چۆن هاوبەشی ژیانت هەڵبژێریت؟

12:07 - 07/01/2023

2407جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف - خۆشناو محەمەد 


زۆرجار بەهۆی کاریگەری فیلمەکان، گۆرانیەکان، نوسینەکان، کتێب و دراما ڕۆمانسیەکان ئەو دیدگامان بۆ دروست دەبێت پێمان وایە خۆشەویستی یەکێکە لەمەرجەکانی هاوسەرگیری سەرکەوتو، خۆشەویستی و حەز و ئارەزو، سەرنج ڕاکێشان، یان کاریگەریە دەرونیەکان، یان بەهۆکارێکی تایبەت و کاتێکی تایبەت دروست دەبێت، یان بەهۆی لێک تێگەیشتنی ژیریی نێوان هەردو ڕەگەز، لەکۆتاییدا ئەم هەستە سەختە بتوانرێت لێی تێبگەیت.

زۆرجار ئەم هەستە پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی کەسێک بکەیت بەهاوبەشی ژیانت، بەپێی تێگەیشتنمان و ئەو فەزای تێیدا دەژین پێوەرەکانمان لا دروستدەبێت خۆشەویستی یارمەتیدەرە بۆ ژیانێکی ئاسودە و کامەران.

ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا بەتایبەت ڕۆڵی گەورەی هەیە لەئاڕاستەکردن و خەڵەتاندن و شێواندنی ڕاستیەکان، بەجۆرێک زۆربەی گەنجەکان تێڕوانینیان ئایدیایان بۆ هاوسەرگیری هەڵەیە، بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان ڕێژەی جودایی و جیابونەوە زۆر ڕوی لەزیاد بون کردوە، هۆکارەکانی جیابونەوە لەوڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازی هەیە، زۆربەی ئەو گرفتانە پەیوەستە بەسروشتی پەیوەندی نێوان خێزانەکان،

دیارترین هۆكارەكانی جیابونەوە:

لێک تێنەگەیشتن، کەمی خاڵی هاوبەش، پەلەکردن لەبڕیاری هاوسەرگیریدا، هەڵکشانی تەمەن، گرنگینەدان و خەم ساردی لەناسینی هاوسەری ژیانت، نەخوێندنەوەی ئەو هاوسەرگیریە لەهەمو ڕویەکەوە.

خێزان چییە؟

خێزان بریتییە لەپێکهێنانی ژیانێکی هاوبەش و سەربەخۆ لەناو کۆمەڵگایەکی ناوخۆی سادە و دواتر لەپێناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، لێرەدا تێبینی بکە هاوسەرگیری تۆ پەیوەستە بەمرۆڤایەتیەوە، تۆ بەشدار دەبیت لەبونی منداڵی نوێ و ئایدیای نوێ و ژیانێکی نوێ.

جیاوازیە سروشتییەکانی شوێنی ژیان، جیۆگرافیا، کەلتور، ڕۆشنبیری، وشیاری، تەنانەت جیاوازی ئایدیای سیاسی و ئایینی کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیری و لایەنی کۆمەڵایەتی و ئوسلوبی ژیان.

هەمو ئەمانە باسمان کرد کاریگەریان هەیە لەسەر بون یان نەبونی منداڵ و ڕەگەزی منداڵ، بیرمان نەچێت لەزۆرێک لەکۆمەڵگاکان هاوسەرگیری وەک گرێبەستێکی هەمیشەیی سەیر دەکرێت و ئەبەدیە، لێرەوە ئیدی بڕیار دەدرێت مناڵ هەبێت یان نەبێت، پەروەردە و هاوژینی ، خۆشەویستی و هاریکاری پێکەوەیان دەبەستێتەوە، ژن و پیاو پێکەوە ئەجەنگن لەپێناو ئارامی خێزانی و سەربەخۆیی.

وشەی (خۆشەویستی) دەگۆڕین بۆ (نەرم و نیانی و ڕەحــم) بۆ ئەوەی بتوانین جوانتر شیکاری ئەم پڕۆسە بکەین، چونکە نەرم و نیانی لەڕوی ماناوە فراوانتر و گشتگیرترە لە خۆشەویستی، بەڵگەی خۆشەویستیە، کەپێکهاتوە لەکردەوەکان و هەڵس و کەوتی نێوان دوو هاوسەر.

ئیدی لێرەوە ناوەکان، زاراوەکان دەبن بەڕێز و کردەوەی پراکتیکی خۆشەویست هەست بەبونی خۆی دەکات، ژیانی هاوسەرگیری فیلمێکی ڕۆمانسی نییە، یەکسەر لەیەک کاتژمێردا هەمو حەزەکانت ببن بەڕاست. ژیانی هاوسەرگیری حەقیقەتێکی کرداریە و بەرپرسیاری و ماندو بون و گرفت و سەرقاڵی و تاقیکردنەوە دونیاییەکان  ئەبنە تاقیکردنەوە.

لێبوردەیی، چاوپۆشی کردن، بەخشین، گرنگیپێدان، بەشداری پێکردن، دەبێتە بەشێک لەهاوبەشی سەرکەوتو، ژیان بەخشینە و وەرگرتن پێکەوە، بەڵێ ڕۆمانسیەت بەشێکە لەژیانی هاوسەرگیری، چونکە دو ڕەگەزی جیاوازن ژن و پیاو، پڕ کردنەوەی لایەنی سۆزداری پێویستە و هەنوکەییە لەپێناو هەست کردن بەئەمان و دڵنیایی.

سروشتی ژیان وایە خۆشەوویستی بەپێی وێستگەکانی ژیان ئاڵنگاری تێدا دەکرێت، نابێت هەمو کاتی ژن و مێرد ببات، مرۆڤ لەهەرچیەکدا ڕۆچو ماندو دەبێت، دەبێت خۆمان بارگاوی بکەین بەژیان دۆستی و مرۆڤایەتی.

لێرەوە دەچیتە قۆناغێکی دیکە کە هەست کردنە بەبرپرسیاری بەرامبەر هاوژین و هاوسەری ژیانت ، کۆمەڵێک کرداری ڕۆژانە هاوکاری کردن و کەم کردنەوەی ئەرکی سەرشانی بەرامبەرەکەت و چەسپاندنی یەکسانی هاوسەرگیری، گفتۆگۆکردن و گۆڕینەوەی ئایدیا و بۆچونەکان، هاوکاری کاری ناوماڵ، نەرم و نیانی پاڵپشتی دەرونی بەرامبەر و ڕێزگرتن لەئارەزوەکانی، وەک کتێب و پێداویستی و کەرەستە تایبەتەکانی، نەرم و نیانی داینەمۆی جوڵاندنی ژیانی هاوسەرگیری سەرکەوتوە.

چەندە جوانە کاتێک ڕێز و پێزانین دو لایەنەبێت، چەند جوانە لەهەمو شتێکی ناوماڵ هاوبەش بن، ئەمە ئەگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی خێزان و میوان و نزیەکەکانیش سودمەند دەبن لەم جیهانە بچوکە دروستت کردوە و بۆتەهۆی تێڕامانی هەموان.

بەزەیی و ڕەحم بەشێکی گەورەی مرۆڤایەتی و مرۆڤی تێگەیشتوە، تێکەڵەیەکە لەخۆشەویستی و سۆز، مرۆڤ ڕوحمی نەبو مرۆڤ نییە و لەمرۆڤایەتی دەچێتە دەرەوە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو هەمو جیابونەوە ڕودەدات زۆربەیان لەسۆشیال میدیا و میدیاکان نمونەی بەناو ئەشق و خۆشەویستی بون.

ژیانێ هاوسەرگیری 180 پلە پێچەوانەی دیدی تێڕوانینی گەنجانە لەڕاستیدا، چونکە زۆربەی گەنجەکان لەسۆشیال میدیاوە سەیری ژیان دەکەن، کۆمەڵێک لەهەردو ڕەگەز چینی گەنجان بەئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەبەن، ئەو ژیانە ساختەی بەناوی ئەشق و خۆشەویستی دروست کراوە لەناو ئەپاکانی وەک سناپ چات، ئینستاگرام، فەیسبوک... کاریگەری دەرونی زۆری هەیە لەسەر گەنجان.

لێرەدا گرنگە لەوە تێبگەیت ڕەحم و ماڵێکی ئارام، سوننەتێکی ئیلاهی و سروشتی جوانی مرۆڤە، ئیسلام ڕۆڵێکی بەرچاو و گەورەی هەیە لەپێکهێنانی خێزان و ئەندامانی خێزان، ئێمە چۆن لەبەرامبەرەکەمان تێبگەین و بزانین چی لەناخیدایە ئەگەر بەقسە کردن و کردەوە و هەوڵوێست نەیبینین.

پێـوەرەکانی هاوسەرگیری :

ڕێژەی زۆری جیابونەوە مەترسی گەورەی لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیری دروست کردوە و لایەنی پەیوەندیدار لەو پێناوە تا ئەم ساتە هەوڵێکی ئەوتۆ و توێری و کرداری نیە بتوانن ئەو گرفتانە چارەسەر بکەن هۆکاری ئەو تراژیدیا گەورەی ژیانی هاوسەرانن.

سروشتی ڕوداوەکانی جیابونەوە ، زیاد بونی ماڵە سارد و سڕەکان، ئەو ماڵانەی خاڵین لەگفتوگۆی خێزانی و یاریکردن و تێکەڵی و گۆڕینەوەی ئایدیای خێزانی، بەجۆرێک من ناونراوە (جیابونەی بێدەنگ)، تەنها بەناو ژن و مێردن هەمو شتێکیان بۆ دەرەوەی خێزانە، پێکەنین، ڕوی خۆش، گرنگیپێدان، لەو جۆرە ماڵانە ئەرکانەکانی خێزان ڕوخاوە، بەناو خێزانن و ژیان تێیدا وشک بوە!

لەم سۆنگەوە پێوەرەکانی هەڵبژاردنی هاوسەر ئەکەێتە سەر کەفائەت و لێهاتویی تۆی گەنج ، تا چ ئاستێک وشیاریت و توانیوتە خوێندنەوە بۆ ڕەگەزی بەرامبەر بکەیت؟

ئەم توانایە دەکەین بە سێ بەشەوە :

(پـێـوەرەکـان، کـەسـایـەتـی، سـۆز) 

پێوەرەکــان (ئایین، ژیریی، ڕەوشت، هەڵسوکـەوت، نـاوبـانـگ، پشت، ماڵ، ئاستی زانستی، ڕۆشنبیری و دونیا بینی و تەمەن، پێگەی کۆمەڵایەتی، هەندێک هەڵسوکەوت کە: ڕەزیلی و دڵپیسی و قومار و تاوان و مەی خواردنەوە و بەپێی پاڵپشتی کۆمەڵگا ئەگۆڕدرێت) دەگرێـتـەوە.

کەس و کاری کچەکە یان کوڕەکە کار لەسەر ئەم بنامایانە دەکەن و بەدواداچون دەکەن بۆ وردترین هۆکار و پێوەرەکان، پێکهاتەی پێوەرەکان ئەنجامێکی باشمان دەست دەخات تا تێبگەین تا چ ئاستێک ئەم پڕۆسەی هاوسەرگیریە گونجاوە لەسەرەتاوە یان نــا. 

بۆ نمونــە پێوەری 100 دادەنێین، گەر هاتو پێوەرەکان لە %10 بو ئەوە بەڕونی تێدەگەین ئەم هاوسەرگیریە بناغەکەی لاوازە و بەئاسانی هەرەس دەهێنێت، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشمان زۆربەی دایک و باوک و کەس و کار، تەنانەت کچ و کورەکەش ئەم پێوەرانە دەزانن بەڵام بەردەوام دەبن و ئەو سەرکێشیە بەژیانی خۆیانەوە دەکەن.

پێوەرەکانی هاوسەرگیری لەکەسێک بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕدرێت، لەخێزانێکەوە بۆ خێزانێکی دیکە جیاوازە، چونکە باکگراوندی ڕۆشنبیری لەخێزانێک بۆ خێزانێکی دیکە جیاوازە ئەگەرچی لەیەک کۆڵان و لەیەک شار یان دێیەکدا بن، مەرج نیە هەمو پێوەرەکان ڕاست و دروست دەرچن زۆرکات کچ و کوڕێک لەسەر بنەمای دو پێوەر یان زیاتر هاوسەرگیری دەکەن و سەرکەوتوش دەبن.


کەوابو تێگەیشتنمان بۆ دروست کردنی ژیانێکی نوێ پەیوەستە بەبیر کردنەوەکانمانەوە، بەئاستی خوێندنەوەمان بۆ کەسی بەرامبەر، پەیوەستە بەژیانی ئێستامانەوە بەچیەوە سەرقاڵین کێمان کردوە بەسەر مەشقی ژیانمان.


زۆر جار گوێمان لێ ئەبێت ئەڵێن : دڵم نایگرێت، ناچێتە دڵەوە، بەدڵم نیە. لێرەدا پێوەری ئارەزو کردن دێتە ناو پڕۆسەکە و زۆرجار دورتر دەڕوات بۆ شێوە و باڵا و شێواز، لێرەوە پێویستە بزانین سۆز ناتوانێت وەک ژیریی بێت، هەمیشە بڕیارەکانی ژیریی ڕاست و دروستن ، نمونە : کاتێک میوانیت لەماڵێکدا شیرینی و کێک و پیپسی و زۆر شتی دیکە دێنن ، 
لەم ساتەدا ئارەزو پێمان دەڵێت: شیرینی و کێک و پیپسی بخۆین، بەڵام ژیریمان پێمان دەڵێت، زیانی هەیە نەیخۆیت!


خۆشەوویستی زۆر مرۆڤ کـوێـر دەکـات:

کاتێک زیاد لەپێوویست گرنگی بەکەسێک دەدەیت  دواتر لەدەستی دەدەیت، مرۆڤ ناتوانێت بەبەردەوامی شتێکی زۆر ببەخشێت، سۆزی زۆر، خۆشەویستی زۆر ڕۆژێک لەڕۆژان کەم دەکات و بەرامبەرەکەت ئەم گۆڕانکاریەی پێ هەزم ناکرێت، سروشتی ژیان وابوە و واشدەبێت نابێت مرۆڤ لەهیچ یەکێک سیفاتە مرۆڤایەتیەکان زیادەڕوی بکات.

لەڕووی زانستی یەکەم نیگا پێی دەوترێت، (الكيمياء التوافقي) ئەم یەکەم نیگا مرۆڤ کوێر دەکات لەبینینی کەم و کوڕیەکانی بەرامبەرەکەیدا، بەجۆرێک دوای ساڵانێکی زۆر هەست بەهەڵە گەورەکانی دەکات لەڕێگەی چاو بۆ دڵ بەسەری هاتوە.

زۆر جار سەرسام بون بەشتێکی سادەی بەرامبەر نوقم دەبێت لەخۆشەویستی بەرامبەرەکەیدا، لەم ساتانەدا زۆر پێویستە بەباشی بیربکەینەوە و ژیرییمان بکەین بەبڕیادەری ژیانــمـان.

گـەورەتـرین هەڵەکـان لەم سـاتـانـەوە دەسـت پـێـئـەکــەن گەنجەکان لەناو سۆشیال میدیا و ئەپەکاندا فریو ئەدرێن بەتێکست و بڕیاری ساختە، مرۆڤە ساختەکانی ناو جیهانێکی ساختە ناتوانن ژیانێکی ڕاست و حەقیقەت دروست بکەن، لەناو مۆبایلدا هەمو گەنجەکان ڕۆشنبیرن، فیمینیست و  خاوەن مەعریفە و پاڵەوانن، پاک و خاوێن و بەڕێز، بەڵام لەژیانی ڕاستی زۆر دەگمەنن ئەوانەی وەک ناو ئەکاونتەکانیانن.

لەم گۆشەنیگای سۆشیال میدیاوە تێئەگەین چاوەکان، گوێیەکان، دڵەکان فریو دەدرێن، ژیریی و ئەقڵ هیچ ڕۆڵێکیان نامێنێت، پێویستە گەنجەکان ژیرییان لەو جیهانە فەنتازیەی ناو مۆبایل ڕزگار بکەن.