خەندان لایف - خۆشناو محمد
ژیانی مرۆڤەکان یەکسان نییە، جیاوازی ڕەنگ، ماڵ، سامان، کۆمەڵایەتی و زانستی هەیە، هەمو مرۆڤێک ئوسلوب و ڕێگای خۆی هەیە، لەشکست و سەرکەوتن، کۆمەڵێک خەڵک بەبەردەوامی خۆیان بەراورد دەکەن بەکەسانی دیکە، بەڵام ئایا کاریگەری ئەم بەراورد کردنە چۆنە لەسەر ژیانی ئەو کەسانە لەڕوی پراکتیکی و زانستیەوە؟ وە چۆن مرۆڤ دەتوانێت متمانە بەخۆبونی زیاد بکات؟
بەراورد کردنی خۆت بەئەوانی دیکە تەڵەیەکی تاقەت پڕوکێنە:
کاتێک خۆت بەراورد دەکەیت بەکەسانی دیکە ماندو دەبیت، ناڕازی دەبیت، بەراورد کردنی خۆت بەکەسانی دیکە دەتکات بەمرۆڤێکی چروک و ئێرەیی، واتلێدێت هەست بە غیرە و بێهیوایی و شکست بکەیت ، چونکە کەسانێک پێش تۆ کەوتون، ئەمەش بەڵگەی باوەڕ بەخۆ نەبونە، نەگەیشتنە بەقۆناغی ڕازی بون لەخود.
دەستکەوتەکانت بەراورد بکە بە خەونەکانت:
بۆ دەرباز بون لەم هەستە خراپە، پێویستە تۆ ئامانجەکانت دیاری بکەیت بەبێ بەراورد، نابێت خۆت بەراورد بکەیت بەکەسانی زۆر بەبەخت یان زۆر شکستخواردو، دەبێت تۆ خۆت بیت نەک کەسانی دیکە، خۆت بەراورد بکە بەخودی خۆت، دەستەکەوتەکانت بەراورد بکە بەئامانج و خەونەکانت، ئەمەش بەهەنگاوی بەردەوام و ماندو بون دەکرێت نەک تەنها بەنوسین، پێویستە هەمیشە دڵخۆشبین بەدەستەکەوتەکانمان، بچوک بێت یان گەورە، بەمشێوە ئەتوانین خەونەکانمان بکەین بەحەقیقەت.
ژیانی کۆمەڵایەتیمان، پەیوەندیەکانمان، شێوازی ژیانمان، هەڵسوکەوتمان کەسایەتیمان دیاری دەکات، ئەمە هۆکاری ئەوە گۆڕانکاریە ژمارەیی و پێشکەوتنەیە لەئەپەکانی ئەنتەرنێتدا هاتوەتە بون، بەجۆرێک هەمو خولەکێک پشانتدەدات بەرامبەرەکەت چی کردوە و دەستەکەوتەکانی چەندێکە.
بەبێ ئەوەی ئاگامان لەخۆمان بێت خێرا خۆمان بەراورد دەکەین بە ئەوانی دیکە، وە پێمان وایە ژیان یەکسان نییە و ستەم لەئێمە کراوە، لەکاتێکدا تۆ خۆت ستەم لەخۆت دەکەیت، ئیدی ژیان قورس دەبێت لەسەر شانمان.
ئەگەر بەراود کردن پێووست بێ، تەنها ئەو کاتانە پێویستە لەڕوی ئەرێنیەوە بێ ، بەمشێوە خۆمان هاندەدەین زیاتر بەرەو پێشەوە بڕۆین، ئەوکات دەتوانین هەمان دەستکەوتی بەرامبەرمان هەبێت یان زیاتر.
خۆشەویستی خود:
مرۆڤ مناڵی ئەو فەزایە تێیدا دەژی، لەم سۆنگەوە پێویستە فەزایەکی گونجاو تەندروست بۆ مناڵەکانمان دابین، پێویستە هەستی خۆشەویستی و متمانەبون لەناخیاندا بڕوێنین، بەدوریان بگرین لەبەراوردکردن لەنێوان خۆیاندا، خوشک و برا و هاوڕێکانی خوێندنیان، چونکە ئەمە دیدی سەیرکردنی ژیانی بەرامبەر لەناخیاندا دەڕوێنێت.
تەنانەت فەزای کارکردن دەبێت بەدوربێت لە بەراورد و کێبڕکێی نەرێنی، پێویستە لەسەر بەڕێوەبەر و سەرکردەکان، کەشێکی هاوکاری و پێکەوەیی و سەرکەوتنی بەکۆمەڵ دروست بکەن لەسەر بنەمای کاری تاک، ئەگەر کەسێک دواکەوت پێویستە بەردەوام پشتگیری بکرێت، بۆ ئەوەی چی لەتواناییدا هەیە پێشکەشی بکات.
گەر هاتو کەسێک سەرکەوتو بو پێوویستە بەردەوام پاڵپشتی دەست خۆشی لێبکرێت لەپێناو سەرکەوتن و دەستکەوتی زیاتر، بەبێ ئێرەیی و ڕق، چونکە دەستکەوتەکانی تاک دواجار لەخزمەت کۆمەڵگادایە.
بەرواردی ئەرێنی و نەرێنی:
بەراورد کردن دو جۆرە، بەراوردی ئەرێنی و بەراوردی نەرێنی، بەراورد کردنی ئەرێنی؛ کاتێک تۆ خۆت بەراورد دەکەیت بەکەسانی سەرکەوتو لەڕوی دەستکەوت و پێشکەوتنەوە، ئەو کات تواناکانت، وزەکانت بەرەو باشتر دەڕوات، لایەنی دەرونیت سەقامگیر دەبێت.
بەراوردکردنی نەرێنی:
کاتێک بەراوردی خۆت دەکەیت و قسەکانت بەراورد کردنەکانت نابن بەکردار توشی حاڵەتی دەرونی نەخوازراو دەبیت، لەم حاڵەتەدا جۆرە کەسانە پێویستە خۆیان بەدوربگرن لەم جۆرە بەراورد کردنە چونکە ئەنجامێکی باشی نابێت.
مرۆڤی سەرکەوتی کارەکانی ئەنجام دەدەت، بەرەو پێشەوە دەڕوات و باسی ناکات، بەردەوام هەنگاو دەنێت، سەرکەوتن قسە نییە کردارە، مرۆڤی سەرکەوتو ناڵێت وادەکەم، بەڵکو ئەنجامی دەدات.
چۆن متمانە بە خۆبوونت بەهێز دەکەیت؟
هەمو مرۆڤێک تاڕادەیەکی کەم لەزۆر بواردا باوەڕی بەخۆی هەیە بەڵام لەیەک بواردا زۆر باوەڕی بەخۆی هەیە، ئەو بوارەی تۆ تێیدا شارەزایت دەکرێت زیاتر گرنگی پێبدەیت و متمانەت بەخۆت هەبێت تا دەگەیتە ئەو ئەنجامەی خەونی پێوە دەبینیت.
تەندروستی پەیوەستە بە متمانەی خودەوە، لەم سۆنگەوە پێویستە بزانیت چی دەخۆیت وە چی ناخۆیت، لەپێناو ئەوەی هەستێکی باشت هەبێت، جەستەت تەندروست بێت.
زۆربەی توێژینەوەکان پاڵپشتی ئەوە دەکەن متمانەبەخۆبون کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر کاروباری رۆژانە و خێزان و تایبەتی، ئەو کەسانەی باوەڕیان بەخۆیان زیاترە لەوانی دیکە زیاتر هەوڵدەدەن نمونەی سەرکەوتن و پێشڕەوی بن لەژیاندا.
سێ ئامۆژگاری گرنگ:
یەکەم: بوەستە لە بەراورد کردنی خۆت بەکەسانی دیکە، ژیان کێبڕکيی بەراورد نییە، ژیان کردارە نەک گوفتار، ڕۆژانە کارەکانت بنوسە و دواتر بزانە هەنگاوی باشترت ناوە ڕوەو ئایندە یان نا؟ سود لەڕوداوەکانی ژیان ببینە لەپێناو پێشخستنی خوددا.
دوەم: کەسە ئەرێنیەکان لەدەوری خۆت کۆ بکەرەوە، چونکە ئەو کەسانەی دەوروبەرت کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر دەرون و هەنگاوەکانت، ئایا باش دەیان ناسیت ؟ تۆیان خۆش دەوێت؟ بەردەوام سەرزەنشتت دەکەن یان پشتیوانی تۆن؟
سێیەم: گرنگی بدە بەجەستەت، یەکەم هەنگاوی ڕازی بون لەخود ڕازی بونتە لەجەستەت، ڕاهێنان، خواردنی تەندروست، خەوی ڕێکخراو، یەکەم ژینگەی هەمو مرۆڤێک جەستەیەتی، ئەوکات هەست بەئارامی ڕۆحی و جەستەیی و دەرونی دەکەیت.