خەندان لایف
ژنێكی نەمسایی بە نزیكەیی 50 هەزار دۆلاری لە جوانكاریدا خەرج كردوە، تەنها بۆ حەزێكی نامۆ، كە لە بوكەشوشەی باڕبی بچێت و بە نیاز نییە وازبهێنێت.
ئۆلیڤێرا، ژنێکی نەمساییە بوەتە جێی سەرنجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەهۆی نەشتەرگەرییە زۆرەكەیەوە، كە دەیەوێت هاوشێوەی باڕبی دەربكەوێت و دەڵێت، "لێوە گەورەكانم رەنگە زیاتر لە بەشەكانی دیكەی روخسارم جێی مشتومڕ بێت، هەندێك خەڵك بەدڵیانە و هەندێكی دیكە رقیان لێدەبێتەوە، بەڵام من ئارەزوم لێیەتی".

ئەو خانمە نەمساییە وتیشی،"لە تەمەنی 18 ساڵییەوە دەركەوتنێكی پلاستیكی ئامانجی ژیانمە"، ئەو نەشتەرگەریانەی ئەنجامیداوە لە ژماردن نایەت، بە نزیكەیی 50 بۆ 60 دەرزی بۆ لێوی كردوە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەو خانمە بە شێوەیەك هۆگری نەشتەرگەری جوانكاری بوە كە دەڵێت، "هێشتا پلانم هەیە نەشتەرگەری زیاتر بكەم و بە بێ ئەوە ناتوانم بژیم".
ئۆلیڤێرا بەهۆی ئەم نەشتەرگەرییانەوە روبەڕوی رەخنەیەكی زۆر بوەتەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەندێك كەس بۆیان نوسیوە، "باشترە چارەسەری دەرونی وەربگرێت"، هەندێكی دیكەش دەڵێن، "ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت خۆی لەناودەبات".
