سەروەت و سامانی دەوڵەمەندترین ژنەکان؛ لەجیهانی کەرەستەکانی جوانکاریدا

11:58 - 29/03/2023

2804جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف - خۆشناو محەمەد 

بازاڕی جوانکاریەکانی خانمان لەجیهاندا ساڵانە بە ملیارات دۆلار قازانج و داهاتی هەیە، لەساڵی 2021 دا، لەبواری جوانکاری و مەیکئەپ دا بازاڕ (80.74) هەشتا ملیار و حەفتاو چوار ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوە، بەپێی زانیاریەکانی بازاڕی (Statista) داهاتی جوانکاری خانمان لەساڵی 2026 دا دەبێت بە (131) ملیار دۆلار.


خانمان نهێنی پشت ئەو ژمارە زۆرەی مەیکئەپ و کەرەستەکانی جوانکارین، خانمان بونەتە هۆکاری گەشە کردنی بازاڕی مەیکئەپ، زۆرێک لەئەکتەر و گۆرانیبێژ و نمایشکار و سەرمایەداری خانمان چونەتە ئەم بوارەو پارە پەیدا دەکەن، بەجۆرێک ناویان لەناو لیستی ملیاردێرەکانی جیهاندایە.

لێرەوە گەورەترین ڕوخسارەکانی خانمانی جیهانی مەیکئەپ و خاوەنی براندە جیهانیەکانتان پێ دەناسێنین:

ڕیحانە؛ سامانەکەی (1.4) ملیارێک و چوار سەد ملیۆن دۆلار 

ڕاستە ڕیحانە گۆرانیبێژە و تەمەنی (35) ساڵە، بەڵام زۆرینەی داهات و ملیارات دۆلاری لەبواری جوانکاری خانماندا پەیداکردوە، بەپێی زانیاریەکانی گۆڤاری فۆڕبس-ی ئەمریکی، سەرەتا وەک گۆرانیبێژ دەستبەکاربو، بەڵام دواتر لەجیهانی مەیکئەپی خانماندا ملیارات دۆلاری دەستکەوت، ئەو سەروەتە گەورەی کۆیکردۆتەوە ناوی چوە ناو لیستی ملیاردێرەکانەوە، هەمو ئەو پارە زەبەلاحەی لەڕێگەی براندی (Fenty Beauty) جوانکاری خانمانەوە بەدەستهێناوە، لەساڵی 2017 دا ئەو براندەی دروستکرد، ڕیحانە کۆمپانیاکەی گەورەکرد بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (LVMH)ی فەرەنسی.



بات ماکگراس؛ کۆمپانیای جوانکاری خانمانی یەک ملیار دۆلاری

بات ماکگراس ی پسپۆڕی جوانکاری بەریتانی تەمەن 57  ساڵ، خاوەنی کۆمپانیایەکە بە یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت بەپێی ماڵپەڕی گۆڤاری فۆربس، گۆڤارەکە ناوبراوی لەلیستی ئەو ملیاردێرانەدا داناوە تەمەنیان لەسەروی پەنجا ساڵەوەیە لەساڵی 2022 دا.

ماکگراس خاوەنی کۆمپانیایەکی گەورەی کەرەستەی جوانکاری خانمانە بەناوی (Pat McGrath Labs) لەساڵی 2015 دا دروستبوە، بەخێرایی گەشەیکرد تا نرخ وبەهای گەیشتە یەک ملیار دۆلار.

ئەمە لەکاتێکدا ناوبراو نە لەخول نەهیچ شارەزاییەکی هەبو لەو بوارەدا، بەڵام لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە توانی ناوبانگێکی گەورە پەیدابکات، لەئێستادا زیاتر لە چوار ملیۆن و شەش سەد هەزار بینەری هەیە لەسەر ئینستگرام.


ئەناستازیا سوار؛ سامانەکەی (660) شەش سەدو شەست ملیۆن دۆلار

پسپۆڕی جوانکاری خانمانی ئەمریکی ڕۆمانی، ئەناستازیا سواری تەمەن 65 ساڵ، خاوەنی سەروەتێکی 660 ملیۆن دۆلاریە، بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی گۆڤاری فۆرب ی ئەمریکی، ئەو لەلیستی دەوڵەمەندەکاندا لەپلەی 38 دا دێت لەساڵی 2022 دا، ئەمە لەکاتێکدا ناوبراو ئەو ساتەی ڕودەکاتە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەک پەنابەر زمانی ئینگلیزی نەزانیوە، وە نەیتوانیوە کارتی پشتیوانی بەدەستبهێنێت.

سەرەتا ئەناستازیا لەساڵۆنێکی جوانکاریەوە دەست بەکاردەکات، لەپاش 3 ساڵ، وە بەتایبەت لەساڵی 2000 دا، هەڵدەستێت بەنمایشکردنی پێویستیەکانی برۆی خانمان بەناوی (Anastasia Beverly Hills) لەو ڕێگەوە توانی ناوبانگ پەیدابکات لەسەر گیرفانی دەوڵەمەندەکان و ناودارەکانی جیهان، دواتر هێڵی جوانکاری تایبەت بەخۆی دروستکرد.

لە ساڵی 2018 دا لەڕێگەی کۆمپانیای (TPG) پشکەکانی پەرەپێدا، کە بە 3 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرا.


کایلی جێنەر؛ سامانەکەی 600 شەش سەد ملیۆن دۆلاری ئەمریکی

ئەستێرەی حەقیقەتی تەلەفزیۆنی ئەمریکی کایلی جێنەری 25 ساڵ، سامانەکەی بە 600 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی،  لەلیستەکەدا ژمارە 41.

بچوکترین ئەندامی خیزانی کارداشیان، ئەو سەروەتەی لەڕێگەی کەرەستەکانی جوانکاری خانمانەوە کۆکردوەتەوە، ئەو لەساڵی 2015 دا هاتە ناو ئەم بوارەوە، ئەو کات 250 ملیۆن دۆلار لەداهاتی خۆی بەکارهێنا وەک نمایشکار لەپێناو براندێکی تازەی قەڵەم لێودا.


لە ساڵی 2020 دا کایلی لە %51ی کۆمپانیاکەی (Kylie Cosmetics) فرۆشت لەبازاڕدا بەبەهای 600 ملیۆن دۆلار، پێش باج توانی 540 ملیۆن دۆلار بەدەست بهێنێت، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو کۆمپانیا بچوکترە لەوەی ئەو خێزانە بانگەشەیان بۆ دەکرد، دواتر کایلی نازناوی ملیاردێری لەدەستدا، بەڵام لەئێستادا خاوەنی %44ی ئەو کۆمپانیای جوانکاری خانمانەیە.


هودا قەتان؛ سامانەکەی 400 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی

پسپۆڕی جوانکاری خانمانی ئەمریکی هودا قەتانی عێراقی تەمەن 39 ساڵ، سامانەکەی بە 400 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی، لە لیستەکەدا ژمارە 69ی گرتوە.

قەتان کارمەندێکی دڵخۆش نەبو لەکارەکەیدا، لەساڵی 2010 دا دەستی لەکارکێشایەوە، دواتر وەک هونەرمەندی جوانکاری دەستبەکاربو، پاش سێ ساڵ لەگەڵ خوشکێکیدا کۆمپانیایەکی جوانکاری دامەزراند بەناوی (Huda Bueaty) برژانگی دەستکردیان دەفرۆشت، لەئێستادا زیاتر لە 140 جۆری لێدەفرۆشن لەگەڵ لەماعی لێودا، ساڵانە نزیکەی 200 ملیۆنی  لێدەفرۆشن، هودا لەسەر ئینستگرام پەنجا ملیۆن بینەری هەیە دەڵێت: هەرگیز پارەی لە ریکلامدا سەرف نەکردوە.

هەندێک لەپشکەکانی کۆمپانیای ناوبراو لەساڵی 2017 دافرۆشران و کۆمپانیای (TSG Consumer Partners) پشکێکی بچوکیکڕیەوە کە بە 102 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، هودا کۆمپانیای دوەمی لەدوبەی دامەزراند لەساڵی 2018 دا، کە کۆمپانیای بۆنە بەناوی (Kayali).