خەندان لایف - خۆشناو محەمەد
کام لەئێمە پینۆکیۆ ناناسێت، ئەو مناڵەی لەدار دروست کرابو، یەکێک لەبەناوبانگترین چیرۆکە کارتۆنیەکانی مناڵی، ئەو چیرۆکەی (دیزنی) لەچلەکاندا هەڵیبژارد و کردیە فیلم کارتۆن بۆ مناڵان، چیرۆکێک پڕ لەهەیەجان و خەم و دڵخۆشی، بەڵام چەند کەس لەئێمە ئاشنایە بەحەقیقەتی ئەو چیرۆکە ڕاستەقینەی لەپشت ئەم چیرۆکە ساختەوەیە؟
ئەگەر سەردانی گوندی (کۆلۆدی)ی ئیتاڵی بکەیت، لەخۆر ئاوای شاری فلۆرەنسا، بۆ ساتێک وێنای ئەوە دەکەیت تۆ لەباخێک لەباخەکانی بەهەشتیت، باخچەیەکی گەورەی گوڵ و دار و درەختی ناوازە، جوانی دیوار و نافورەکان، سەوز پۆشی زەویەکەی لەدەوری خانوە بەردینەکان، لەخەیاڵدانی مرۆڤدا بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە.
بەم شێوە (کارول لورینزی) مناڵ ، ژیانێکی ئاسایی لەگەڵ کەس و کار و کاروباری رۆتینی دەژی، پێش ئەوەی ببێت بەگەنجێکی تەواو دەستدەکات بەنوسینی چیرۆک لەژێر ناوی (کارلۆل کۆلۆدی) دا ، دەبێتە پسپۆڕی نوسینی سیاسی و گاڵتە ئامێز.
لەساڵی 1881 دا، دەستدەکات بەبڵاوکردنەوەی زنجیرەی چیرۆکەکانی لەڕێگەی گۆڤاری (جۆرناڵ بیر ئی بامبینی ) سەبارەت بەجیبیتۆ، دروستکەری بوکەڵە تەختەییەکان، دواتر بیرۆکەی ئەوەی بۆ دروستدەبێت بوکەڵەیەکی تەختە دروست بکات، خاوەن لوتێکی درێژ ، وە ناوی نا (بینیکیۆ) لەپڕێکدا دەزانێت بوکەڵەکە گیانی تێدایە، دواتر دەبێتە مناڵێکی سەیر و خاوەن هەڵس و کەوتی سەیر.
لێرەوە جیبیتۆ هەوڵدەدات بینیکیۆ ببێتە کوڕێکی باش، بەڵام لەپاش یەکەم درۆکردنی لوتی گەورەتر دەبێت، ئیدی لێرەوە پاش هەمو درۆیەک لوتی زیاتر و زیاتر درێژ دەبێت.
لەمێشکی ( کارلۆ ) دا لەساتەوەختی نوسینی چیرۆکەکەدا درۆکانی سیاسیەکان و فێڵەکانیان بەگاڵتەجاڕانە وێنا دەکات، ئەو پێی وابو زۆربەی مناڵانی وڵاتەکەی توانای ژیانێکی باشیان نییە، لەبەر هەژاری و نەداری مناڵەکان دەناڵێنن، لەڕێگەی نوسینەوە گەرمیان بکاتەوە و لەسەرمای زستان و کەشی خراپی حکومڕانی دوریان بخاتەوە.
لەناوەڕاستی چیرۆکەکەیدا دژایەتی هەژاری و نەخوێندەواری دەکات، ئەو پێیوایە، ژیانی نەداری و برسێتی مناڵانی وڵاتەکەی بەرەو پیاو کوژی و تاوان رادەکێشێت، لەو سۆنگەوە پێیوابو خوێندن و وشیاری دەتوانێت ڕێگری بکات، ژیانێکی باش بۆ ئاییندەی مناڵەکان دابین بکات.
تێڕوانینی توندی کارلۆ بۆ ژیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژیانە سەختەی بەمناڵی بەسەری بردوە، لەگەڵ جوانی ئەو گوندەی تێیدا گەورە ببو، خێزانەکەی و زۆربەی خێزانەکانی دیکە لەناو کار و نەبونی هەژاریدا دەتلانەوە، چوار برای بەمناڵی مردبو لەتاو نەبونی و برسێتی، ئیدی سەخت بو لەژێر ئەو بارە قورسە دەرچێت، نوسینەکان و چیرۆکەکانی ڕەنگدانەوەی ژیانی بو.
کارلۆ لەناو چیرۆکەکانیدا خاوەنی هێزێکی جادوییە کە دەتوانێت مناڵەکان زیندو بکاتەوە لەپاش مردنیان، ئەو پێیوابو بەمشێوە دەتوانێت قەرەبوی براکانی بکاتەوە لەتاو برسێتی مردن.
لەزۆربەی چیرۆکەکانی هەوڵدەدات براکانی رزگاربکات، ئەمەش لەژیانی کارلۆدا کاریگەری پێچەوانەی هەبو نەیتوانی ژیانی هاوسەرگیری ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی منداڵ دروست نەبێت هەمان ئەنجام و چارەنوسی براکانی هەبێت، لەکاتێکدا پاڵەوانی چیرۆکەکەی (بینیکۆ) خۆشەویستیە بەڵام دواتر لاواز دەبێت و دەکەوێتە دەست کۆمەڵێک تاوانبار، لەو ساتانەدا دەگات بەکچێکی قژ شین هەوڵ دەدات ڕزگاری بکات.
زۆربەی چیرۆکەکانی کەسایەتیەکان لەحەقیقەتدا بونیان هەبوە، یان لەگەڵیان ژیاوە، یاخود دیداری لەگەڵ ساز کردون، چیرۆکەکانی سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست هێناوە، زۆربەی خوێنەران داوایان کردوە دوبارە چاپ بکرێتەوە، دواتر لەساڵی 1883 دا دوبارە دەست دەکاتەوە بەنوسین و لێرەوە دەرگای بەناوبانگ بونی کارلۆ دەستپێدەکات، ئیدی لەژیانی تاڵی هەژاری ڕزگاری دەبێت، لەو ژیانە جیاوازەدا کەم ژیا لەساڵی 1890 کۆچی دوایی دەکات، بەڵام چیرۆکەکانی زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرد بەزیندویی مانەوە.
تۆڕی دیزنی لەساڵی 1940 دا یەکێک لەچیرۆکەکانی دەکرێت بەفیلم و یەکەم دەستکاری چیرۆکەکانی وەک شێواندن نمایش دەکرێت، بەڵام چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی نەهات، ناوبانگ و چیرۆکەکانی بەتەواوی وڵاتاندا بڵاوبویەوە، کۆپی ڕاستەقینەی چیرۆکی (بینیکیۆ) گەیشتە دەست خوێنەران، ئیدی دەسەڵات بڕیایدا ئەو پارچە زەویەی کارلۆ لەسەری ژیابو بەمناڵی بکرێتە باخچەیەکی نمونەیی بۆ مناڵان.
لەبەریتانیاوە پسپۆڕی نەقاشی گەیشتنە ئیتاڵیا تا لەناوەڕاستی باخچەکەدا پەیکەری بینیکیۆ دروست بکەن، پاش ساڵانێک نوسەران و لێکۆڵەرانی ئەدەبی گەشتیان کرد بۆ بینینی هەمان ئەو شوێنەی کارلۆی لێژیاوە، ئەوکات زانیان کارلۆ چیرۆکەکانی لەروداوی ڕاستەقینەوە هێناوە، یەکەم زانیاری تازە ئەوە بو ئەو کچەی لەناو چیرۆکەکاندا باسی کردوە هەمان ئەو کەسەیە لەپشت روداوەکانەوەیە و ئەو بەکارلۆی وتوە، چیرۆکەکانت با بەو شێوەیە بن، ناوی ڕاستەقینەی (جیوڤانا رۆجینێری) یە.
قژێکی شین و روخسارێکی جوان، چاوەکانی گەش بون ، ژیانێکی سادەی هەبوە، هیچ روداوێک نەبوە لەژیانیدا تا کارلۆ بیکات بەچیرۆک، هەمو ئەو کەسانەی کارلۆ لەگەڵیان ژیاوە لەگوندەکەدا ئیلهام بەخش بون بۆ کارلۆ و چیرۆکەکانی، بەڵام لەڕاستیدا ژیانیان بەو شێوە تاڵ و سەخت نەبوە.
کارلۆ بەم شێوە پەیامەکانی گەیاندوە بەدەسەڵات و خوێنەرەکانی، چیرۆکەکانی کارلۆ وەرگێڕدراوە بۆ زیاتر لە (300) زمان لەجیهاندا، چیرۆکەکانی لەکاتی گێرانەوەدا ژانەری درامی و شەڕەنگێزین، کارلۆ دەرگایەکی کردەوە بۆ مناڵانی جیهان تا ئەم ساتە مناڵان چیرۆکەکانی دەبینن و دەیخوێننەوە.
کارلۆ ڕۆشت، بەڵام چیرۆکەکانی کارلۆ خۆیان دەدوێن بەشێوەیەک لەشێوەکان .