سینەما ئیدگار ئالان پۆ لەپاش 174 ساڵ بەسەر مردنی، زیندودەكاتەوە

10:22 - 02/02/2023

1157جار خوێندراوەتەوە


خەندان لایف - خۆشناو محەمەد 

شێوازی ڕێزگرتن لەکەسانی بەهرەمەند لەژیاندا، لەبوارەکانی نوسین و هۆنراوە، یان هونەر، یان زانست، یان لەبوارەکانی دیکەدا جیاوازە، بەڵام لەسەر ستەیج و لەپێش چاوی هەواداران ڕێزلێنانی پێشکەش دەکرێت، یان بڕێک پارەی دیاریکراو، زۆرێک ناوەکانیان دەنرێت لەکۆڵان و شەقامەکان، لەشوێنە گشتیەکان تا ناویان بەزیندویی بمێنێتەوە.

دەرهێنەر، سکۆت کوپەر پێچەوانەی ئەم دابونەریتەی کۆمەڵگا، کاتێک بڕیاریدا خەڵاتی (ئێدگار ئالان پۆ)ی نوسەر، شاعیر، ڕۆژنامەنوس و پێشەنگی خەیاڵی پۆلیس لەڕۆژئاوا  بکات، هەستا بەزیندو کردنەوەی لەناو سیناریۆی فیلمی (The Pale Blue Eyes)دا، کەلەئێستادا لەسەر شاشەی نێت فلێکس نمایش دەکرێت،وەک ڕۆڵی ئاسایی خۆی لەژیاندا لەناو چیرۆکی فیلمەکەدا ڕۆڵ دەبینێت.

ئێدگار ئالان پۆ؛ لەناو فیلمەکەدا چارەسەری مەتەڵ و نهێنیەکانی تاوانە شاراوەکانە، لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا تاوانێک لەناو ئەکادیمیای سەربازی نیۆیۆرکدا رودەدات، فیلمی (The Pale Blue Eyes) لەڕۆمانێکی (لویس بایارد) وە وەرگیراوە کە هەمان ناوی فیلمەکەی هەیە، لەساڵی 2003 دا بڵاوکراوەتەوە، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا، پاڵێورا بۆ زۆر خەڵات لەوانە؛ خەڵاتی، ئێدگار ئالان پۆ-ی ئەدەبی.

فیلمەکەی سکۆت کوپەر دەمانبات بۆ ناو کەشوهەوای سارد و شکی ئەو زەمەنەی نیۆیۆرک، بەفر هەمو شتێکی سپی پۆش کردوە، مرۆڤەکان لەجیهانێکی خۆڵەمێشیدا دەژین، تەم هەوو شتێکی شاردۆتەوە، سەرەتای چیرۆکی فیلمەکە لەدۆزینەوەی تەرمێکەوە دەست پێدەکات، لەناو ئەکادیمیای وێست پۆینت ی سەربازی نیۆیۆرک دا.

کاتێک پاسەوانەکان تەرمی خوێندکارێک دەدۆزنەوە، لەگەڵ سەختی ڕاهێنانەکان، بەڵام ئەوە یەکەم جار بو خوێندکارێک خۆی بکوژێت، خێرا ئاشکرا دەبێت سنگی ئەو تەرمە هەڵدڕاوە و دڵی دەرهێنراوە، ئیدی گومانەکان زیاتر دەبێت لەوەی ئەم کردەوە خۆکوژی نەبوە بەڵکو کوژراوە.

بەڕێوەبەری ئەکادیمیاکە بەناچاری لێکۆڵەرێکی خاوەن ئەزمون بانگهێشت دەکات بەناوی (ئۆگەستس لاندۆر) ڕۆڵی ئەم کاراکتەرە ئەکتەری بەناوبانگ کریستیان بەیلە، لێکۆڵەرێکی پێشوی پۆلیسە و خانەنشین بوە، ئەم لێکۆڵەرە لەپاش ئەزمونێکی زۆری لێکۆڵینەوە لەناو شاری نیۆیۆرک، پاشخانێکی گەورەی تاوانەکانی ئەو شارە دێتەوە بۆ چارەسەرکردنی نهێنی ئەم تاوانەی ناو ئەکادیمیا.

لەکاتی لێکۆڵینەوەکان خوێندکارێک سەرنجی ئەم لێکۆڵەرە ڕادەکێشێت (ئێدگار ئالان پۆ) شاعیر و نوسەری زیرەک.

ئێدگار ئالان پۆ، کێیە؟
رۆژنامەنوس و شاعیر و چیرۆک نوسێکی بەتوانا بوە، بەمامۆستای لێکۆڵینەوەی خەیاڵی پۆلیسی دادەنرێت، خەیاڵی پۆلیسی (Detective Fiction) هەروەها یەکێک بوە لەو کەسانەی بژێوی ژیانی بەنوسین پەیدا کردوە، ژیانی ئەم لاوە بەهرەدارە لەسەرەتاوە پڕیەتی لەنەهامەتی و گرفت و نەبونی، لەپاش لەدایکبونی لەساڵی 1808دا دایکی بەجێیدەهێڵێت، لەپاش یەک ساڵ، بێ دایک بوە.
 
دواتر لەلایەن خێزانێکەوە هەڵدەگیرێتەوە و هەمان نازناوی  ئەو خێزانە هەڵدەگرێت، سەرکەوتوو نەبوە لەپرۆسەی خوێندندا، خۆبەخشانە پەیوەندی دەکات بەسوپاوە بەڵام سەرکەوتو نابێت.

لەلاویدا بەنوسین و قەسیدە بەناو بانگ بو، تەنانەت قەسیدەی (الاعراف) بەدرێژترین قەسیدە دادەنرێت لەو زەمەنەدا نوسیویەتی، لە (432) بەیت هۆنراوە پێک هاتوە، ئەم قەسیدەیە یەکێکە لەڕیشەکانی قەسیدەی ئینگلیزی تا ئەم ساتەی ئەدەبی ئینگلیزی، ئیلهام و شێوازی قەسیدەکە لەقورئانی پیرۆزەوە وەریگرتوە، بەخۆی وتوە بڵاوکەرەوەی قەسیدە.

بەمەوە ناوەستێت، ئەم گەنجە بەهرەدارە زۆر بەتوانا بوە لەنوسینی چیرۆکی پۆلیسیدا، وردەکاری تاوانەکانی شیکردوەتەوە، زۆرێک شوێن پێی ئەم گەنجە کەوتون لەوانە؛ (ئەگاسا کریستی).

ئێدگار ئالان بو، کەسایەتیەکی ڕەخنەگری هەبوە لەزەمەنی خۆیدا، بەجۆرێک لەلایەن ڕەخنەگرانەوە ناونراوە (شاعیری نەفرەت لێکراو)، لەهەژاریەکی سەپێنراودا ژیاوە لەکۆتاییدا لەیەکێک لەنەخۆشخانەکانی کالیفۆرنیا کۆتایی بەژیانی هات.

یەکەم وێستگەی سەخت ئێدگار ئالان پۆ لەو ساتەوە دەستی پێکرد ژنەکەی (فێرجینیا) مرد، لەپانزە ساڵیەوە ژنی بو، لەپاش مردنی ژنەکەیەوە نوقمی حاڵەتێکی دەرونی بو تاکۆتا ساتی ژیانی لەساڵی 1848 ئەو ساڵەی ئێدگار ئالان پۆ مرد لەنەخۆشخانەدا.

جادو:
چیرۆکەکانی ئێدگار ئالان پۆ تایبەت و جاودیانە نوسراون بەجۆرێک خوێنەر دەبات بۆ ناو ڕوداوە ئاڵۆزەکان، کەسایەتیەکی زیرەک و ئاڵۆزی هەبوە،  لویس بایارد ی نوسەر و  سکۆت کوپەری دەرهێنەر جوانی و بیلمەتی ئێدگار ئالان بۆیان نەشاردۆتەوە بەڵکو لەناو فیلمەکەدا بەڕونی دەبینرێت، ناوازەیی و بەهرەمەندی ئەم شاعیرە فیلمەکەی جوانتر و بەهێزتر کردوە.

ئێدگار ئالان پۆ، ڕازی نەبو بەوەی لێکۆڵەر (لاندرۆ) تاوانبارەکانی ئاشکرا کردوە، بەڵکو ئاشکرای کرد لێکۆڵەر خۆی بکوژەکەیە.

لێکۆڵەرێک ژنەکەی و کچەکەی دەستدرێژیان کراوەتە سەر و کوژراون، تۆڵەکردنەوە لەخوێدنکارە تاوانبارەکانی ئەکادیمیای وێست پۆینت لە نیۆیۆرك، فیلمەکە بەڕەنگەکان و دەنگ و میوزیک سامفۆنیایەکە لەنێوان خەم و هیوادا.

شێوازی میوزیکی فیلمەکە ئەگەڕێتەوە سەدەی نۆزدەهەم و سەربە میوزیکی رەسەنی ئەفریقیە، هەستێکی خەمبارت بۆ دروست دەکات، ڕەنگی زەردی مۆمەکان و گڵۆپەکان داپۆشراو بەتەم، هەمو ئەوانە تابلۆیەکی خەمبار و ئاڵۆز پشانی بینەر دەدات، دەرهێنەرەکان کارێکیان کردوە بینەر لەناوەڕاستی چیرۆک و ڕوداوەکاندا هەست بەسەرما دەکات، بەجۆرێک تێکەڵ دەبیت لەگەڵ فیلمەکە وەک لەناو روداوەکاندا بیت.

ڕۆڵی شاعیرێک لەزومەنی خۆیدا ڕەحمی پێنەکراوە و ڕەخنەی توندی لێگیراو ، لەچلەکانی تەمەنیدا بەخەمباری و تەنهایی مردوە. ئێدگار ئالان پۆ، لەپاش 147 ساڵ بەزیندویی ڕۆڵ دەبینێت لەسایەی سینەمادا.