خەندان لایف
خانمە مۆدێل، جۆرجینا رۆدریگێز ئاشكرایكرد كە تا ئێستا سێ جار منداڵی لەبارچوە پێش ئەوەی كوڕەكەی گیانلەدەستبدات.
جۆرجینا لە نوێترین دۆكیومێنتاریدا كە لە نێتفلیكس بڵاوبوەتەوە، باس لە قۆناغەكانی ژیانی دەكات، ئاشكرایكرد كە پێش ئەوەی كوڕەكەی، كە دوانەی بێلا ئیسمیریلدا بو، گیانلەدەستبدات، سێ جار لەگەڵ كریستیانۆ ئەزمونی لەبارچونی منداڵی كردوە.

ئەو خانمە مۆدێلە باسیلەوەكرد كاتێك سكی بە دوانەكەی كۆتایی هەبو، ترسی گەورەی لا دروستبوە كە دوبارە منداڵەكانی لەدەستبدات، بەڵام لەو دوانەیە كچەكەی زیندو مایەوە و كریستیانۆ یارمەتیدەری بوە بەسەر ئەو كاتە ناخۆشانەیدا زاڵ بێت و بەردەوام پاڵپشتیكەری بوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، "ئێستا ئەوەی بۆ من لەپێشینەیە، خێزانەكەم و منداڵەكانمن، زۆر سوپاسگوزار و دڵخۆشم".
جۆرجینا خاوەنی دو كچە بەناوەكانی ئالانا مارتینا و بێلا ئیسمیرالدا، هەروەها كریستیانۆ خاوەنی دو كوڕ و كچێكی دیكەیە لە خۆشەویستەكانی پێشوی بەناوی جونیەر، ماتیۆ و ئیڤا ماریا.
