بەیانی ئازاری ساڵی(1970) ئومێدێک بوو بۆ کومەڵانی خەڵکی کوردستان کە چاوڕان بوون بەهۆیەوە بە ئاشتی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی بگەن ، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتنامەکە، دەسەڵاتدارانی بەعس پەشیمانبونەوە و کەوتنە پیلانگێری و داپڵۆسین و تیرۆرکردن تاگەیشتە ئەو ئاستەی هەوڵی تیرۆکردنی سەرۆکی پارتی و ڕێبەری شۆڕش مەلا موستەفا بدەن.
لەم سۆنگەیەوە نێوانی سەرکردایەتی پارتی و شۆرشی ئەیلول لەلایەک و دەسەڵاتدارانی بەعس لەلایەکی دیکەوە رۆژ بەرۆژ خراپتر دەبوو.
سەرەتای ساڵی(1974) گفتوگۆی نێوان بەعس و پارتی گەیشتە بنبەست و رۆژنامەی (التێخی) زمانحاڵی پارتی و رۆژنامەی (الپوره) زمانحاڵی بەعس سروشتی ململانێکان و ناکۆکییەکانیان بە ئاشکرا خستەروو و هەردوولا هێرشیان کردە سەریەکتری. پارتی نائومێد بوو لە جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی ئازار ، بۆیە ناچاربو جارێکیتر رێگەی شۆرش و خەباتی چەکداری بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان بگرێتەبەر.
کۆمەڵە لەو سەردەمەدا پشتیوانی لە شۆرش دەکرد و بە شۆرشێکی رەوای دەزانی بۆ هێنانەدی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، خۆشی بە بەدیلی پارتی نەدەزانی بۆ سەرکردایەتیکردنی شۆرش ،چونکە سەرکردایەتی کۆمەڵە بڕوای وابوو کە بنچینەی شۆرشی کوردستان شۆرشێکی نەتەوەیی و دیموکراتییە و قۆناغێکە لە قۆناغەکانی خەباتی بۆرجوازی ، بۆیە پێویستە ئەرکی خۆی تەواو بکات. سەرئەنجام ئەمەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی کۆمەڵەش خۆی ئامادە بکات بۆ قۆناغكی دیکە کە شۆرشی سۆشیالیستییە، بەدەر لە راستی و ناراستی ئەو دید و بۆچونە ئێمە دەروێشی ئەو رێبازە بووین!
لە سەروبەندی (11/ئازار/1974) پارتی و لایەنگرەکانی و ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کۆمەڵانی خەڵک شارەکانیان بەجێهێشت و پەیوەندیان بە شۆرشەوە کرد
ئێمەش وەکوو ئەندامانی کۆمەلە لە خانەقی لەگەڵ خەڵکەکە چوینە دەرەوە لە دێهاتەکانی نزیک سنور دابەشبووین ،دوای ماوەیەکی کورت لە ترسی هێرشی دوژمن بە بریاری شۆرش لە رێگای سەرتەک و سەرشاتەوە لەگەڵ خەڵکەکە چووین بۆ هەڵەبجە و دابەشکراین بەسەر ماڵەکاندا.
رۆژێک دوای بۆردومانکردنی قەڵادزێ ،فڕۆکەکانی ژرێم لە ئاسمانی هەڵەبجە دەسورانەوە بۆ (استگلاع) ئەمەش زەنگێگی مەترسیدار بوو بۆ بۆردومانکردی شارەکە ،شەوەکەی زۆربەی خەڵک شاریان چۆڵکرد و بەرەو دێهاتەکان رۆشتن ،ئێمەش وەکو خەڵکی خانەقی لە دەوروبەری دێی (عنەب )ماینەوە. بۆ رۆژی دوایی فڕۆکەکانی بەعس هاتن و بە خەستی هەڵەبجەیان بۆردومانکرد. کە شەهید و بریندارێکی زۆریان لێکەوتەوە بەڵام لە بەر ئەوەی تارادەیەک شارەکە چۆڵکرابوو زیانەکانی کەمتر بوو لەچاو زیانەکانی قەڵادزێ.
لەم سەروبەندەدا زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بوونە ئامانجی بۆردومانکردنی رژێم ، بۆیە ناچاربوین جارێکیتر بە هەمان رێگادا کە پێیدا ڕۆشتبوین بۆ دێهاتەکانی خۆمان لە خانەقی بگەرێینەوە.لەگەڵ گەڕانەوەمان بارەگای لقی لاوانمان لە دێی (مەحمود قەجەر )کردەوە، لەڕاستیدا گوندی محمود قەجەر لەو رۆژانەدا لە گەرمیان وەکوو پایتەختی ناوچەکە بوو ، بێجگە لە لقی یەکێتی لاوان ، دادگای خانەقی و قایماقامیەتی خانەقی و کەلار و کفری و فرۆشگای شۆرشیشی تیادابوو ،لقی پێنجی پارتی و قوەتێکی پێشمەرگە و ئێزگە لە (باوەهای) بوو ئەندامانی لقی لاوان پێکهاتبوون لە کاک محمد سایەخان لێپرسراوی لق و مەلا بەختیار جێگری لێپرسراو ،ئەندامانی لقیش مامۆستا جەعفەر و کاک علی شامار و کاک ئیبراهیم حەسەن باجەلان و بەندە بوون.دوای ماوەیەک کاک سەلام عەبدولرەزاق بە برنەوێکی وەسەت و جلێکی خاکیەوە خۆی گەیاندە لامان.
هەر لەو سەردەمەدا ئێمە لە چوارچێوەی هەرێمی (باوەڕ)ی کومەڵە چالاکیمان دەکرد ،ئەندامانی هەرێمەکەش پێکهاتبون لە مەلا بەختیار و مامۆستا جەعفەر و کاک سەلام عەبدولرەزاق و کاک عەلی شامار و بەندە.
جارێک لەگەڵ مەلابەختیار لە دێی محمود قەجەرەوە بە پیادە دابەزینە ناوشاری خانەقی بۆ کاری رێکخستن ،لە ماڵی کاک فاچل عباس غزال لە (جەلەوە )ماینەوە.
ئێمە لە گوندی مەحمود قەجەر لە رێگای لقی لاوانی خانەقی خەریکی خولی نەهێشتنی نەخوێندەوەرای بۆ خەڵکی دێیەکە و خوڵی رۆشببیری بۆ لایەنگرانی کۆمەلە بووین و پەیوەندیەکی زۆر باشمان لە گەڵ جوتیارانی ناوچەکە هەبوو بە تایبەتی ئەو ماوەیە کە کاک نەریمان مەحمود لامان بوو ،جەولەی زۆر باشی لە دێهاتی ناوچەکە دەکرد ،
بارەگای لاوانمان وەکوو کاروانسەرای لیهاتبوو، لەو رۆژانەدا مامۆستا محمد سعید و مامۆستا ئیبراهیم حوسین جواد لەگەڵماندا دەژیان.
بۆ ژیانی رۆژانە سستەمێکمان لە ناوخۆمان پەیرەو دەکرد، موچەی هەموومان کۆدەکرایەوە دابەش دەکرا بەسەر خەرجی رۆژانە و یارمەتی هەندێ خەڵکی هەژار ،کاروباری ناو بارەگاش دابەشکرابوو بەسەر هەمووماندا بێجگە لە کاک محمد سایەخان کە تەمەنی لە ئێمەمانان گەورە تر بوو. کەسمان حیمایەمان نەبوو تەنانەت بارەگاش پێشمەرگەی نەبوو.
عەبدڵ شێتێکی بێوەی دێیەکە بوو بەڵام بەردەوام لەبەرخۆیەوە هاواری دەکرد ،ڕۆژانە دەهات بۆ لامان و بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد بژی پێشمەرگە.
کە هاوین هات چوینە دەرەوەی دێکە ،لە (قەڵوەزە ) مەنزڵگەی خۆمان دانا ،لە ئەشکەوتێکی بەردەڵانی کە ئاوێکی سوێری وەکوو تاڤگە لە سەریەوە شۆر دەبوەخوارە. لەو رۆژانەدا چەند جارێک کاک سیروان تالەبانی سەردانی کردین
ئاوارەکانی خانەقی زۆربەیان بران بۆ ئۆردوگای (ئەنزڵ) لە تەنشت (کەل داهوو) ،مەزارگای کاکەیەکان ،نزیک سەرپێڵی زەهاو بوو لە هاوینیش گوازرانەوە بۆ ئوردوگای (سەرمیل) کە دەکەوێتە نێوان سەرپێڵی زەهاو و کەرەجدا
تاقیکردنەوەی سەری ساڵی (بەکەلۆریا )لە سەرمیل بوو بە رێک و پێکی ئەنجام درا و منیش یەکەم جار شەشی ئامادەیم لەوێ تەواوکرد
روداوێکی دڵتەزێن ،دڵتەنگ و غەمباری کردین کاتێ کاک کامل فەتاح دەڵۆ برادەرمان لە زماوەندەکەی خۆی بە تەقەی خۆشی شەهید بوو. بەمەش شین وشایی تێکەڵ بەیەک بوون، ئەو ڕوداوە دڵتەزێنە بۆ ئەبەد ئەو دو دڵەی لەیەکتری جیاکردەوە و زاوا لەبری چونە ناو کەژاوەی ژیانێکی نوێ لاشەی ساردی بەرەو گۆڕستانی محمود قەجەر بەرێکراو لەوێ بەخاکسپێردرا و بووکیش بەدڵی شکاو و بەختی ڕەشەوە و بە نامرادی بەرەو ماڵی باوکی لە هەمان دێ گەڕێندرایەوە.
لەو ڕۆژگارانەدا لە هەموی سەختتر و دژوارتر و کارەساتبارتر رۆژی بڵاو بونەوەی رێکەوتنامە شومەکەی جەزائیر و هەرەسپێهێنانی شۆرشی کوردستان بوو لە سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی (1975).
ئاخر بەڕاستی ئەو رۆژانە ئیجگار سەخت و دژوار بوون کە دەمانبینی :
شۆرشێک لەخاچ دەدرێت!
ئومێدی نەتەوەیەک بەر رەشەبای هات و نەهات دەکەوێت!
پێشمەرگە، بازوی میللەتێک بە زیندویی دەمرێت!
بڕوام وایە هەرەسی مرۆڤەکان لە هەرەسی شاخەکان ترسناکتر بێت.! مرۆف قەت ناتوانێت تراجیدیای ئەو رۆژگارە شومە لەبیربکات، کە چون خەڵکی چەوساوەی کوردستان وەکوو ئاسکەکانی گەرمیان کەوتنە بەردەم گەلەگورک و ئاواتی میللەت کەوتە بەر چەقۆی جەلادەکان !
ئیمە لەو سەروبەندەدا وەکوو هەرێمی باوەڕ لەگەڵ کاک سیروان تاڵەبانی بە تەمابوین بەردەوامی بە شۆرشەکە بدەین لە ناوچەکەی خۆمان. بۆ ئەو مەبەستە هەندێ ئامادەسازیمان کرد وەکو کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنی و بە تەمابووین دەستبگرینە سەر ئەو ئیزگەیەی کە لە باوەهای بوو و بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیمان کرد بە خەڵکانی وەکوو مولازم جوامیر و کاک عبدولرەحمان زەلگە و شێخ مەحەمەد شاکەلی و مولازم عەلی و سەید قادر جەباری ...هتد. هەر لەو سەروبەندەدا
مەلابەختیار سەردانی پێنجوێنی کرد و لەوێ چاوی بە سەرکردایەتی کۆمەلە کەوتبوو ، سەرکردایەتی کۆمەڵە لە جیاتی مانەوە و بەردەوامی بە شۆرش ،بریاری گەرانەوە بۆ شار و ئامادەسازی بۆ هەڵگیرساندی شۆرشی نوێیان دابوو لەسەر بنجینەی تیوری زانستی و شێوەخەباتی جیاواز . ئەوە بوو هەموومان گەراینەوە. بۆ ئەو مەبەستە کەوتینە خۆ ئامادەکردن و رێکخستن و کاری سیاسی لە بەغداد و خانەقی و گەرمیان و سلێمانی لە چوارچێوەی هەرێمی (پێشرەو).
لە (1/6/1975) بە دەسپێشخەری و هیمەتی مامجەلال یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان له دەرەوەی وڵات دامەزرا ، ئەمەش بووە بارانی ئومێد و هیوای تێکۆشان بۆ خەڵکی کوردستان و دوای ساڵێکیش چەخماغەی شۆرشی نوێ ئاسمانی کوردستانی لەدوای شەوەزەنکی شکست ڕووناک کردەوە.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی