی لەگەڵ بكەیت و قسەی خۆشی بۆ بكەیت، بەڵام وریابە گاڵتەكانت بەشێوەیەك نەبن هەستەكانی ئازاربدەیت.
3. دەربارەی نەخۆشییەكە بخوێنەرەوە و ئاستی زانیارییت باشتر بكە، بەمشێوەیە باشتر دەتوانیت لە بیركردنەوەكانی تێبگەیت.
4. هەوڵبدە فشاری دەرونی لەسەر كەمبكەیتەوە، چونكە زۆر خراپە بۆی، ژینگەیەكی بۆ بڕەخسێنە كە هەست بە ئاسودەیی بكات تێیدا.
5. ئارامیت بپارێزە و واقیعیانە بە لەگەڵی، یارمەتی بدە ئامانجی هەبێت و هەوڵی بۆ بدات.
6. پاڵپشتی بكە و هاندەری بە، قبوڵی بكە كە ناتوانیت بە تەواوی كۆنترۆڵی هەمو شتێك بكەیت، تەنها ئەوەندەی پاڵپشتی بیت بەسە.