چۆن گرنگی بە بیركردنەوەی كەسانی دیكە نەدەیت؟

03:12 - 05/01/2023

2889جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

رەنگە هەمیشە نیگەران بیت لەبارەی ئەوەی چی دەپۆشیت، چی دەكڕیت، چۆن خواردن دەخۆیت، چۆن كاردەكەیت، لەگەڵ كێ پەیوەندی دروستدەكەیت، چۆن هاوسەرگیری دەكەیت یان منداڵەكانت بەخێو دەكەیت، وە زۆر شتی دیكە، ئەمەش وادەكات ژیانكردنت بۆ كەسانی دیكە بێت نەك بۆ خودی خۆت.

راستییەكەش ئەوەشە، بیركردنەوەی كەسانی دیكە دەربارەی ئێمە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بڕیاردانی ئەوان و بیركردنەوەیان یان پێشبینییەكانیان لە ژیان دواتدەخات ئەگەر بەردەوام بیریان لێكەیتەوە، بە چەند رێگەیەك دەتوانیت چیتر گرنگیان پێنەدەیت.

1. خۆت بناسە
كاتێك تۆ خۆت دەناسیت و دەزانیت كەسێكی چۆنیت و لە خۆت دڵنیایت، چاوەڕێی ئەوە ناكەیت خەڵكانی دیكە تۆیان بەدڵ بێت یان رەتتبكەنەوە.

2. بەهاكانی خۆت بزانە
ئەوەی كە بەها بە تۆ دەدات، تەنها خۆتیت، چاوەڕێی ئەوە مەكە كەسانی دیكە بەها بە تۆ بدەن و بەرزت بكەنەوە یان نزمت بكەنەوە، كاتێك بەهای خۆت دەزانیت، چاوەڕێی هیچ شتێك ناكەیت.

3. تۆ بەرپرسی هەستەكانی خۆتیت
بە واتای ئەوەی تۆ بڕیار دەدەیت هەستەكانت پەیوەندی بە كەسانی دیكەوە هەبێت و لەسەر بیركردنەوەی ئەوان بەند بێت، یان لەسەر بیركردنەوەكانی خۆت بەند بێت، ئەگەر  تۆ بڕیاریان لەسەر بدەیت لەسەر چی بەند بن، ئەوكاتە ئاسان رێگەكانی دڵخۆشی دەدۆزیتەوە.

4. بزانە كە باشترین دەكەیت
لەو كارانەی كە دەكەیت باشترین هەوڵی خۆت بدە و باشترین پێشكەش بكە، كاتێك ئەمە دەكەیت، چاوەڕێ ناكەیت چواردەورت كارەكانت بۆ هەڵسەنگێنن.

5. بزانە كە هەمو كەسێك هەڵە دەكات
تەنانەت پێویست نییە لە كاتی كردنی هەڵەیەكیش نیگەران بیت، هەموان هەڵە دەكەن، ئەوەی گرنگە بیزانیت دو شتە، كەسانی دیكە هەڵەكانت بۆ راست ناكەنەوە و دەبێت خۆت راستی بكەیتەوە، وە هەڵەكردن ناتڕوخێنێت، بەڵكو دروستت دەكات.