نیشانە دەرونییەکانی کەمیی ڤیتامین D

12:28 - 10/05/2022

11098جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

کەمیی ڤیتامینی D یەکێکە لە بڵاوترین کێشە تەندروستییەکانی هەمو جیهان کە زیاتر لە یەک ملیار کەس بە دەستییەوە گرفتارن.

هەر چەنده کەمیی ڤیتامینی D بە کێشەکانی ئێسک و جومگە و وەرینی قژ ناسراوە، بەڵام دوا توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستوە کە کەمیی ڤیتامین D کۆمەڵێک دەرئەنجام و لێکەوتەی دەرونیشی هەیە كە دكتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراک خستویەتییەڕو.

هەڵبەت وەک زانراوە کە ڤیتامین D وەکو هۆرمۆنە ستیروێدەکان کاردەکات کە ڕۆڵی گرنگی هەیە لە گەشە و هاوسەنگیی مێشک و پاراستنی چالاکیی کۆئەندامی دەمار، لەبەرئەوەی کاریگەریی هەیە لەسەر دروستبون و ڕشتنی هەندێک گوازراوەی دەماری وەکو سیڕۆتین و دۆپامین.

گرنگترین نیشانە دەرونییەکانی کەمیی ڤیتامین D:

1. خەمۆکی
هەر چەندە ئەو کەسانەی توشی خەمۆکی دەبن ڕێژەیەکی زۆریان کێشەی کەمیی ڤیتامین Dیان هەیە، بەڵام ئێستا دەرکەوتوە کە کەمیی ڤیتامین D بۆ ماوەیەکی دورودرێژ، یەکێکە لە هۆکارەکانی توش بون بە خەمۆکی.

2. خەمۆکیی وەرزی
کە زیاتر لە وەرزی پایز و زستان بڵاوە و بەوە جیادەکرێتەوە کە لەو وەرزانەدا توشی کۆمەڵێک کەس دەبێت و لە نیشانەکانی دەتوانین ئاماژەبکەین بە تێکچونی مەزاج، بێهێزی، بێ تاقەتی، خەواڵویی و نوستنی زۆر.

3. نەخۆشیی شیزۆفرینیا
تاوەکو ئێستە هۆکارەکەی نەزانراوە، بەڵام هەندێک توێژینەوەی تازە ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە کەمیی ڤیتامین D بۆ ماوەیەکی دورودرێژ ئەگەری توشبون زیاتربکات.

4. نەخۆشیی ئێم ئێس (Multiple seclerosis):
کە نەخۆشییەکە لە ئەنجامی تێکچونی کۆئەندامی بەرگرییەوە توشی مرۆڤ دەبێت و کاریگەری زۆری هەیە لە سەر کۆئەندامی دەمار و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نەدۆزراوەتەوە بەڵام نوێترین لێکۆڵێنەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کەمیی ڤیتامین D ڕەنگە ئەگەری توشبوون زۆرتربکات.

دیارە سەرچاوەی سەرەکی بۆ ڤیتامین دی بریتی یە لە تیشکی خۆر، لە کوردستان ڕۆژانە بۆ ماوەی یەک كاتژمێر لە نێوان (10 بەیانی بۆ 4 ی پاش نیوەڕۆ) و هیچ خواردنێک بڕی پێویست لە ڤیتامین دی بۆ جەستە تێدا نییە یان لەڕێگەی زیادکردنی ڤیتامین D بۆ ناو کۆمەڵێک خۆراک یان لە ڕێگای تەواوکەری خۆراکییەوە.