هەمو ئەو زانیاریانەی پێویستە بیزانیت لەبارەی تای خوێنبەربون

03:56 - 09/05/2022

7500جار خوێندراوەتەوە

خەندان لایف

پەتای کۆنگۆ یاخود تای خوێنبەربون، بەهۆی ڤایرۆسێکەوە سەرهەڵدەدات کە زیندەوەرێکی بچوک "گەنە" هەڵیدەگرێت، ئەم ڤایرۆسە  لە شارەکانی ئەفریقا و بەلقان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا، ساڵانە زیاد دەکات و بڵاوە.

نەخۆشییەکە لە ڕێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە جەنگى جیهانی دوەمدا سەریهەڵداوە، 40% ئەو کەسانەی توشی دەبن روبەڕوی مەرگ دەبنەوە.

تای خوێن بەربون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لەرێگای ئاژەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ و بەهۆی گەنەیەکەوە کە ڤایرۆسەکە هەڵدەگرێت، دواتر دەچێتە سەر لەشی ئاژەڵەکە و  تووشی نەخۆشیەکەی دەکات، بەڵام نیشانەکانی دیار نییە لەسەر ئاژەڵەکە.

هۆکارەکانی گواستنەوەی بۆ مرۆڤ:

1. ئەگەر ئەو گەنەیەی هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت و بە مرۆڤەکەوە بدات،  ئەوا مرۆڤەکە توشی تای خوێن بەربون دەبێت، یان مرۆڤ گەنەکە بگرێت و بیکوژێت و خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، توشی نەخۆشییەکە دەبێت.

2. لە رێگەی سەربڕینی ئاژەڵی توشبوەوە، کاتێک خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، لە بەروبومەکەشیدا هەیە، بەڵام ئەگەر هاتو شیرەکە بکوڵێنرێت ئەوا هیچ ڤایرۆسێکی تێدا نامێنیت، هاوکات گۆشتیش بە کوڵاندن ڤایرۆسەکەی تێدا نامێنێت.

نیشانەکانی نەخۆشییەکە چییە؟

1. لە 3-7 رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەون و  نەخۆشییەکە تایەکی بەرزی دەبێت، هەمو جەستەی ئازاری هەیە، بەتایبەت  ئازار لە پشت و ملی دروست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەکە توشی سکچون و رشانەوە ببێت، لە قۆناغەکانی کۆتایشدا خوێن بەربون دەستپێدەکات.

2. نەخۆشەکە لە دەمو لوتییەوە خوێن بەردەبێت، پاشان لە پشتیشی پەڵەیەکی خوێن بەربون دەردەکەوێت، لەوکاتەشدا دەبێت چارەسەر بکرێت.

چارەسەری ئەم نەخۆشییە چییە؟

هەمو تایەک و خوێن بەربونێک نەخۆشییەکە نییە، بەڵام بێگومان ئەگەر کەسەکە دەستکاری ئاژەڵی کردبێت، یان ئاژەڵی سەر بڕیبێت، یاخود تێکەڵی لەگەڵ ئاژەڵ هەبێت، یان لە جێگایەک بوبێت ئەو ڤایرۆسەی تێدابێت، گومان دەکرێت، هەربۆیە دەبێت پشکنینی خوێنی بۆ بکرێت.

پێویستە لە نەخۆشخانە جیابکرێتەوە لەگەڵ نەخۆشەکانی دیکە، چونکە زۆرجار پاشەڕۆکەی دەبێتە هۆی توشبونی نەخۆشی تر، هاوکات بەگوێرەی نیشانەکانی چارەسەر دەکرێت، تای هەبو دەرمانی تای پێ دەدرێت، خوێنی کەم بو خوێنی تێدەکرێت، یان سکچون و ڕشانەوەی هەبو، دەرمانی تایبەت بە سکچونی پێدەدرێت، لەگەڵ دەرمانێکی دژە ڤایرۆس.

نەخۆشەکە ئەگەری مردنی هەیە بە رێژەی لە 30-40%، لە 70% ئەگەری چاکبونەوەی هەیە، ئەگەر زوش دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکرێت و چارەسەر بکرێت، ئەگەری چارەسەر و چاکبونەوەی ئاسانە.

ڕێگاکانی خۆپاراستن:

1. دورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەرشەقامەکان بە نایاسایی.

2. ئەو کەسانەی گۆشت فرۆشن، دەبێت سەرجەم رێنماییە پزیشکییەکان پەیڕەوبکەن، وەک بەکارهێنانی دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت، هاوکات بەکارهێنانی دەرمانی دژە مێرو، بۆ ئەوەی نزیک نەبنەوە لە ئاژەڵەکان، ئەو کەسانەش کە سەردانیان دەکەن بەمەبەستی کڕین دەبێت بە ئاگابن.

3. نەچونی مرۆڤ، بۆ ئەو شوێنانەی کە گەنە و مێروەکانی لێیە.