رۆبێرت پاتینسن کۆرۆنای تێپەڕاند و بەرهەمهێنانی فیلمی باتمان بەردەوام دەبێت

11:29 - 19/09/2020

3710جار خوێندراوەتەوە


خەندان لایف

دوای دو هەفتە لە راگرتنی فیلمی باتمان و توشبونی ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوبارە دەست بە بەرهەمهێنانی فیلمەکە دەکرێتەوە.

کۆمپانیای ورنەر برۆس رایگەیاند، رۆبێرت پاتینسن، ئەکتەری سەرەکی فیلمی باتمان، ڤایرۆسی کۆرۆنای تێپەڕاند، دوبارە دەست دەکرێتەوە بە بەرهەمهێنانی فیلمەکە لە بریتانیا.

ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ئەم مانگە، رۆبێرت پاتینسن توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بو، بەرهەمهێنانی فیلمەکەش بۆ ماوەیەکی کاتی وەستێنرا.

22ی مانگی رابردو یەکەمین ترایلەری فیلمی باتمان بڵاوبوەوە، کاری دەرهێنانی فیلمەکە لەلایەن مات ریڤیس ئەنجامدراوە، کە چیرۆکی فیلمەشی نوسیوە لەگەڵ پیتەر کرایگ و ماتسن تۆملین، بڕیارە لە ئۆکتۆبەری 2021 فیلمەکە نمایشبکرێت.

رۆبێرت پاتینسن لەدایکبوی ساڵی 1986ی وڵاتی بریتانیایە، لە تەمەنی 15 ساڵیەوە دەستی بە نواندن کردوە، یەکەمین دەرکەوتنی لە فیلمی هاری پۆتەر بو لە تەمەنی 18 ساڵی، دواتر لە زنجیرە فیلمی توالایت رۆڵی سەرەکی بینی و زۆرترین ناوبانگی پەیداکرد، ئەمساڵ وەکو قۆزترین پیاوی جیهان هەڵبژێردرا.