رێگەكانی پاراستنی منداڵ لە سكچون و رشانەوە

11:04 - 28/05/2022

6814جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

لە ئێستادا شەپۆلێکی سکچون و ڕشانەوە بڵاوبۆتەوە لە منداڵاندا و زیاتر لە %40 نەخۆشەکان بەو هۆیەوە داخڵی نەخۆشخانە دەکرێن، هەمو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچون و ڕشانەوە زۆر زیاد دەکات لەناو منداڵاندا ئەویش بەهۆی کاریگەری بەرزی پلەی گەرمایە کە لەوانەیە بەهۆی پیسبونی سەرچاوەی ئاو و خراپ هەڵگرتنی خۆراک لەناو پلەی گەرمی بەرزداو گەشەکردنی هەندێک بەکتریا لەو پلە گەرمیەدا، لەگەڵ وشکبونەوەی منداڵ لە پلەی گەرمی بەرزداو کەمتر بەرگەگرتنی سکچون و ڕشانەوە.

هۆکارەکانی سکچون و ڕشانەوە زۆرن و چارەسەرەکانیشیان جیاوازن، دكتۆر پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان هۆكار و شێوازی پاراستنی منداڵانی لەم نەخۆشییە بڵاوكردوەتەوە.

لەوانەیە هۆکاری نەخۆشییەكە ڤایرۆس، بەکتریا، پاڕاسایت، خواردنی شیرینی، هەستیاری بە پڕۆتین، نەخۆشی گەنم و جۆ، ژەهراوی بون، هەستیاری بەجۆرە خواردنێک یان کۆڕۆنا یان چەندین هۆکاری تر بێت.

بۆ ڕێگەگرتن لە توشبون بە سکچون و ڕشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە بنێیت:

1. هەمو ئاوێک بکوڵێنە، ساردی بکەرەوە و بۆ خواردنەوە بەکاریبهێنە.

2. خواردن لەناو سەلاجە هەڵبگرە.

3. سەوزە و میوە پێش خواردنی جوان بشۆرەوە.

4. زو زو دەستی منداڵەکەت بشۆ بەتایبەت دوای تەوالێت کردن.

5. پاک و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە.

6. بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی یەکتر.

7. دورکەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەکان.

8. باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان.