خەندان لایف
پێش ئەوەی پێ بنێینە ساڵێكی نوێی ژیانەوە، پێویستە بزانیت كە هێشتا لەناو 2022ـدایت و كات ماوە بۆئەوەی چەند گۆڕانكاریەك ئەنجامبدەیت، چونكە چۆن كۆتایی بە ئەمساڵت بهێنیت، بەو شێوەیەش ساڵی نوێ دەستپێدەكەیت.
پێش ئەوەی بچیتە ناو ساڵی نوێوە دڵنیابەرەوە لەوەی ئەم كارانە بكەیت، بۆئەوەی لەگەڵ ئەو ساڵەدا ژیانێكی نوێش دەستپێبكەیت.
1. پرۆژە تەواونەكراوەكانت تەواو بكە، ئیتر لە هەر رویەكەوە بێت، هێشتا چەند رۆژێك ماوە، ئەمەش وادەكات بە مێشكێكی ئارامەوە ساڵی نوێ دەستپێبكەیت.
2. پەیوەندی بكە بەو كەسانەی كە پەیوەندیت لەگەڵیان نەماوە بە هەر هۆكارێك بێت، ناخۆشی و رق و توڕەییەكان لە ئەمساڵدا جێبهێڵە و ساڵی داهاتوت بە خۆشەویستییەوە بەسەربەرە.
3. رۆتینی رۆژانەت بگۆڕە، بەسەربردنی كاتەكانت بە هەمان شێوەی جاران توشی بێزاریت دەكات، بەڵام گۆڕینی رۆتین دڵخۆشتدەكات.
4. ئەو ئامانجانەت دابنێ كە دەتەوێت لە ساڵی نوێدا هەوڵیان بۆ بدەیت و پێیان بگەیت، با ئامانجەكانت كەم و گەورە بن.
5. سوپاسی هەمو ئەو كەسانە بكە كە لە ئەمساڵدا یارمەتیان دایت، پەیوەندیت لەگەڵیان بەهێز بكە و پەرە بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانت بدە.
6. لیستێك ئامادە بكە بۆ ئەو رەفتار و بیركردنەوە نەرێنیانەی لە تۆدا هەیە، كاریان لەسەر بكە و چارەسەریان بكە، بۆ نمونە ئەگەر كەسێكیت متمانەت بە خۆت نییە و بەردەوام لۆمەی خۆت دەكەیت، هەوڵبدە كاری لەسەر بكەیت و بیگۆڕیت.
7. چاوێك بە پەیوەندییەكانتدا بخشێنەرەوە، ئەو كەسانەی كە نەرێنین لە ژیانی تۆدا و بەردەوام واتلێدەكەن رقت لە خۆت بێتەوە یان متمانەت بە خۆت نەبێت و بیركردنەوەی نەرێنیت هەبێت، لە خۆتیان دوربخەرەوە و چیتر پەیوەندیت لەگەڵیان بەردەوام مەكە.