سەیرترین دراما لەمێژودا.. لەهەر کوێیەکەوە تەماشای بكەیت هەمان ئەنجامی هەیە

11:27 - 10/01/2023

1841جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف - خۆشناو محەمەد

پێت چۆنە سەیری زنجیرەیەک بکەیت لە (8) هەشت بەش پێکهاتبێت و ژمارەی ئەڵقەکان گرنگ نەبێت لەکوێوە دەست پێدەکەیت هەمان ئەنجام دەبینیت، تۆی بینەر بڕیار ئەدەیت لەکوێوە دەست بەسەیر کردنی ئەڵقەکان ئەکەیت !

زنجیرەی دراما و تاوان (Kaleidoscope) چیرۆکی دراما باس لەدزینی بانکێک دەکات ماوەی بیست ساڵە پلانـی بۆ دانراوە، ئێستا کاتی جێبەجێکردنە، لە هەشت بەش پێکـهاتـوە، هەمو بەشێکی دراماکـە بەناوی ڕەنگێکەوە ناو نراوە وەک: ( سور، شین، پرتەقاڵـی، زەرد، سـەوز، سپـی، پەمـەیـی، وەنەوشەیی) لەگەڵ ناونیشانی هەر بەشێک لەسەر ڕەنگەکە نوسراوە. 

ڕوداوەکان گرێدراون بەو ڕۆژەوە دزی لەو بانکە، ئەم زنجیرە بەجۆرێک بەرهەم هێنراوە لەکوێوە دەست پێبکەیت هەمان ئەنجامت دەست دەکەوێت،

بەجۆرێک ڕێکخراوە هەست بەپچڕان ناکەیت، ڕوداوەکان پێکەوە گرێدراون و بینەر توشی سەر سوڕمان دەبێت، کۆتا بەشی دراماکە (سپی) دەبێت، بەباوی (ڕۆژی دزیەکە).

 

زنجیرەکە بەم شێوەیەیە:

وەنـەوشەیی: 24 ساڵ پێش دزیەکە
سەوز: حەوت ساڵ پێش دزیەکە
زەرد: شەش هەفتە پێش دزیەکە
پرتەقاڵی: سێ هەفتە پێش دزیەکە
شین: پێنج ڕۆژ پێش دزیەکە
سور: بەیانی پاش ئەو رۆژەی دزیەکە کرا
پەمەیـی: شەش مانگ پاش دزیەکە
سپـی: دزی

ئایا ئەمە ئاڵـۆز و بێمانایە یان ستراتیژێکـی ڕێکخراوە؟
لە ماڵپەڕی (IMDb) خاوەنی ڕایتینگ ی 6.9 یە، لەسەرچاوەی تەماتە گەنیوەکە پێوانەی 50 %ی وەرگرتوە، لەپلەی یەکەم دێت لەوڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ سەیرکردن.

دراماکە پڕیەتی لەنهێنی خاڵی وەرچەرخان و سەرنج ڕاکێش، یاریکردن بەبەشەکانی دراماکە هێندەی دیکە سەرنجی بینەران ڕادەکێشێت، بەجۆرێک وردەکاری تێدا کراوە لەمێشکی بینەردا دەیان ڕێڤا دروست دەبێت بۆ کۆتایی چیرۆکی درامـاکە.

ئایا ئەم کارە نوێیەی (Netflix) لەئاییندەدا ڕوبەڕوی ڕەخنەی بینەران نابێتەوە؟
چونکە هیچ گرنگیەک نەما بۆ ژمارەی زنجیرە و ڕێکخستنی بەشەکان، ئیدی تۆ و هاوڕێکانت جیاوازیتان نیە لەکام بەشی دراماکەدان.