ئایا دیانا حەداد بەهۆی مسوڵمانبونی وازی لە كاری هونەری هێناوە؟

02:36 - 06/07/2022

10034جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی، دیانا حەداد بەهۆی سڕینەوەی تەواوی وێنەكانی لە ئینستاگرام، دەنگۆی ئەوەی بەدوای خۆیدا هێنا كە لە كاری هونەری دوركەوتوەتەوە، بەڵام بەڕێوبەری كارە هونەرییەكانی ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردو دیانا حەداد لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام تەواوی وێنەكانی سڕییەوە، لە سۆشیاڵ میدیا دەنگۆی ئەوەی بەدوای خۆیدا هێنا كە مسوڵمانبوە و وازی لە كاری هێناوە، هەندێكیشیان دەیانوت، لە كاتی خۆ ئامادەكردندایە بۆ كاری نوێی هونەری هەربۆیە وێنەكانی سڕیوەتەوە.

بەڕێوبەری كارە هونەرییەكانی دیانا حەداد، لەوبارەیەوە رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، "دەنگۆی وازهێنانی دیانا حەداد دورە لە راستییەوە و ئەو خانمە هونەرمەندە هیچ بیرۆكەیەكی لەو شێوەیەی نییە و سڕینەوەی وێنەكانیشی بەو هۆكارە نییە، لە ئێستا و ماوەی رابردوش سەرقاڵی چەند كارێكی نوێی هونەری بو، كە بڕیارە بەم زوانە بڵاویبكاتەوە".

هەروەها لەبارەی بڵاوبونەوەی ئەو وێنەیەی كە دیانا لە مەككەی پیرۆز لە كاتی ئەنجامدانی عەمرەدا گرتویەتی،  بەڕێوبەری كارە هونەرییەكانی وتی، "مسوڵمانبونی دیانا چیرۆكێكی نوێ نییە و چەند ساڵێك بەر لە ئێستا ئەو مسوڵمانبوە، سەرسامم بەوەی كە ئێستا دوبارە بڵاوكراوەتەوە".


دیانا حەداد لە باوکێکی مەسیحی و دایکێکی مسوڵمان لەدایک بوە، کە ئەوە لە کلتوری لوبنانیەکان ئاساییە دو کەس بە دو بیروباوەڕی جیاوازی ئاینیەوە هاوسەرگیری بکەن، دیانا دوای مردنی دایکی بڕیاریدا ئاینەکەی بگۆڕێت بۆ ئیسلام.

لە ساڵی 2018 دەربارەی گۆڕینی ئایینەکەی، دیانا حەداد لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، "دوای مردنی دایکم لە مانگی رەمەزاندا هەوڵمدا زیاتر لە ئیسلام قوڵ ببمەوە، ئەو کەسانەی لە دەوروبەرم بون فێریان کردم کە چۆن قورئان بخوێنم و نوێژ بکەم، بەتایبەتی لەو مانگەدا".

هەروەها هاوسەرەکەی دیانا حەداد کە پیاوێکی مسوڵمانە یارمەتیداوە بۆ ئەوەی زیاتر پەیوەستی ئاینی ئیسلام ببێت، دیانا دەربارەی ئاینی ئیسلام وتی "باوەڕم وایە ئاینی ئیسلام ئاینێکی راست و دروستە، رێز لە هەمو ئاینەکانی دیکە دەگرم".