خەندان لایف - خۆشناو محەمەد
کاتێک میوانداری دەکرێیت بۆ چەند رۆژێک، بەپێی میوانداریەکەت خاوەن بەرپرسیاری بە، میوانێکی ڕۆح سوک بە، دەکرێت بۆ ئێوارە خوانێکی یان شەوێک، میوان بیت، کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی لەسەر تۆی میوان هەیە پێویستە بیزانیت و ڕەچاویان بکەیت، لەپێناو ئەوەی میوانێکی خوازراو و خۆشەویست بیت.
سەبارەت بەکاتی مانەوەت ڕاستگۆیانە و ڕون بدوێ:
کاتێک میوانداری دەکرێیت بۆ ماوەی چەند رۆژێک پێویستە باش لەوە تێبگەیت خاوەن ماڵ بەپێوسیتی دەزانێت لای ڕون بێت تۆ وەک میوان چەند رۆژ لەوێ دەمێنیتەوە، لەپڕێکدا کاتەکانی مانەوەت درێژ مەکەرەوە، خاوەن ماڵ مەخەرە بارودۆخێکی نەخوازراوەوە، لەپێناو ئەوەی ماوەکەت بۆ درێژبکاتەوە هەوڵی لابەلامەدە، تۆ دەبێت باش لەوە تێبگەیت هەمو خێزانێک کۆمەڵێک کار و باری تایبەتیان هەیە و پێویستیانە بەتەنهاییە.
لەیەکەم ساتەوە سەرت مەخەرە سەر مۆبایلەکەت:
لەگەڵ ئەوەی زۆربەی خەڵک لکاون بەمۆبایلەکانیانەوە، رەفتارێكی گونجاو نییە یەکسەر داوای ژمارەی وای فای ماڵەکە بکەیت، پێویستە بزانیت تۆ میوانیت نەك بەکارهێنەری ئینتەرنێت، بەتایبەت کاتێک ساتە وەختی نان خواردن و کار و باری ناو ماڵە، کاتێک خاوەن ماڵ سەرقاڵی ئامادە کردنی ژەمێكی بەتام و بێ کەم و کوڕییە، لەو ساتانەدا داوای ژمارەی نهێنی ئینتەرنێت مەكە، لەپێناو چێژ وەرگرتن لەخواردن و گفتوگۆ کردن.
لەبیرت نەچێت وێنەگرتن لەسەر سفرە یەکێکە لەڕەفتارە نەخوازراوەکان، بەتایبەت لەماڵێکدا کاتێک تۆ میوانیت.
نەخێر بۆ شپرزەیی:
زۆربەی خاوەن ماڵەکان پێشبینی شپرزەیی دەکەن لەمیوانەکانیان، بەڵام تۆ بەدوربە لەو ڕەفتارانەی هۆکارن بۆ فەوزا و شپرزەیی، فڕێدانی جلوبەرگ و پێڵاوی پەرشوبڵاو، بەگۆرەویەکانتەوە بۆ سەرقەنەفە و شوێنە تایبەتەکان، هەویری ددان شتن بەکراوەیی بەجێ مەهێڵە، سەر زەوی حەمام بەتەڕی بەجێ مەهێڵە، ناو دەست شۆرەکە پاک بکەرەوە، قەراخی تەوالێت بەوشک کراوی بەجێبهێڵە، هەمو شتێک لەگەڵ خۆت مەبە بۆ میوانی تەنها پێویستیەکانت، وا هەڵسوکەوت مەکە وەک ئەوەی تۆ خاوەن ماڵ بیت.
زۆر داواکاری مەکە:
تەنانەت لەماڵی نزیکترین کەست یان هاوڕێیەکت، زۆر داواکاری مەکە، میوانی بەرپریسیاربە، داوای گۆڕانکاری ناو ماڵ مەکە، بۆ نمونە؛ مەڵێ دەبو ئەو کتێبخانە لەوێدا بێت، داوای خواردنی تایبەت مەکە، خواردن مەگۆڕە بەخاوەن ماڵ، کاتێک خواردنێکت بەدڵ نییە شتێکی دیکە بخۆ و با هەست نەکەن، کاتێک بانگت دەکەن بۆ ژورێکی ماڵەکە بەدڵیشت نەبو ڕێگری مەکە و ڕازی بە، دژایەتی ئاژەڵی ماڵی خاوەن ماڵ مەکە و نەڵێیت: دوری بخەنەوە، کاتێک دەڕۆیت بۆ میوانی ئاژەڵی ماڵی لەگەڵ خۆت مەبە، بیرت نەچێت ئامێری شەحن کردنەوەی مۆبایلەکەی خۆت ببە لەگەڵ خۆت.
زو زو داوای یارمەتی بکە:
وەک میوانێکی دانیشتو، بەردەوام دامەنیشە، داوابکە یارمەتیان بدەیت، دەتوانیت هاوکار بیت لەڕێکخستنی سفرە و مێز و پێویستی ژوری چێشتخانە، بەردەوام بەنەرم و نیانی پێشنیاری هاوکاری بکە، بەیانیان زو جێ نوستنەکەت ڕێکبخە، جلەکانت کۆبکەرەوە، پێویستیە زیادەکانت بخەرەوە جانتاکەت، یان لەو شوێنە تایبەتەی خاوەن ماڵ بۆی داناویت.
لەگەڵ حەز و ئارەزوی خاوەن ماڵ هەڵسوکەوت بکە:
جگەرە نەکێشیت لەناو ماڵێکدا خاوەن ماڵ جگەرە ناکێشێت، داوای گۆڕانکاری پلەی گەرمی مەکە پێویستە تۆ جلەکانت لەگەڵ کەش و هەوای ماڵەکە بگونجێنیت، گلەیی نەکەیت لەشێوازی ژیانیان ، کاتێک لەکاتی نوستن ئاگادارت ناکەنەوە تۆ وشیاربە تێبگە کەی کاتی نوستنە.
ئەگەر ئەوان زو نوستن تۆ مەمێنەرەوە تۆش برۆ بۆ ژوری نوستنەکەت، دەنگی تی ڤی بەرز مەکەرەوە، روناکی ژورەکەت بکوژێنەرەوە، وەک هۆتێل هەڵسوکەوت لەگەڵ ماڵەکەدا مەکە.
لەکاتی ڕۆشتنەوە بەخراپە باسیان مەکە:
کاتێک تۆ بۆ ماوەی چەند رۆژێک لەماڵێک میوان دەبیت، بێگومان هەڵە و کەموکوڕی ئەو ماڵە دەبینیت، لەخێزاندا مناڵ هەیە گوێناگرێت، شێوازی ژیانیان هیچ پەیوەندیەکی بەتۆوە نیە، تەداخولی ژیانیان مەکە، ڕەخنە مەگرە لەشێوازی ژیانیان، میوانێکی رۆح سوک و قسە خۆش و خاوەن ڕەوشت بە، دواتر بەخراپە باسیان مەکە .