خەندان لایف
پاش ئەوەی كیم كارداشیان ئەو عەزیەی پۆشی كە مارلین مۆنرۆ پێش 60 ساڵ پۆشیبوی، وێنەكەی بڵاوكرایەوە كە شێوێندراوە و چەند كریستاڵێكی لێ كەوتوە.
پێگەی Pop Culture، وێنەی عەزیە بەناوبانگەكەی مارلین مۆنرۆی بڵاوکردەوە لە پێش و دوای ئەوەی کارداشیان پۆشیبوی بۆ ئاهەنگی مێت گالا، یەکێک لە وێنەكان نیشانی دەدات كە قوماشەكە کشاوە و و چەند كریستاڵێك ون بوە، بەتایبەتی لە شوێنی داخستنی جلەكە لە بەشی پشتەوە.
پێشتر مارلین مۆنرۆ ئەو عەزیەی لە ساڵی 1962 لە یادی لەدایكبونی جۆن كێنەدی پۆشی و بە "گرانترین عەزی جیهان" دادەنرێت، بەڵام لە 1ی ئایاری ئەمساڵ كیم كارداشیان لە مەراسیمی مێت گالا پۆشی، روبەڕوی رەخنەیەكی زۆر بوەوە پاش ئەوەی عەزیەكە شێوێندرا، چونكە بە "پارچەیەك هونەری مێژویی" دادەنرێت.

كیم بۆ پۆشینی ئەو عەزیە 3 هەفتە پێش مەراسیمەكە، خۆی لە خواردن و خواردنەوە گرتبوەوە و لە رێجیمدابو، بۆئەوەی بتوانێت 7 كیلۆ لە كێشی كەمبكاتەوە، تەنانەت دوای پۆشینیشی نەیدەتوانی بە ئازادی بجوڵێت و هەڵسوكەوت بكات.