خەندان لایف
نوسرەت گۆكچە، كە بە سەڵت بەی ناسراوە، روبەڕوی رەخنەیەكی زۆر بوەوە پاش ئەوەی لەناو یاریگا و لەگەڵ یاریزانان دەركەوت كاتێك جامی جیهانیان بەدەستهێنا.
پاش ئەوەی لە 18ی ئەم مانگە یاری كۆتایی نێوان فڕەنسا و ئەرجەنتین ئەنجامدرا و ئەرجەنتین توانی ببێت بە براوەی جامی جیهانی و كاسەكە بەدەستبهێنێت، لە كاتی ئاهەنگگێڕانی یاریزانان لەناو یاریگا، شێف نوسرەت لەناو یاریزانەكان بینرا كە وێنەی لەگەڵیان دەگرت و جامی جیهانیی بەدەستەوە بو.
بە پێی یاساكانی فیفا، ئەو كەسانەی بۆیان هەیە دەست لە جامی جیهانی بدەن، كە نرخەكەی 20 ملیۆن دۆلارە، تەنها یاریزانانی براوە و خێزانەكانیانە، لەگەڵ ئەو یاریزانانەی پێشتر براوە بون.
بڵاوبونەوەی وێنەكانی شێف نوسرەت توڕەیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لەلایەن بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بۆیان نوسیوە، "ئەو تەنانەت مافی چونە ناو یاریگاشی نییە، چۆن توانیویەتی دەست لە كاسەكە بدات، ئەو شوێنە تەنها بۆ ئەو كەسانەیە كە بە سەختی هەوڵیانداوە ئەو جامە بەدەستبهێنن، نەك بۆئەوەی كەسانی دیكە ئاهەنگ بگێڕن و سێڵفی بگرن".
یەكێك لە وێنەكانی دیكەی ئەو شێفە كە بە تەواوی توڕەیی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەوەیە كە مەدالیای زێڕی یەكێك لە یاریزانەكانی كردوەتە دەمییەوە، وێنەی لەگەڵ گرتون.
سەڵت بەی، چێشتلێنەرێکی تورکە لە ساڵی 2017 بەهۆی جوڵە نامۆكانییەوە بەناوبانگ بو، خاوەن زنجیرەیەک رێستۆرانتە لە تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان.