خەندان لایف - خۆشناو محمد
کۆریەکان ڕۆحی تۆڵەیان تێدایە، هونەری کۆری پڕیەتی لەزیادەڕوی کردن لەتۆڵەسەندندا، زۆربەی کارەکان لەم بازنەدا دەخوڵێتەوە.
"Old Boy" لەم ساڵانەی پێشو، لەدەرهێنانی (بارک چان وک) بو، زیاتر لە (30) خەڵاتی بردەوە هەمان ناوەڕۆک بو، لەساڵی 2003 دا، ئەوەی مایەی سەرنجە فیلمەکە لە (مانگا) وەرگیرابو، مانگا یەکێک لەچیرۆکە وێنەییەکانی کۆریەکانە، داهاتی پڕفرۆشی ئەم چیرۆکانە یەکسان بو لەگەڵ داهاتی چیرۆکی وێنەیی ئەمریکادا،
فیلمەکە وێنەدانەوەی حەقیقەتی کۆمەڵگای کۆریای باکورە بێهیوا و داخراوە، لەگەڵ ئەوەی ئەو وڵاتە پێشکەوتنی ئابوری لەلوتکەدایە داهاتی تاک زۆرباشە، بەڵام کۆمەڵگای کۆریای باکور لەحاڵەتی (میلۆدارمی) دا دەژین، بە ملیۆنان كەس لەڕۆژێکدا پەنا دەبەن بۆ خۆکوژی.
کۆریالی باکور لەخوارەوەی وڵاتاندا دێت لەڕوی دڵخۆشی و ئاسودەییەوە، لەپلەی 57 دا دێت، پێدەچێت یەکێک لەهۆکارەکان بازاڕی سەرمایەداری بێت، جیاوازی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری لەنێوان تاکەکاندا لەکۆمەڵگا هۆکار بێت، کۆمەڵێک هۆکار وابکات لەخوارەوەی ئاسودەیی بن.
ئابڵوقەی ناڕازییەکان:
ڕۆڵی پاڵەوان لەفیلمی (The Glory) دا، بەیەکێک لەو فیلمە بەناوبانگانە دادەنرێت چیرۆکی فیلمەکە بەدوای چارەسەری تۆڵەدا دەگەڕێت، یەکێک لەبەناوبانگترین ئەکتەرەکان (سۆنگ هیۆ کیو) نمایش کار و ئەکتەرێکی ناوداری کۆریە، کۆریە تازەکەی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،
سۆنگ هیو؛ سەرەتای بەناوبانگ بونی دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرەکانی بیست ساڵی ڕابردو، وەک (All in) و (Autumn in my heart)، (The winter , the wind blows) هەروەها (Full House)، کۆمەڵێک زنجیرەی درامی و هەست بزوێن و ڕۆمانسی و کاریگەر و تۆڵە ئامێز،
لەم زنجیرە تازەدا (the glory) هەمان حەزی تۆڵەکردنەوە بابەتی زنجیرەکەیە، لەگەڵ ئەوەی ئەو ئازارەی بەسەر قوربانیەکەدا دێت و دەرباز دەبێت بەجەستەیەکی شێواو و دەرونێکی تێکشکاوەوە، ئیدی لێرەوە بیر لەتۆڵە دەکاتەوە، لێرەوە لەڕێگەی هەشت بەشەوە بەرنامەی تۆڵە کردنەوە نمایش دەکرێت، وەرزی یەکەم کە ئێستا لەسەر شاشەی (Netflix) نمایش دەکرێت.
ڕوداوەکە بەمشێوەیە:
بەئوتویەکی قـژ هەمو جەستەی دەسوتێنن بەجۆرێک ئاسەواری ئەو برینانە لەسەر جەستە و دەرونی بۆ هەتا هەتایە دەمێننەوە، پاشان هەوڵی خنکاندنی تا کەناری مەرگ، سیناریۆی فیلمەکە نەهاتوە لێکۆڵینەوە لەو تاوانە بکات بەڵکو هاتوە وێنای کردوە بەجیاوازی چینایەتی کەنێوان هەژار و دەوڵەمەنددا.
گفتوگۆکانی ناو دراماکە شاهیدی ئەو ڕاستیەن، دواتر ڕۆڵی باوک و دەسەڵاتی باوک لەناو کۆمەڵگادا لەڕێگەی ناسینی خەڵک و دەست کراوەیی بەزەقی دەبینرێت.

پرسیارێک لەناو ئەم درامادا بێ وەڵام ماوەتەوە:
سەرچاوەی خۆپەرستی و حەزی کوشتن و شێواندن لەناو دەرونی تاکدا لەکوێوە سەرچاوەی گرتوە؟
زمانـی سینەما:
زنجیرەکە سەرەڕای ئەوەی کارێکی تەلەفزیۆنیە، لەهەمان کاتدا لەڕوی وێنەگرتن و فێڵی بینراوەوە زۆر نایابە، سەرنج ڕاکێشترین ڕوداوی ناو چیرۆکەکە ئەوەیە کاتێک سەرکردەی تاوانبارەکان دەزانێت قوربانیەک شوێن پێی هەڵدەگرێت تا تۆڵەی لێبکاتەوە.
خاڵی لاوازی گەورەی تاوانبارەکان کچە خوێندکارەکەیەتی، دیمەنی ئەو ساتەی جگەرەیەک دادەگیرسێنێت و لەدەستی دەکەوێت، جلەکانی دەسوتێت، کامێرا ئەو بەشەی جلەکەی پشان دەدات کاتێک دەسوتێت، ئەو جلانەی جەستەی ژنێکی شاردۆتەوە لەشێوەی بێژەری کەش و هەوادا.
هاوکات کاریگەری دەنگ و میوزیک و هەیەجانی خوێناوی تۆڵە سەرنجی بینەر دەبات بۆ ناو چیرۆکی دراماکە، لەکاتێکدا ئامڕازی تۆڵە سادە و ئاڵۆز بو لەهەمان کاتدا.
ئارامی و یاخی بون:
کچێکی سادە و لەسەر خۆ، ڕوبەڕوی لێدان و سوتاندن و خنکاندن دەبێتەوە، کاریگەرە لەسەر دەرونی مرۆڤ، وا دەکات بینەر پاڵپشتی بکات، هاوسۆز بێت، لەبەرامبەردا ڕق و تۆڵە کردنەوە لەتاوانبارەکان، کاتێک قوربانی بڕیار دەدات تۆڵە بکاتەوە وەک ببێت بەکەرەستەیەکی بکوژی تۆڵەکەرەوە.
لەکۆتاییدا زنجیرەکەدا تۆڵەی قوربانیەکان دەبینین، ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە ئەو کچەی تۆڵە دەکاتەوە مرۆڤایەتی لەدەست دەدات، کاتێک کەسێک هەمان ڕۆڵی تاوانبار دەبینێت ڕەنگ و شێوە و رەفتاری تاوانباری دەبێت.