هۆکارە بنەڕەتییەکانی کێشەی نێوان هاوسەران

02:08 - 06/12/2022

2481جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

هۆکاری زۆربونی کێشەکانی ناو خانەوادەی کوردی زۆرن و زۆرینەشیان چارەسەریان هەیە، دكتۆر جەعفەر عومەر هۆكارەكانی خستوەتەڕو.

هۆکارەکانی كێشەی نێوان هاوسەران دو ئاستییان هەیە:
دوەم: هۆکارە بنەڕەتییەکان؛ 
ئەو هۆکارانەن کە کاردەکەنە سەر تێڕوانین و تێگەیشتن و بیرکردنەوەکانی تاک و دەبنە بەشێک لە کەسییەتی و سەرچاوەن بۆ ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی!

یەكەم: هۆکارە بەرچاو و دیارەکان؛ 
ئەو هۆکارانەن کە ئێمە ڕؤژانە دەیانبینین و بە هۆکاری کێشەکانیان دەزانین، بەڵام لە ڕاستیدا هەمویان سەرچاوەیان هۆکارە بنەڕەتییەکانە!

لەم بەشەدا تەنها هۆکارە بنەڕەتییەکان باسدەکەین:

1. ژن و پیاو لە دو کلتور و پەروەردەی جیاوازەوە دێن؛ زۆرجار لە لایەن دایبابەوە فێرنەکراون کە ئەو جیاوازییانە قبوڵبکەن، دەرئەنجامیش لەیەکتری تێناگەن و جیاوازییەکان دەبنە کێشە.

2. جیاوازی بنەڕەتی هەیە لەنێوان ڕەگەزی نێر و مێدا؛ بەشێوەیەک کە لە بیرکرنەوە، هەست وسۆز، تێڕوانین، دونیابینی، پێداویستییەکان. جیاوازی گەورە هەیە لەنێوان پیاو و ژن، تێنەگەیشتن لەم جیاوازییە و مامەڵەکردن بە ئاڕاستەی یەکسانی نێوانیان کێشەکانیان قوڵتر دەکاتەوە. ژن و پیاو دەبێت یەکتری تەواوبکەن نەک وەکو یەک مامەڵە بکەن.

3. ژیانکردن گۆڕاوە؛ خێرابونی گۆڕانکارییەکان و زۆربونی پێداویستییەکانی تاک و خێزان کاریگەری گەورەی هەیە. ئەمە هۆکارێکی کاریگەرە وادەکات کە تاکی ئەمڕۆ و دوێنێ جیاوازبێت، بەڵام مامەڵەکە وەکو دوێنێ دەکریت، بۆنمونە کوڕێک دەیەوێت ژنەکەی بەوشێوەبێت کە دایکی بۆ باوکی کردویەتی، بەڵام کچەکە دەیەوێت وەکو هاوڕێکەی یان ئەکتەری ناو فلیمەکە بێت کە چۆن ژیان دەکات. تێنەگەیشتن و مامەڵەی ناتەندروست لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە دەرئەنجامەکانی کێشەیە.

4. باوەڕی هەڵەی گشتی چەسپاوی ناو کۆمەڵگە؛ بۆنمونە کە ئافرەت بە کەسێکی عاتفی و کەمئەقڵ سەیردەکرێت و پیاویش بە بێهەست و توند سەیر دەکرێت، ئەم تێڕوانینە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر سەیرکردنی هاوسەران بۆ یەکتری و بەوشێوە مامەڵە دەکەن، لەکاتێکدا ئەمە هەڵەیە و ڕاستی نییە. هەندێکجار ئەم باوەڕە هەڵانە گرێی دەرونی کۆمەڵی دروستدەکەن و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی دەبێت.

5. مەشغوڵبونی هەردو ڕەگەز؛ بەهۆی ئەو مەشغوڵبونە زۆرەی مرۆڤی سەردەم هەیەتی بەتایبەت کە زۆربەی کاتەکانی بە سەیرکردنی شاشەوە بەسەردەبات! وادەکات کاتیان بۆ پەیوەندی هاوسەری کەمببێتەوە و نەتوانن کات بۆ خۆیان و کێشەکانیان دابنێن. بەتایبەت کە لە ئێستادا ئافرەتان کاردەکەن و پیشەیان هەیە، ئەمەش ماندوبونیان بۆ دروستدەکات و ئەرکێکی زیاترە لەسەر ئەرکەکانی ماڵەوە.

ئەوە هۆکارە بنەڕەتیییەکانە و ڕەگی کێشەکانە، هۆکارەکانی وەکو کێشەی ئابوری، خۆتێهەڵقورتاندنی کەسوکاری هەردولا، کێشەی منداڵان، لاوازی سێکسی، توڕەیی... هۆکارە بەرچاو و دیارەکانە کە ئێمە دەیبینن و زۆرینەی لە ڕەگەکەوە سەرهەڵدەدات.

ئاماژەکردن بە هۆکارە بنەڕەتییەکان و زانینیان گرنگییەکەی لەوەدایە کە بۆ داهاتو نەوەکان وا پەروەردە نەکەین و ئاڕاستەی پەروەدەییمان بگۆڕین، هەروەها کاتێک کە کێشەیەک دێتە پێشەوە بزانین کە ئەم هۆکارانەی لە پشتەوەن کە زۆرجار تاک قوربانییە نەک تاوانبار!