پەروەردەی سێکسی کەی دەستپێدەکات؟

11:05 - 21/12/2022

7829جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

یەكێك لەو پرسیارانە كە دایكان و باوكان بەردوای وەڵامەكەیدا دەگەڕێن ئەوەیە كە كەی پەروەردەی سێكسی دەستپێدەكات و چۆن دەستپێدەكات بۆئەوەی منداڵەكانیان لەو لایەنەوە هۆشیار بكەنەوە، جەعفەر عومەر، پزیشكی دەرونی وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە.

پەروەردەی سێكسی کە لە لەدایکبونی منداڵەوە دەستپێدەکات، بەڵام بەشێوەیەکی قۆناغبەند و جیاواز بۆ هەر تەمەنێکی مرۆڤ، کاتێک دەڵێین لە دوای لەدایکبونەوە دەستپێدەکات واتای ئەوە نییە کە یەکەم ڕۆژ منداڵەکە فێربکەین و بۆی باسبکەین.

پەروەردە بابەتێکی کردارییە، پێویستی بە ئەنجامدان هەیە و دایباب هەر کە منداڵەکە لەدایکبو خۆیان دەستدەکەن بە پەروەردەی سێکسی، یەکەم هەنگاویش ئەنجامدانی پەروەردەی ڕەگەزییە؛ جلوبەرگ و پێخەف و ژوری تایبەتی منداڵ ئامادە دەکەن بۆ منداڵی کوڕ بە ستایلێک و بۆ کچ بە ستایلێکی تر، ئەمە خودی پەروەردەیە کە دواتر منداڵ لەسەری ڕادێت و خۆی پێوە دەناسێتەوە و هۆگری دەبێت.

دواتر لە شێوازی دایبی گۆڕین، پاککردنەوە، شۆردن، فێرکردنی چونە سەرئاو، ئەندامەکانی زاوزێ، خۆپاراستن لە دەستدرێژی، هەتا باڵغبون و پاڵنەری سێکسی ئەنجامدەدرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای پلەبەندی  و بەگوێرەی تەمەن و توانا و تێگەیشتنی منداڵ.

بەداخەوە زۆر هەڵە تێگەیشتن لە بارەی پەروەردەی سێکسییەوە لە کۆمەڵگەدا هەیە، هەڵەی باو و یەکەم ترسانە لە پەروەردەی سێکسی لە تەمەنی سەرەتای منداڵی! سەرچاوەی ئەم ترسەش لەوەوەیە کە پێیانوایە پەروەردەی سێکسی واتە باسکردنی سێکس بۆ منداڵان.

لەکاتێکدا کە پەروەردەی سێکسی لە قۆناغەکانی سەرەتا و بە نزیکەیی هەتا تەمەنی 10 ساڵان پێویست ناکات دەتەواژەی سێکس بەکاربهێندرێت، بەڵکو لە ڕێگەی تر و بە شێوازی تر پەروەردەکە ئەنجادەدرێت. لەبەرئەوە نابێت ئەم جۆرە لە پەروەردە دوابخرێت، چونکە مەترسی هەیە لە شوێن و کەسی ترەوە بە هەڵە پەروەردە ببێت، یان ڕوبەڕوی دەستدرێژی بێتەوە و نەزانێت چۆن خۆی بپارێزێت.