خەندان لایف
هۆکاری درۆکردنی منداڵان لە خوار تەمەنی 10 ساڵیەوە بۆ ترس دەگەڕێتەوە، ترس لەوەی لۆمە بکرێن یان لێیان توڕەببن، هەندێکجاریش لاسایی گەورەکان دەکەنەوە و هیچ لە واتای درۆ تێناگەن، لە هەندێک حاڵەتیشدا منداڵانی تەمەن 4-5 ساڵ چیرۆکی ناراست لە مێشکیاندا دروستدەکەن و دەیڵێن.
ئەم رەفتارەی منداڵان زۆرجار نیگەرانی لای دایکان و باوکان دروستدەکات، بە چەند رێگەیەک دەتوانیت رێگری بکەیت لەوەی منداڵەکەت درۆ بکات.
یەکەم: گرنگی راستگۆیی بۆ منداڵەکەت رونبکەرەوە.
دوەم: هەوڵبدە بە شێوازی نەرم گفتوگۆی لەگەڵدا بکە، توڕەبون ترسی لادروستدەکات و وایلێدەکات بترسێت.
سێیەم: باس لەوە بکە کە درۆ کردن متمانەی نێوانتان لەدەستدەدات و زیانەکانی درۆکردنی بۆ باس بکە.
چوارەم: فێری بکە بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت، ئەمەش وایلێدەکات کاتێک ههڵەیەک ئەنجامبدات درۆ نەکات و بەڕاشکاوی بیڵێت.
پێنجەم: کاتێک منداڵەکەت راستییەکانت پێدەڵێت وریای جۆری کاردانەوەت بە، ئەگەر کاردانەوەت زۆر نەرێنی بێت وایلێدەکەیت جارێکی دیکە راستیەکانت لێبشارێتەوە.
شەشەم: هیچ کاتێک درۆ لەگەڵ منداڵەکەت مەکە و راستیەکانی پێ بڵێ، چونکە ئەو لاسایی گەورەکان دەکاتەوە.
حەوتەم: پەیوەندییەکی بەهێز دروستبکە لە نێوان خۆت و منداڵەکەت، کە زیاتر لە پەیوەندییەکی هاوڕێیەتی بچێت، بۆئەوەی متمانەت پێبکات و هەمو شتێکت بۆ باس بکات.
هەشتەم: سزای مەدە، تەنانەت کاتێک پارە لە کیفی پارەکەت دەبات یان دەیشارێتەوە، هەوڵبدە رێگەیەکی نەرمتر بەکاربهێنە بۆئەوەی لە هەڵەکەی ئاگاداری بکەیتەوە.