تیمووری ڕۆژھەڵات و سەربەخۆیی

كاوە محەمەد ئەمین

28-07-2017

10149جار خوێندراوەتەوە



بەھۆی پێگە جوگرافییە ستراتیژیەکەیەوە، تیموری ڕۆژھەڵات بۆ ماوەی ساڵانێکی دوورودرێژ لە لایەن چەندین وڵاتەوە داگیر کراوە و کێشە و ناکۆکی زۆری لەسەر بوو. لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەیەمدا لە لایەن پورتوگالەوە داگیر دەکرێت و لە ساڵی١٨٥٩ دا تیموری ڕۆژئاوا دەکەوێتە دەست ھۆڵەندییەکانەوە و ئەو دوورگەیە بۆ دوو بەش دابەش دەکرێت. لە جەنگی دووەمی جیھانیشدا لە لایەن یاپانییەکانەوە داگیر دەکرێت و لە ساڵی ١٩٤٥ دا جارێکی دی پورتوگال، تیموری ڕۆژھەڵات وەکو کۆلۆنی وەردەگرێتەوە.

ریفۆرمە دیموکراتی و  گۆڕانکاری لە سستمی فەرمانڕەوایی پورتوگال لە ساڵی ١٩٧٤ دا، زەمینەیەکی گونجاوی بۆ گەلی تیموور رەخساند، بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە ڕێی ریفراندۆمێکەوە لە ٢٨ ی نۆڤێمبەری١٩٧٥ دا، بەڵام ئەو سەربەخۆییە تەنیا نۆ ڕۆژی خایاند. ئەندونیزیای دراوسێ لە ڕێی سوپاوە لە ٧/١٢/١٩٧٥ تیموری ڕۆژھەڵات داگیر دەکات و لە ١/٦/١٩٧٦ وەکو ھەرێمێک دەیخاتە سەر ئیندونیزیا. چەند ڕۆژێک بەر لە جولاندنی سوپا، سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا( گیرالد فۆرد ) و وەزیری دەرەوە( ھێنری کێسنجەر) بە سەردانێک لە ئیندونیزیا بوون و رەزامەندیان  لەسەر داگیرکردنی تیموری ڕۆژھەڵات لەلایەن ئیندونیزیاوە دا. 
 
زۆربەی وڵاتانی جیھان ئەم داگیرکارییەیان شەرمەزار کرد، بەڵام پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا کۆتایی ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو گەلەک لاواز بوو. ھۆکاری لاوازی ئەو پشتیوانییە، بوونی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی ئەمریکا و یاپان و بە تایبەتی ئوسترالیا بوو لە ناوچەکەدا. ھەرچەندە ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڕێی بڕیارێکەوە داگیرکردنی تیمووری ڕۆژھەڵاتی شەرمەزار کرد، بەڵام لە بڕیارەکەدا بەھیچ شێوەیەک تاوتوێی گەمارۆی ئابووری یان بەکارھێنانی ھێزی سەربازی دژ بە ئیندونیزیا نەکرابوو.

کە پورتوگال لە ساڵی ١٩٧٤ دا دەستبەرداری تیمووری ڕۆژھەڵات بوو وەکو یەکێک لە کۆلۆنییەکانی، پارتە سیاسییەکانی تیمووری ڕۆژھەڵات لە گفتوگۆکانیاندا چەند بژارەیەکیان بۆ دواڕۆژی ئەو وڵاتە تاوتوێ کرد. بژارەکان بریتی بوون لە: فیدراسیۆن لەگەڵ پورتوگال، سەربەخۆیی، یان پێکھێنانی یەکێتییەک لەگەڵ ئیندونیزیای داگیرکەر.

پارتی یەکێتی دیموکراتی تیمووری لەسەرەتادا لەگەڵ ئەوەدا بوو کە تیمووری ڕۆژھەڵات گرێدرای پوتوگال بمێنێتەوە، بەڵام دواتر لەگەڵ ( بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فریتیلین ) ھاوپەیمانی کرد و ئەویش داوای سەربەخۆیی کرد. بزووتنەوەی فریتیلین پشتیوانییەکی جەماوەری زۆری ھەبوو و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ڕێژەیەکی زۆری ھاووڵاتیانی تیمووری ڕۆژھەڵات لە دەوری کۆبوونەوە. ئەم بزووتنەوەیە لە ھەڵبژاردنە لۆکالیان زۆرینەی ڕەھای دەنگەکانی بەدەست ھێنا. پارتێکی سیاسی دیکەش ھەبوو بە ناوی( ئاپۆدێتی)، کە بەکرێگیراوی ئیندونیزیا بوو و پرۆپاگەنەدەی بۆ ئاوێتەکردنی تیمووری ڕۆژھەڵات لەگەڵ ئیندونیزیا دەکرد.

سوپای ئیندونیزیا بە ھاوکاری کۆمەڵێک بەکرێگیراوی تیمووری، زۆر دڕندانە کەوتە گیانی ھاووڵاتیانی تیمووری ڕۆژھەڵات، لە ساڵی ١٩٧٥ـ ١٩٩٩ پتر لە ( دوو سەد ھەزار) ھاووڵاتی تیمووری ڕۆژھەڵات کوژران، کە دەیکردە نزیکەی سێیەکی دانیشتوانی ئەو وڵاتە. ھەروەھا  بەشێکی زۆری ئەو وڵاتە سووتێنرا و وێران کرا. تا کۆتایی ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو  ئەو وڵاتە تەواو گۆشەگیر کرابوو و ھەموو دەروازەکانی  بەرووی دونیای دەرەوە لێ داخرا بوو. 

تا دەھات توندوتیژیی سوپای ئیندونیزیا توندتر دەبوو، ھاوکات ھەردوو پارتە سیاسییەکەش پیداگریان لەسەر سەربەخۆیی تیمووری ڕۆژھەڵات دەکرد و سەربەخۆییان بە تاکە چارەسەر  دەزانی بۆ پرسی وڵاتەکەیان. 

لە ڕێپێوانێکی ئاشتیانەدا لە ١٢/١١/١٩٩١ دا لە نزیک( گۆڕستانی سانتا کروز ) لە پایتەختی ئەو وڵاتە پتر لە ٣٠٠ ھاوڵاتی تیمووری کوژرا. ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسان شایەدی ئەو کۆکوژییە بوون. کۆکوژی سانتا کروز چەندین دەوڵەتی ناچار کرد سەرکۆنەی تاوانەکانی ئیندونیزیا لە تیمووری ڕۆژھەڵاتدا بکەن. ھەروەھا ئەم کۆکوژییە توانی گڕ و تین بە ھەوڵە دیبلۆماسییەکان بدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو ناکۆکی و پێکدادانە. ھەرچەندە لە سالی ١٩٨٣ وە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەرکی دۆزینەوەی چارەیەکی بۆ پرسی تیمووری ڕۆژھەڵات پێسپێدرابوو. ھەروەکو پێشتر ئاماژەم پێ کرد، بەرژەوەندی چەند وڵاتێک ڕێگر بوو لە گوشار خستنە سەر ئیندونیزیا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

لە ١/٦/١٩٩٥ دا، دادگەی نێونەتەوەیی بڕیاری لە و سکاڵایە دا کە لە لایەن پورتوگالەوە دژی ئوسترالیا بەرز کرابوەوە. پورتوگال کە پێشتر کۆلۆنیال و دواتریش دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی بەسەر تیموری ڕۆژھەڵاتەوە لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پێسپێردرا بوو، یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لە ‌بەردەم ئەنجوومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ناڕەزایی خۆی دژی داگیرکردنی تیموری ڕۆژھەڵات لە لایەن ئیندونیزیاوە دەربڕی. پورتوگال لە سکاڵاکەیدا بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ئوسترالیا لە ڕێی ڕێککەوتننامەیەکی وەبەرھێنانی دەریاییەوە لەگەڵ ئیندونوزیا لە ساڵی ١٩٨٩، قانوونی نێونەتەوەیی پێشێل کردووە. پورتوگال پێی وابوو ئوسترالیا لە ڕێی ڕێزنەگرتنی لە پایەی پورتوگال وەک دەسەڵاتدارییەکی بەڕێوەبردن، بەڵێنەکانی خۆی لە قانوونی نێونەتەوەییدا شکاندووە و ڕێزی نەگرتووە لە پایەی تیموری ڕۆژھەڵات وەک ھەرێمێکی نائۆتۆنۆم و ھەروەھا مافی گەلی تیموری ڕۆژھەڵاتیشی لە دەستنیشانکردنی چارەنووسی خۆی و سەروەریی ھەمیشەیی لە سامانە سروشتییەکانیشی پێشێل کردووە. 

لە ئایاری ١٩٩٩ نەتەوەیەکگرتووەکان و ئیندونوزیا و پورتوگال لەسەر ریفراندۆمێک بۆ سەربەخۆیی تیموری ڕۆژھەڵات پێک ھاتن. ٩٦،٨% ی تیموورییەکان خۆیان ناونووس کرد بۆ دەنگدان و لە مانگی ئۆگوستی ١٩٩٩ دا  ریفراندۆمەکە کرا،  ٧٨،٥% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی تیموری ڕۆژھەڵات دا. ئەوە بووە ھۆی ئەوەی کە حکومەتی ئیندونیزیا زۆر دڕندانەتر ڕووبەڕووی ھاووڵاتیانی تیموری ڕۆژھەڵات ببێتەوە، کە پتر لە ١٠٠٠ ھاووڵاتی کوژران و ٣٠٠٠٠٠ یش ئاوارە بوون و بەشی ھەرە زۆری خانووبەرە، فەرمانگە و خوێندنگەکانی ئەو وڵاتەش وێران کرا. 

لە ٢٠/٩/١٩٩٩ دا ھێزی نێونەتەوەیی گەیشتە ئەو وڵاتە و کۆتایی بە توندوتیژییەکان ھێنا. دواتر حکومەتی ئیندونوزییش ڕەزامەندی خۆی بۆ پرۆسەیەکی ئاشتیی نیونەتەوەیی لە ھەرێمەکەدا ڕاگەیاند. لە ٢٠/٥/٢٠٠٢ دا تیموری ڕۆژھەڵات سەربەخۆ بوو.

ھیوادارم، پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان سوود لە ئەزموونی تیمووری ڕۆژھەڵات وەربگرن و ویستێکی بەھێز و ڕوونیان بۆ سەربەخۆیی ھەبێت و کاری بۆ بکەن.  دەبێ یەکڕیزیی نیشتمانی دەستەبەر بکەن و ئامادەکاریی پێویست بۆ ئەو پرسە چارەنوسسازە بکەن. ھەروەھا پێوویستە بژیوی خەڵکی کوردستان باش بکرێت و سامانە سروشتییەکان و بودجەی باشووری کوردستان بە ھی خەلکی کوردستان بزانن.

زۆر گرنگە گومانەکان بڕەوێنرێنەوە و دڵنیایی بدرێتە تەواوی پێکھاتەکانی کوردستان و چیتر پارتە سیاسییەکان خەون بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق و پلەوپایە لە حکومەتی ئەو وڵاتەدا نەبینن.       تا پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق و حکومەتی ئێراقدا بکەن، باسکردنی سەربەخۆیی لە چوارچێوەی دروشم دەرناچێت و  ھەر بەشێکیش دەبین لە پرۆسەی سیاسی ئێراقی عەرەبی، کە دواتر دەبێتە مایەی شکانی شکۆی گەلی کوردستان و سووککردنی ئەو ئامانجە پیرۆزەش.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی