چەند رێنماییەك بۆ چارەسەری گرفتی درەنگ قسەكردن لە منداڵان

02:09 - 02/06/2022

8516جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

درەنگ قسەكردنی منداڵ لە ڕۆژگاری ئێستادا جێی دودڵی زۆربەی دایکان و باوکانە، كە بە هۆكاری جیاوازی هەیە و پێویستە پزیشك بڕیاری لەسەر بدات هۆكارەكەی چییە و لەو رێگەیەوە چارەسەر بكرێت.

دکتۆر ئاوات واژه‌یى، پزیشكی پسپۆڕنی منداڵان چەند رێنماییەكی بۆ ئەو دایك و باوكانە بڵاوكردوەتەوە كە منداڵەكانیان كێشەی درەنگ قسەكردنیان هەیە.

1. لەکاتی یاری کردن لەگەڵ منداڵەکەت قسەی لەگەڵ بکە و بەبێ دەنگی یاری لەگەڵ مەکە.

2. هەستی باوەڕبەخۆبون بە منداڵەکەت ببەخشه کاتێک قسەی لەگەڵ دەکەیت بە ئارامی دایبنیشێنە و بە نەرمونیانی قسەی لەگەڵ بکه نەک بەشێوەی فەرمی.

3. دڵنیابە منداڵەکەت هەمیشە گوێ بۆ قسەکانت دەگرێ چ لەکاتی ڕاهێنان بێ یان کاتی تر.

4. کاتێک منداڵەکەت وەڵامت دەداتەوە زیاتر هانی بدە تا متمانەی زیاتری بەخۆی هەبێ.

5. وشەی جوان و سادە و ئاسان بەکاربێنە لەگەڵ تەمەنی منداڵەکەت گونجاوبێت و لەئاستی ئەو زیاترنەبێ.

6. بەزاراوەی دروست لەگەڵ مناڵەکەت بدوێ، دوربکەوەرەوە لە بەکارهێنانی وشەی ئاڵوز کە توانای فێربونی نەبێ.

7. لە ژورێکی بێدەنگدا لەگەڵ منداڵەکەت دابنیشە کاتێک ڕاهێنانی پێدەکەیت، دور لە ژاوەژاو و هەر شتێک کە سەرقاڵی بکات.

8. قسە لەگەڵ منداڵەکەتدا بکە لەبارەی ئەو کارو هەڵوێستانەی ڕۆژانە ئەنجامیان دەدات یان دەیابینێت.

9. کاتی تەواو بە مناڵەکەت بدە بۆ وەڵامدانەوە، پەلە پەلی لێمەکە با نەشڵەژێت و نەتوانێ وەڵام بداتەوە.

10. ئەم کارە تەنها لەگەڵ منداڵەکەت بکە و ڕوبەڕوبە لەگەڵیدا، چونکە بەمشێوەیە زیاتر ئارەزوی گوێگرتنی دەبێ.

11. هاوکاری منداڵەکەت بکە بۆ گرێدانەوەی ئەو دەنگانەی دەیانبیستێت لەگەڵ ناوی ڕاستەقینەی وشەکان، واتە ئەو شتانەی دەنگەکانیان بۆ بەکارهاتوە.

12. هەوڵبدە هەمو هەستەوەرەکانی منداڵ بەکاربهێنت و سودیان لێوەربگریت لەکاتی ڕاهێنانی قسەکردن.

13. ئەگەر منداڵەکەت لە دەربڕیندا هەڵەی کرد یەکسەر لۆمەی مەکە، تەنها هەڵەکەی بۆ ڕاستکەوەو هانی بدە.

14. کاتێک منداڵەکەت هەوڵی قسەکردن دەدات خێرا هانیبدە تا هەست بەوە بکات ئەم قسەیەی کارێکی باش و ئەرێنیە.

15. هەوڵی زیادکردنی وشەکانی بدە کاتێک منداڵەکەت دەڵێ ئۆتۆمبێل، فێری بکە بڵێ ئۆتۆمبێلی گەورە یان ئۆتمبێلی بابە.

16. هانی منداڵەکەت بدە لاسایی ئەو دەنگانە بکاتەوە کە لە ژینگەی دەوروبەریەوە دەیانبیستێت.