جەستن بیبەر توشی ئیفلیجی روخساری دەبێت

09:30 - 11/06/2022

15925جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

گۆرانیبێژ و راپەری ناسراوی ئەمریكی، جەستن بیبەر توشی نەخۆشییەكی ڤایرۆسی بو كە بەهۆیەوە نیوەی روخساری ئیفلیج بو و كۆنسێرتەكانی بۆ دوای چاكبونەوەی دواخست.

جەستن بیبەر لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڤیدیۆیەكی خۆی بڵاوكردەوە كە تێیدا دەڵێت، "وەكو دەبینن ناتوانم چاوم بتروكێنم، ناتوانم بەم لایەی روخسارم زەردەخەنە بكەم، چونكە توشی ئیفلیجی هاتوە، بۆ ئەو كەسانەی نیگەرانن لەبارەی هەڵوەشانەوەی نمایشەكانی داهاتو، ویستم بڵێم كە توانای ئەنجامیدانیم نییە، ئەمە نەخۆشییەكی زۆر جددییە وەكو دەبینن، هیواخوازبوم كە ئەمە رونەدات، بەڵام دیارە جەستەم پێم دەڵێت كە دەبێت هێواش بم و پشو بدەم".

بە پێی راپۆڕتێكی پزیشكی Mayo Clinic، نەخۆشی Ramsay Hunt syndrome، نەخۆشییەكی ڤایرۆسی دەگمەنە، كە هێرش دەكاتە سەر دەمارەكانی گوێ و روخسار، زیاتر لە كەسە بەتەمەنەكان دەردەكەوێت و كاریگەری لەسەر كەسانی سەرو تەمەن 60 ساڵ دەبێت.

لە كۆتاییدا جەستن وتی، "پێویستە پشو بدەم بۆئەوەی روخسارم هاوشێوەی پێشوی لێبێتەوە، ئێوەم خۆشدەوێت، باشتر دەبم و هەمو راهێنانێكی روخسار دەكەم بۆئەوەی روخسارم بگەڕێنمەوە دۆخی ئاسایی خۆی، تەنها كاتی پێویستە، نازانین چەندە كاتی پێویستە، بەڵام باش دەبێت".

ئەم چەند مانگەی رابردو بۆ جەستن و هاوسەرەكەی كاتێكی سەخت بو، هایلی بیبەر لە سەرەتای ئەمساڵدا چوند نیشانەیەكی هاوشێوەی جەڵتەی مێشكی تێدا دەركەوت بەهۆی مەیینی خوێنەوە لە مێشكیدا، بەڵام بە زویی چارەسەركرا.