ئەو زانیاریانەی پێویستە بیزانیت لەبارەی نەشتەرگەری جوانکاری لوت

12:20 - 10/11/2022

5660جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف - چراخان محمود، ڕوەیدا عارف

نەشتەرگەری جوانکاری لوت جۆرێکی نەشتەرگەرییە کە دەتوانێت لوت بچوکتر بکات یان تەسکی بکاتەوە،  وە هەروەها ده توانێ لوت گهورهتر بکات یان یارمەتیت بدات بۆ هەناسەدانی باشتر، یاخود نەشتەرگەری جوانکاری لوت ئەنجام بدرێت بۆ گۆڕینی شێوازی ئێسقانی لوت یان دەرکەوتنی نوکی لوت، وە ده توانێ کۆسپ و کێشەکانی دیکه چارەسەر بکات و شێوەی دەرکەوتنی کونەکانی لوت بگۆڕێت.


نەشتەرگەری جوانکاری لوت توانای ئەم ڕێکخستنانەی هەیە:

1. کەمکردنەوە یان زیادکردنی قەبارەی لوت.
2. مەودای کونەکان تەسک دەکاتەوە.
3. گۆڕینی گۆشەی نێوان لوت و لێوی سەرەوە.
4. گۆڕینی نوک یان ئێسقانی لوت.

نەشتەرگەری جوانکاری لوت دەکرێت بکرێت وەک کردارێکی داخراو یان کراوە:

کرداری داخراو/ پزیشکی نەشتەرگەری کار دەکات بە بڕین  لە بەشی ناوەوەی لوت.

کرداری کراوە/ پزیشکی نەشتەرگەری لە دەرەوە کار دەکات بە بڕینێکی بچوک لە سەر ئەو شانەیەی کە کونەکانی  لوت دابەش دەکات.

نەشتەرگەری لوت بۆ باشکردنی بەربەستەکانی بۆری هەناسەدان ئەنجام دراوە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی وردی پێکهاتەی لوت هەیە، نەشتەرگەرییەکە دەتوانێت  ناڕێکی و خواربونی ئێسکی لووت ڕاستبکاتەوە، کە هۆکارێکی باوی تێکچونی هەناسەدانە، بە رێکخستنی پێکهاتەی لوت بۆ ئەوەی وەستانێکی باشتر دروستبکات.


تۆ خوازیارێکی باشی بۆ نەشتەرگەری جوانکاری لوت ئەگەر:

1. گەشەی دەموچاوت تەواو بێت.
2. جەستەیەکی تەندروستت هەبێت.
3. جگەرە نەکێشیت.
4. بۆچونێکی ئەرێنی و ئامانجی ڕاستەقینەت هەبێت بۆئەوەی کە لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە چی ئەنجام بدرێت. 

نەشتەرگەری لوت لەوانەیە ئەنجامبدرێت بە هەمو ئەو بڕینەی کە لە ناوەوەی لوت یان بە بڕینێکی بچوک لە بەشی تەسکی کۆڵەکەی لوتدا ئەنجام بدرێت. 

پزیشک چوارچێوەی ئێسک و کڕکڕاگەی لوت دەتاشێت بۆ ئەوەی ئەنجامی خوازراو بەدەست بهێنێت، ئێسک و کڕکڕاگەی زیادە یان پێست لەوانەیە لاببرێت یان دوبارە دابنرێتەوە.

لە هەندێک حاڵەتدا، کڕکڕاگە لە Nasal Septum (دیواری شانەی دابەشکردنی دو ڕێڕەوی هەوایی لوت)ـیان لە گوێچکەوە وەرگیراوە و بەکاردێت بۆ زیادکردنی پێکهاتە یان پشتگیری لە شوێنی پێویست، دوای نەشتەرگەریەکە، زۆر جار قاڵب دانراوە بۆ پاراستنی لوت.

زۆربەی نەخۆشەکان لە ماوەی یەک یان دو ڕۆژدا دەست بە چالاکییەکانی ماڵەوە دەکەن، ئازار و ناڕەحەتی دوای نەشتەرگەرییەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بە دەرمانی ئازاری زارەکی کۆنترۆڵ دەکرێت. بەزۆری تەقەڵ و پێچانەوەکان لە ماوەی یەک هەفتە دوای نەشتەرگەری لادەبرێن. لە ماوەی یەک بۆ دو هەفتەدا زۆربەی نەخۆشەکان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کار. لە ماوەی دو هەفتەدا زۆربەی سوربونەوە و هەڵئاوسان چارەسەر دەبێت، لەوانەیە ئاوسانی زیاتر ڕوبدات و بەردەوام بێت، بە پێی سروشتی تەواوی نەشتەرگەریەکە و نەخۆشەکە.


کاریگەریە لاوەکییەکان:

هەر نەشتەرگەرییەک مەترسی خۆی هەیە، کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەم نەشتەرگەریەش لەوانەیە پێکبێت لەم کاریگەریانە:

1. پێویستبون بە نەشتەرگەری زیاتر لە (حاڵەتە دەگمەنەکاندا)، 
لەوانەیە پێویستی بە نەشتەرگەری دوەم بێت بۆ چاککردنی  ئەو کەم و کوڕیەی کە بەهۆی نەشتەرگەری سەرەتاییەوە ڕودەدات.

2. زەحمەتیەکانی نەشتەرگەری، هەر وەک لە هەر نەشتەرگەرییەکدا مەترسی هەوکردن یان کاردانەوە هەیە بەرامبەر بە بێهۆشی.

3. هەروەها خوێنبەربونی لوت دوای نەشتەرگەری بۆی هەیە ڕوبدات.

4. تەقینی خوێنبەرەکان، خوێنبەرەکان دەتەقێن هەندێ جار لەوانەیە خوێنبەرە بچوکەکان بتەقنەوە، کە دەبێتە هۆی خاڵە سورە بچوکەکان لەسەر لوت. خاڵەکان زۆربەی کات لە ڕواڵەتدا بچوکن بەڵام دەتوانێ هەمیشەیی بێت.

5. جێی برین بە کرداری نەشتەرگەری کراوە، جێی برین لەسەر بنی لوت دەکرێت ڕوبدات.