خەندان لایف - خۆشناو محەمەد پاڵەوانيتی ڕۆبەرت دینیرۆ، جۆن مالکۆڤیتش، جاک هیوستن، فیلمەکە نمایشکرا و لەچاو تروکانێکدا ناوی نەما، بەبێ ئەوەی هیچ داهاتێک و هیچ خەڵات و ناوبانگێک پەیدا بکات،تەنانەت لەسەر لاپەڕەی (alRotten Tomatoes) هەڵسەنگاندنی بینەران لە %26 بو، قەبارەی هەڵسەنگاندن لەپێگەی (IMDb) 4.6 بو. سیناریۆیەکی پەرتەوازە: ڕوداوەکانی فیلمەکە باس لەیەکێک لەشارۆچکەکانی ئەمریکا دەکات، لەوێ ئاشنا دەبین بەجۆن شێلبی، (جاک هیوستن) ئالودەی ماددە هۆشبەرەکان، لەیەکێک لەکارگەکان کار دەکات، ژیانی بەشێوەیەکی جیاواز دەگۆڕدرێت لەو ساتەوە لەگەڵ خۆشەویستەکەی دەبنە هاوسەر، ڕۆبی (ویلا فیتز جیرالد) لەدونیای ئالودە بون دوردەکەوێتەوە. پاش ماوەیەک یەکێک لەبازرگانەکانی ماددە هۆشبەر فشاری ئەوە دەکات لەژنەکەی کاتێک تەنهایە بەفێڵ و درۆ باوەڕی پێدەهێنن کە هاوسەرەکەی گەڕاوەتەوە بۆ کێشانی ماددەی هۆشبەر، بەهۆی زیادەڕەویی کردنەوە لەکێشانی ماددەی هۆشبەر گیانی لەدەستدەدات. لەپاش مردنی هاوسەرەکەی شێلبی بڕیار دەدات تۆڵەی خۆشەویستەکەی لە هەمو ئەو کەسانە بکاتەوە هۆکار بون بۆ مردنی، لێرەوە یەک لەدوای یەک بەدوای تاوانبارەکاندا دەگەڕێت، لەڕێگەی ئەو ماڵ و شوێنانەی ماددەی هۆشبەری تێدا دەفرۆشرێت. لەدوای خۆیەوە لافاوی خوێن وەک ئاسەوار بەجێدەهێڵێت، ئەفسەرێکی پۆلیس شوێن پێکانی هەڵدەگرێت (رۆبەرت دینیرۆ)، پێش ئەوەی توندو تیژیەکان زیاد بکات و ببێتە هۆکاری ئەوەی خۆی لەناویدا تیابچێت. چیرۆکی فیلمەکە زۆر شپرز و بەربڵاوە، دوابەدوای زنجیرەیەک کوشتن و کۆتاییهێنان بەئەندامانی دابەشکردن و بازرگانی کردن بەماددو هۆشبەرەکانەوە. سیناریۆی فیلمەکە لەئاستی بینەرەكاندا نییە، ئەو كەسانەی بە وردی سەرنج دەدەن دەزانن كە سیناریۆی تۆڵە کردنەوە لەناو فیلمەکەدا نزیکەی (40) خولەک دەخایەنێت، بەبێ حەقیقەتێکی بنەڕەتی ناساندنی کەسایەتیەکان، تەنانەت پاڵەوانەکان و کاراکتەرەکان، لەو ماوەی سەرەتای فیلمەکەدا، تەنها جەخت لەژیانی خۆشەویستی و تاوانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان کراوەتەوە. خێزانێک تیمی سەرەتایی فیلمەکە پێکدەهێنێت، نزیکەکانی کچەکە (رۆبی) لەوانە خوشکەزاکەی (جۆن مالکۆڤیتش) دواتر هیچ ڕۆڵێکیان نامێنێت، هەروەها توانا و هێز و تەکنیکی پاڵەوان رەخنە زۆر هەڵدەگرێت لەروبەروبونەوەی تاوانبارەکاندا. ئەم سیناریۆ لاوازە لەهەمان کاتدا دەرهێنەرێکی ئاسایی کاری دەرهێنای بۆ کردوە (راندال ئیمیت) دوەم کاری سینەمایی ئەو دەرهێنەرەیە، یەکەم فیلمی ناوبراو (Midnight in Switchgrass) ئەو فیلمەی خاوەنی دیدگایەی خەیاڵی ئاڵۆز بو، بەهۆی بەشداری ئەکتەری ناودار (بروس وێڵس)ـوە، تەنانەت ئەو فیلمەش لەماڵپەڕی تەماتە گەنیوەکە تەنها لە %8 دەنگەکانی بەدەست هێنا. ژیانێکی گەورە و خاڵێکی ڕەش: ڕۆبەرت دینیرۆ خاوەنی کەسایەتیەکی گەورەیە لەجیهانی سینەمادا، یەکێکە لە خاوەن بەهرە جوانەکان، بەهۆی توانا ناوازەکانی لەبواری نوندندا، لەفیلمەکانی (Raging Bull) و (The Godfather) پاشخانێمی گەورە لەگەڵ مارتن سکۆرسیزی، هەمو ئەمانە وادەکات ئەم نواندنەی لەم فیلمەدا زۆر لاواز و بێمانابێت، ڕۆبەرت دینیرۆ سەرکەوتو بوە لەبواری نواندندا تەنانەت لەفیلمێکی وەک (the intern) ژانەری فیلمەکە کۆمیدیا یە، دینیرۆ ڕۆڵی خانەنشین بویەک دەبینێت، لەتەمەنی (70) ساڵیدا، لێرە دینیرۆ کەسایەتی (ڤیتۆ کۆرلیۆنی) نییە، بەڵام نواندنەکەی توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت، بەزیرەکی و لێهاتویی خۆی توانی بینەران سەرسام بکات. بەدرێژای بیست و پێنج ساڵی ڕابردو دینیرۆ بەردەوام خاوەنی رۆڵی و ناوازە و کەم وێنە بوە، کاتێک بینەر سەیری پانتایی سینەمایی ئەم پیاوە دەکات نزیکەی (95) فیلم دەبینێت، ئەوکات تێدەگەیت ئەم گەوهەرە لەحەفتاکان و هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو درەوشاوەتەوە، بەڵام ژیانی ناوداری ئەم پیاوە لەسەدەی بیست و یەکەمدا پچڕا. لەو فیلمانەی دیکەی لەئاست پێویستدا نەبو، فیلمی (Dirty Grandpa)، لەساڵی 2016دا، لەماڵپەڕی تەماتە گەنیوەیە لە %10ی دەنگی بەدەستهێناوە. فیلمی (Savage Salvation) دەکرێت بخرێتە لیستی خراپترین فیلمەکانی دینیرۆ، ڕۆڵەکەی زۆر لەئاستێکی نزمدا بو، هەمو ئەکتەرێت ڕوبەڕوی هەڵەی لەم شێوە دەبێتەوە، هەواڵی خۆش ئەوەیە ئەمساڵ وابڕیارە دینیرۆ لەڕێگەی دەرهێنەر (مارتن سکورسیزی) بگەڕێتەوە سینەما لەفیلمی (killers of the flower moon) بکوژانی گوڵی مانگ، لەو فیلمەدا (لیۆناردۆ دیکاپریۆ) بەشداردەبێت.