خەندان لایف - خۆشناو محەمەد
پشیلە یەکێکە لەیەکەم جۆرەکانی ئاژەڵ لەلایەن مرۆڤەکانەوە ماڵی کراوە، پێش (8) هەشت هەزار ساڵ مرۆڤەکان گرنگیان داوە بەبەخێوکردن و هێشتنەوەی پشیلە، لەنێوان مرۆڤ و پشیلەکان پەیوەندیەکی بەهێزی سۆز و هاوڕێیەتی و بەرژەوەندی هەیە، وەک وەسیلەیەک بەکارهاتوە بۆ لەناو بردنی خشۆکە زیان بەخشەکان.
پشیلە ماڵیەکان باو باپیریان لەڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەرەو ئەوروپا نزیکەی (4400) ساڵ پێش زایین بڵاو بوەتەوە، بەپێی بەڵگەنامەکانی تۆڕی national geographic، بەخێو کردنی پشیلە لەجیهاندا بڵاوە، لای هەندێک کەس وەک خویەکی رۆژانەی لێهاتوە، گرنگیپێدان و یاریکردن، بەجۆرێک بوە بەجێگرەوەی مرۆڤ لای هەندێک لەو کەسانەی لەگەڵ پشیلە دەژین، زۆرێک لەمرۆڤەکان پێیانوایە نەرم و نیانی پشیلەکان جێگرەوەی دڵڕەقی جیهانە لەژیاندا.
نوسەری ئینگلیزی (چارلز دیکنز) دەڵێت، "هیچ دیاریەک نییە گەورەتر لە پشیلە"، بەڵام نوسەری ئەمریکی (ولیام بورۆز) دەڵێت، "پەیوەندیەکانم لەگەڵ پشیلەکانم منیان ڕزگار کرد لەتەنهایی و گۆشەگیری و پشتگوێخستن".
خانمە نوسەری ئەردەنی ( جەواهیر رەفاعیە ) چیرۆکێکی بەناوبانگی هەیە دەگێڕێتەوە، لەو نۆرینگەی پزیشکی ئاژەڵەی پشیلەی سەر شەقامەکان چارەسەر دەکەین، پیاوێک هەبو رۆژانە دەهات بەرامبەر پشیلە بریندارەکەی دادەنیشت و سەیری دەکر ،بەهەستێکی خەمبارەوە دەیوت "کیتی، کیتی" خواردنی دەدا بەپشیلەکە و دەڕۆشتەوە بۆ ماڵەوە کەس نەبو پێشوازی لێبکات.
پشیلەکان سەرکەوتون لەتاقیکردنەوەی مانەوە، ژمارەی پشیلەکان لەجیهان بە (600) ملیۆن مەزەندە دەکرێت، لەساڵی 2018 دا لای مرۆڤەکان (373) ملیۆن پشیلەی ماڵی هەبوە.
چ شتێک وادەکات پشیلە ئەوەندە دڵخواز بێت لای مرۆڤ؟
بەپێی تۆڕی (open culture) زۆرینەی مرۆڤ ناتوانن دژایەتی پشیلە بکەن بەهۆکاری چاوە سەرنج ڕاکێشەکانی، شێوەی جوانی، نیگای خەمبارانەی، توکی نەرم و ڕازاوەی، هەڵگرتن و یاری کردن لەگەڵیان ئاسانە.
پشیلەکان چۆن بیردەکەنەوە؟
ئەم پرسیارە نوسەری بەریتانی (سیرین کالی) کردویەتی، لەیەکێک لەنوسینەکانیدا لەڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی، وەڵامی پرسیارەکەی خۆی بەم شێوە دەداتەوە، "بەچاوە جوانەکانی سەیرم دەکات، بەنەرمی بۆم دەمیاوێنێت، جوانترین دەنگە لای من، پشیلەکەمم خۆشدەوێت، کیتی لەناو ماڵدا هەمیشە لەگەڵمدایە، یاری لەگەڵ دەکەم و بەیانیان لەخەوم هەڵدەستێنێت.
کارلۆ سیراکۆزا پزیشک لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی بەنسلڤانیا لەئەمریکا دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەی ئێمەی مرۆڤ زۆر تێکەڵین لەگەڵ پشیلە، ئاژەڵێکی ماڵی نەرم و نیانە، بەڵام زۆر بەکەمی زانیاریمان هەیە لەسەریان"
ئەو پزیشکە وەک مامۆستایەکی زانکۆ وتیشی، "مرۆڤەکان بەدرێژایی مێژو مامەڵەیەکی یەکسانیان نەکردوە لەگەڵ پشیلەکان، لەسەدەکانی ناوەڕاستدا، وەک هاوڕێی جادوگەر سەیر کراون، لەزۆربەی زنجیرە و کارتۆنەکان کراون بەجادوگەر، وەک زنجیرەی (هەرهور) مناڵەکان و سەنافر بەنمونە".
بەپێی توێژینەوەیەکی گۆڤاریAnimal Cognition، پەیوەندیەکی بەهێز هەیە لەنێوان پشیلە و خاوەنەکەی، زۆر کات پشیلە هەست بەدڵتەنگی و دەنگی بەرز و نزمی خاوەنەکەی دەکا.
ئەرێنی و نەرێنی :
بەپێی زانیاریەکانی تۆڕی ( Environmental-Conscience ) پشیلە لایەنی باش و لایەنی خراپی هەیە لەکاتی بەخێوکردندا لەوانەش.
لایەنی ئەرێنی:
- پشیلە هاوڕێیەتیت پێدەبەخشێت، یارمەتیت دەدات دڵەڕاوکێکانت کەم ببێتەوە.
- لەساتە سەختە سۆزداریەکاندا هاوکارت دەبێت زو تێپەڕێت.
- هەستی بەرپرسیارێتی زیاد دەکات لەخاوەنەکەیدا، هەستی دڵخۆشی و هەستکردن بەژیانێکی ئاسودە زیاد دەکات.
- بۆ بەساڵاچوان ئەوانەی مناڵەکانیان بەجێیان هێشتون زۆر گرنگە هەست بەتەنیایی ناکەن.
-کاتێک منداڵت بچوکت هەیە، بونی پشیلەیەک بۆ کات بەسەر بردنی مناڵەکان وهەڵسوکەوتیان سودی هەیە.
لایەنی نەرێنی:
- دەبێت گرنگی پێبدەیت ئەمەش کاتێکی زۆر و ماندو بونی دەوێت.
- گرنگیدان بەتەندروستیان پارە و پزیشکی دەوێت.
- بەردەوام دەبێت پاکوخاوێن خۆی شوێنی مانەوەی بەپاکی بهێڵیتەوە، لەپێناو ئەوەی بۆنی ماڵەکەت ناخۆش نەبێت.
- کەوتنەخوارەوەی موی لەشی ناو ماڵ شپرز دەکات.
- کاتێک پشیلەیەک ماڵی دەکەیت ناتوانیت دەستبەرداری ببیت، چونکە ناتوانێت لەسەر شەقام بژی.