خەندان لایف
ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکانی جەستە یەکێکە لە باوترین ئەو کێشانەی روبەڕوی خانمان دەبێتەوە، دەکرێت سەردانی پزیشک بکەن و بەپێی رێنماییەکانی پزیشک هۆڕمۆنەکان هاوسەنگ بکەنەوە.
هەندێک لە کچان تا ئێستا زانیاری تەواویان لەسەر ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکانی جەستە نییە و نیشانەکانی نازانن، کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت رەنگە گرفتی زیاتری بەدوا بێت، چەند ئاماژەیەک بە واتای ئەوە دێت هۆڕمۆنەکان ناهاوسەنگن و پێویستی بە چارەسەر هەیە.
یەکەم: زیپکە لەسەر روخسار یان جەستە دروستدەبێت.
دوەم: قژ بەڕێژەیەکی زیاتر لە جاران ههڵدەوەرێت و هەست دەکەیت قژت تەنک بوەتەوە.
سێیەم: سوڕی مانگانە نا هاوسەنگە و هێلکە لە کاتی خۆیدا دانابەزێت، دەشێت هەندێک کاتیش سترێس یان نیگەرانی هۆکاری دواکەوتنی سوڕی مانگانە بێت.
چوارەم: گۆڕانکاری لە کێشی جەستە رودەدات، لە هەندێک کەسدا کێش زیاد دەکات و هەندێک کەس کێشیان کەمدەکات.
پێنجەم: سیستمی خەو تێکدەچێت و توشی کەمخەوی دەبیت.
شەشەم: زو زو گۆڕانکاری لە باری دەرونی رودەدات، هەندێک کات هەست بە دڵخۆشی دەکەیت، لەناکاو هەست بە خەم دەکەیت.
حەوتەم: ئارەزوی سێکسی کەمدەبێتەوە.
هەشتەم: ئەندامی زاوزێ توشی وشکبونەوە دێت.
نۆیەم: سەرئێشەی بەردەوامت دەبێت.
دەیەم: کێشە لە کرداری هەرس رودەدات، توشی دڵتێکەڵهاتن، سکچون و ئازاری سک دەبیت.