ڕەنگە تەنھا دو یادەوەری بەس بن بۆ ئەوەی بڵێین قەت نەدەبوایە پارتی ڕێگە بەخۆی بدات پەلاماری کاک کۆسرەت بدات و مەدالیای مێژوی شانازیەکی ھاوبەش ژێرپێ بخات.
ئاخر بەڕاستی عاجباتیە کە دەبینین جارێکی دیکەش پارتی بە حزوری بارزانی پەتی زەردی دادگا بۆ گەردنی کاک کۆسرەت درێژدەکاتەوە، جا پاساوەکە ھەرچیەک بێت! گریمان ھەمو خەباتی کاک کۆسرەت کەڕەتی سفر بکەین و تەنھا دو یادەوەری بۆ ئەژماربکەین کە داستانی کۆڕێ و ڕیفراندەمن و لە ھەردوکیاندا خۆ بەڕونی دیارە کاک کۆسرەت لە تەنیشت کاک مەسعود بۆ مردن و ژین وەستاوە!
من تێناگەم پارتی عەوداڵی چییە؟ دەی با لە ڕابردو گەڕێن و لە مێژوی نوێی دوای ڕاپەڕینەوە دەست بەژماردن بکەین، بزانین کەسێک ھەیە پارتی مۆری دوژمنایەتی و سوکایەتی لێنەدابێت؟ ئەوە مامجەلال خۆی و دوای ئەویش کاک نەوشیروان ، دواتریش کاک کۆسرەت ئینجا دکتۆر بەرھەم ، لە کۆنگرەی چوارەمیشەوە ئەوە لاھور شێخ جەنگی و لە ئێستاشدا بافڵ جەلال تاڵەبانی!
ڕاستە سیاسەت ئیدارەدانی بەرژەوەندییە، بەڵام ئەی ڕابردوی تاڵ و شیرین و تۆماری سەروەری؟ ئەی بەھای کۆمەڵایەتی؟ ئەی زمان و ئاین و مێژوی ھاوبەش؟دەی باشە ئەگەر پارتی ڕێزی ڕیشی ڕەشی ئەوانی دیکەش ناگرێت با حساب بۆ ڕدێنی سپی خۆی بکات و پێگەی خانەوادە و کەسایەتی کارێزمای کاک مەسعودی لەبەرچاو بێت! ھەڤاڵان بەڕاستی سەیرە ئێوەی پارتیەکانی ئەم سەردەمە ھەر بەناودەکەون و ڕۆژانە ئەو پرسیارە دێرینەش لەسەرخۆتان دەکەنەوە بە ماڵ كە دەڵێت: جا پارتی دۆستی کێیە و پارتی دۆستی لەکوێ بو؟!
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی