كەی باشترین كاتە بۆ هاوسەرگیری؟

01:56 - 07/06/2022

16803جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

زۆرجار پرسیار دەکرێت "ئایا چی تەمەنێک گونجاوە هەتا مرۆڤ هاوسەرگیری بکات؟" وەڵامەکەش بەگوێرەی ڕای کەسی یان لەسەر بنەمای چەند توێژینەوەیەک دەدرێتەوە کە تەمەنێکی دیاریکراو دادەندرێت بۆ هاوسەرگیری، دكتۆر جەعفەر عومەر پسپۆڕی دەرونی باشترین كاتی بۆ هاوسەرگیری دەستنیشانكردوە.

لە ڕاستیدا؛ "کاتی گونجاو هەیە بۆ هاوسەرگیری نەک تەمەنی گونجاو" واتە مەرج نییە تەمەنێکی دیاریکراو بێت، بەڵکو کاتێکی دیاریکراو هەیە لە ژیانی تاکدا کە گونجاوە بۆ هاوسەرگیری. کەواتە ئەو کاتە کەیە؟

کاتی گونجاو
کاتێک کە تاک توانی پێداویستییە (کەسی، خێزانی، کۆمەڵایەتی، کلتوری، ئابوریی..) بەدەستبهێنێت بۆ هاوسەرگیری، ئەو کاتە دەتوانێت هاوسەرگیری بکات، لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەین کە ئەگەر مرۆڤ بویە خاوەنیان ئەوە گونجاوە هەتا هاوسەرگیری بکات.

- دروستبونی کەسییەتی تاک؛ واتە کامڵبونی کەسیەتی تاک لە ڕوی ناسنامە، ژیری، هەستوسۆز.. لەم ڕێگەیەوە لە ئامانج و مەبەستی هاوسەرگیری تێدەگات و دەزانێت بۆچی و چۆن هاوسەرگیری بکات.

- دەروندروست بێت؛ کامڵبونی دەرونی و بەهێزی دەرونی تاک هاوکارە هەتا مرۆڤ پشتبەخۆی ببەستێت و سەربەخۆبێت لە بڕیارەکانی.

- تەواوبوونی گەشەی جەستەیی؛ بونی توانای جەستەیی بۆ کاری هاوسەرگیری بەتایبەت باڵغبون و گەشەکردنی ئەندامەکانی زاوزێ. دەبێت گەشەی ئەندامەکانی جێگیربوبێت هەتا گۆڕانکاری گەورە ڕونەدات لە کاتێکدا لەگەڵ هاوسەرەکەیەتی.

- هەروەها لە ڕوی دەماریشەوە گەشەی تەواوبوبێت، بۆنمونە مرۆڤ مێشکی لە گەشەدایە هاتە تەمەنی 21 ساڵی.

- خاوەنی پیشە بێت؛ ئەو کەسەی هاوسەرگیری دەکات پێویستە کە خاوەنی پیشەیەک بێت کە داهاتەکەی بەشی ژیانی خێزانێک بکات! ئەمە مانای ئەوە نییە کە هەمو پێداویسییەکانی هەبێت، بەڵکو تەنها مەبەست ئەوەیە کە کەسەکە خاوەن کار بێت و پشت بەخۆی ببەستێت نەک کەسانی تر.

- بونی توانای پەروەردەکردن: پێویستە ئەو کەسەی هاوسەرگیری دەکات دەبێت بزانێت چۆن نەوەکانی لە داهاتو پەروەردە دەکات! ئەو دەستیکردوە بە پرۆسەیەک کە لە داهاتو بەرپرسیارییەتی پەروەردەکردنی دەخاتە سەرشان. لە سەرەتاوە لەو پرۆسەیە نەزانێت لە داهاتو قورسە کە فێریببێت یان لەوانەیە کاتی نەبێت یان بیرینەبێت کە خۆی فێربکات.

- تەندروستبون و توانای منداڵ خستنەوە، یەکێک لە ئامانجەکانی هاوسەرگیری بەردەوامیدانە بە وەچەی مرۆڤایەتی، لەبەرئەوە ئەو کەسەی کە هاوسەرگیری دەکات دەبێت تەندروست بێت و توانای دروستکردنی منداڵی هەبێت.

- خوێندەواری و بونی بڕوانامە؛ ئەمەیان داواکارییەکی سەردەمە و بەهۆی داخوازی دونیای نوێ بە بونی خوێندەواری، باشترە کەسەکە کە بڕوانامەیەکی هەبێت هەتا بتوانێت لەئاست داخوازی سەردەمدا بێت.

- نەریتی کۆمەڵگە؛ لە کۆمەڵگەی کوردیدا هاوسەرگیری کردەیەکی پیرۆزە و داخوزییەکی کۆمەڵگەیە لەسەر تاک، هەتا تەمەنێکی دیاریکراو چاوەڕوانی تاک دەکەن هەتا هاوسەرگیری بکات، هەروەها پەیوەندی پێشوەختەی نێوان هاوسەران کەمە و ئەگەر هەشبێت لە چوارچێوەی هەستی خۆشەویستیدایە و لەو ئاستە زۆر بە دەگمەن تێدەپەڕێت. بەڵام لە ئەوروپا پێش هاوسەرگیری پەیوەندی خۆشەویستی هەیە لە نێوان هاوسەراندا، پاشان هاوسەرگیری دەکەن!

تەمەن و کاتی گونجاو
کاتێک کە هەمو ئەو لایەنانە هاتنەدی ئەوە بۆ کەسەکە گونجاوە هاوسەرگیری بکات، بەگشتی لە کۆمەڵگەی کودیدا مرۆڤ لە تەمەنی 25 بۆ 30 ساڵی دەگاتە ئەو پێداویستییانە و کاتە گونجاوەکە، بەمشێوە.

- کەسیەتی دروستبوە و کامڵە و ئارەزوەکانی دامرکاونەوە و ئامانجێکی دروستی دەبێت لە هاوسەرگیری، گەشەی دەرونی و جەستەیی، دەماری کامڵ و تەواوبوە.

- کۆتایی بە خوێندنی هاتوە و کاتی هەبوە هەتا پیشەیەکی هەبێت و خاوەن پیشە بێت.

- کۆمەڵگەش هاوکاری دەکات و فشاری لەسەر نییە کە بەهەڵە بڕیار بدات.

بە واتایەکی تر؛ بۆ هاوسەرگیری تەمەن وەکو ساڵ گرنگ نییە، بەڵکو تەمەن وەکو ئەزمون و پێگەیشتن پێویستە.

ئەم دو خاڵەت بیربێت:
- کاتی گەیشتنە ئەو خاڵانە و کامڵبون لە نێوان پیاو و ژن جیاوازی هەیە و وەکو یەک نییە، هەر لە باڵغبونەوە هەتا دەگاتە دەستکەوتنی پیشە.

- ئەم خاڵانە گشتی و ڕێژەییە نەک بنەمایەکی تەواو چەسپاو، لەبەرئەوە دۆخی تایبەتی زۆر و جیاواز هەیە، هەر کاتێک کە تاک هەستی بەرپرسیارییەتی و کەسییەتییەکی سەربەخۆی هەبو گونجاوە کە هاوسەرگیری بکات!