دیانا حەداد پاش بڵاوبونەوەی دەنگۆی مسوڵمانبونی، بە ئەلبومێكی نوێوە دەگەڕێتەوە

01:36 - 28/07/2022

5961جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

خانمە ئەستێرەی لوبنانی، دیانا حەداد دوبارە گەڕایەوە مەیدانی هونەری و ئاشكرایكرد ئەلبومێكی نوێی گۆرانی بەناوی "دیانا حەداد 2022" بڵاودەكاتەوە.

دیانا حەداد لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاند، ئەلبومە نوێیەكەی بەناوی "دیانا حەداد 2022" دەبێت، كە ژمارەیەكی زۆر لە گۆرانی لەخۆگرتوە، چەندین میوزسیان و هونەرمەندی بەناوبانگ بەشداری بەرهەمهێنانی ئەم ئەلبومەیان كردوە.

ئەمە لە كاتێكدایە دیانا بۆ ماوەی 8 ساڵە لە دنیای گۆرانیوتن دورە، كۆتا ئەلبومی كە بڵاویكردەوە بەناوی "يا بشر" بو، كە 13 گۆرانی لە خۆگرتبو و لە ساڵی 2014 بڵاویكردەوە.

هەروەها لە چەند هەفتەی رابردو دیانا حەداد لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام تەواوی وێنەكانی سڕییەوە، لە سۆشیاڵ میدیا دەنگۆی ئەوەی بەدوای خۆیدا هێنا كە مسوڵمانبوە و وازی لە كاری هێناوە، بەڵام بەڕێوبەری كارە هونەرییەكانی ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە.

دیانا حەداد لە باوکێکی مەسیحی و دایکێکی مسوڵمان لەدایک بوە، کە ئەوە لە کلتوری لوبنانیەکان ئاساییە دو کەس بە دو بیروباوەڕی جیاوازی ئاینیەوە هاوسەرگیری بکەن، دیانا دوای مردنی دایکی بڕیاریدا ئاینەکەی بگۆڕێت بۆ ئیسلام.

لە ساڵی 2018 دەربارەی گۆڕینی ئایینەکەی، دیانا حەداد لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، "دوای مردنی دایکم لە مانگی رەمەزاندا هەوڵمدا زیاتر لە ئیسلام قوڵ ببمەوە، ئەو کەسانەی لە دەوروبەرم بون فێریان کردم کە چۆن قورئان بخوێنم و نوێژ بکەم، بەتایبەتی لەو مانگەدا".

هەروەها هاوسەرەکەی دیانا حەداد کە پیاوێکی مسوڵمانە یارمەتیداوە بۆ ئەوەی زیاتر پەیوەستی ئاینی ئیسلام ببێت، دیانا دەربارەی ئاینی ئیسلام وتی "باوەڕم وایە ئاینی ئیسلام ئاینێکی راست و دروستە، رێز لە هەمو ئاینەکانی دیکە دەگرم".