لەبارەی لێبوردنی گشتيیەوە

دانا دارا حسین

21-02-2023

10738جار خوێندراوەتەوە


لێبوردنی گشتی هۆكارێكە بۆ كۆتایی هێنانی بڕیاری دادگا لەسەرجەم تاوانە ناسراوەكان بە (الجرائم الاصلیە او التبعیە او التكمیلیە) واتا تاوانەكە دەسڕێتەوە و كۆتایی پێ‌ دەهێنێت,هەروەها بڕیاری ئیدانە و هەموو ڕێكارەكانی سكاڵا كردن و لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگە و لێكۆڵینەوەی سەرەتایی هەتا دادگایی كردن و وەرگرتنی پلەی كۆتایی بڕیارەكە دەگرێتەوە.

لێبوردنی گشتی لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانەوە دەردەچێت، بەڵام ناساندنی بە گشتی مانای ئەوە نییە كە سەرجەم تاوانەكان دەگرێتەوە بەبێ‌ هەڵاواردن (استپنا‌و) بەڵكو وەك لە كۆی یاساكانی لێبوردنی گشتی دا هاتوە هەڵاواردن بۆ كۆمەڵێك تاوان دەكرێت.

كەواتە دەتوانین بڵیین كە لێبوردنی گشتی بریتیە لە ( وەستاندنی تەواوی ڕێكارە یاساییەكان دژی تاوانبار یان تۆمەتباران بە پێی یاسایەك كە لەلایەنی پەیوەندیدارەوە دەردەچێت , كە تەنها تاوانەكە لا دەبات یان سوكی دەكات بەبێ‌ دەستكاری مافە كەسیەكان و داواكاری بە قەرەبوكردنەوە ) 

واتا لێبوردنی گشتی مافە كەسیەكان و داخوازی بەو مافانە ناگرێتەوە كە قەرەبوی زیانەكانیان لە دادگای تایبەتمەند بكەنەوە.

ئاشكراشە كە لێبوردنی گشتی تاوانەكە دەسڕێتەوە بە پێی ماددەكانی 150 و 154 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 ی هەمواركراو و سەرجەم دۆسیەكان لە لێكۆڵینەوەش دا بە پێی ماددەی 305 لە یاسای ( بنەماكانی دادگایی سزایی ژمارە 23 ی ساڵی 1971ی هەمواركراو ).

بەڵام لێبوردنە گشتیەكە سنوردارە وەك لە پڕۆژە یاساكاندا دیارە و پەیڕەوی سیستەمی هەڵاواردنی كۆمەڵێك تاوان دەكرێت.

لەم نوسینەدا لەچەند ڕویەكەوە خوێندنەوەیەك بۆ پرسەكە دەكەم و ڕای یاسایی و باشی و لایەنە نەرێنیەكانی وەها یاسایەك دەكەم :

• مێژووی یاسا و پرۆژەكانی لێبوردنی گشتی لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا 


لەڕابردودا بە دیاری كراوی لەو كاتەوەی كە هەرێمی كوردستان خاوەنی دامەزراوەی یاسادانانی خۆیەتی سێ‌ جار لێبوردنی گشتی دەرچوە كە ئەوانیش بەم شێوەیە بوون:
1- یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2007 لە بەرواری 10/4/2007 
2- یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2012 لە بەرواری 4/6/2012 
3- یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2017 لەبەرواری 27/12/2017
لە عێڕاقیش نوێش:
1. یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2008 
2. یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2016 لە ئەنجومەنی نوێنەران دەرچوە .

پاڵنەرەكانی دەركردنی لێبوردنی گشتی لە ئێستای هەرێمی كوردستان 


ئەو دەسەڵاتەی كە سزا دەسەپێنێت بەسەر تاوانكاردا ناتوانێت هەر خۆشی لێبوردن لە تاوان بكات , بۆیە ئەم ئەركە بۆ پەڕلەمانی كوردستان دانراوە بەڵام بەڕەچاوی ئەوەی نابێت كە دەخالەت لە دەسەڵات و تایبەتمەندی ئەم دەسەڵاتە بكات و فەلسەفەی سزادان لە ماناكەی خۆی خاڵی بكاتەوە كە بریتیە لە سزادانی تاوانبار و تەمێ‌ كردنی ئەوانی دیكە.

بۆیە دەتوانیین بڵیین پاساوەكان ئەمانەن:

1-  كۆمەڵێك حوكم دراو لە ئەنجامی هەڵەی دادوەریەوە سزا دراون كە پێویست دەكات دەرفەتی دیكەیان پێ‌ بدرێت , وەك دەشزانین كە ماوەیەكی زۆرە بەند كراون.
2- پێدانی دەرفەتی ئازادبون بە كۆمەڵێك حوكم دراو كە ڕاپۆڕتی ئیدارەی چاكسازیەكە و بریكاری داواكاری گشتی دەیسەلمێنێت كە (سیرە و سلوك )یان باش بوە.
3- قەرەباڵغی خانەكانی چاكسازی لە سەرجەم بیناكانیان دەتوانیین بڵێین شوێنەكانیان نەگونجاوە بۆ ئەركی چاكسازی تیایاندا و زۆربەیان چاوەڕوانی وەها لێبوردنێك دەكەن .

• لایەنە نەرێنیەكانی لێبوردنی گشتی:


1- لە لێبوردنی گشتیدا كەسی حوكم دراو لەبەرچاو دەگیرێت بەڵام دۆخی قوربانیەكە و كەس و كاری و ئاسایشی كۆمەڵگا و ئەو مەترسیانەی ئەم كارە تاوانكاریە خستۆتیەوە لەبەرچاو ناگیرێت، ئەمەو زانراوە كە  داواكارانی مافی كەسی پایەی سەرەكی داوا جەزائیەكانن.

2- لە ئێستادا ئامارێكی ورد لەسەر هەریەك لە (ڕاگیراوان، حوكم دراوان، ماددەكانیان، سودمەندبوان و گەڕاوەكان بۆ تاوان دوای سود مەند بون) لەبەردەست نییە.

3- هەبونی داواكاری نوسراوی لێخۆشبونی داواكارانی مافی كەسی لەو دۆسیانەی كە لێبوردنی گشتی دەیان گرێتەوە بەردەست نییە.

4-  ڕاپۆڕتی ئیدارەی چاكسازیەكە و توێژەری كۆمەڵایەتی لەسەر كۆی بەندیەكان كە چاك ساز بونیان بسەلمێنێت بەردەست نییە.

5- نابێت لێبوردنی گشتی تاوانباری موحتەریف بگرێتەوە كە وێنەیان لە چاكسازیەكان زۆرن , چونكە ئازاد بونی ئەم جۆرە كەسانە كارەساتن بۆ كۆمەڵگا بەتایبەت لەم كاتەدا كە قەیرانی ئابوری لە لوتكەدایە و چەندین تاوان زۆر بوە نمونەیان وەك تاوانە ماڵیەكان.

6- دۆسیەكانی گەندەڵی كە ساڵانێكە دەستەی دەسپاكی و لیژنەی دەستپاكی پەڕلەمان و داواكاری گشتی و دادگاكانی لێكۆڵینەوە پێیەوە خەریكن نابێت بە هیچ شێوەیەك لێبوردن بیان گرێتەوە.

7-  ئەو تاوانانەی لێبوردنی گشتی دەیگرێتەوە پێویستە بە ڕونی لە سیستەمی سزایی جێبەجێكراودا پێناسە كرابێت.

8-  حوكم دراوان بە غیابی كارەساتە كە لێبوردن بیان گرێتەوە.

9- ئەگەر لێبوردنی گشتی هەموو دۆخەكان لەبەرچاو نەگرێت ئەوا ئەم ڕوداوانەی لێدەكەوێتەوە وەك ( دەستكاری لە دەسەڵاتی دادوەری , بەفیڕۆچونی ماندوبونی دادگاكان و كەرتەكانی پۆلیس , تاوانباران والێدەكات كە سڵ لە سزا نەكەنەوە , هاوڵاتی متمانەی بە دادگاكان نامێنێت و بە دەستی خۆیان تۆڵە دەكەنەوە ,وهتد .....).

10- دەزانم لێبوردنی گشتی ئەم تاوانانە ناگرێتەوە بەڵام سوك كردنی سزا یان داشكاندنیان بۆ دەكات كە ئەمەش كارەساتە وەك:

- ئەو تاوانانەی دەق نوس كراون لە یاسای دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ژمارە 10ی ساڵی 2005 .
- ئەو تاوانانەی دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمن بەمەرجێك تاوانەكە بوبێتە هۆی كوشتن یان ناتەواوی جەستەیی بۆ قوربانیەكە .
- بازرگانی و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان .
- تاوانەكانی بازرگانی بە مرۆڤ و بە پارچەكانی جەستەیەوە .
- تاوانی ڕفاندن كە بەهۆیەوە ون بون یاخود مردن یان ناتوانایی جەستەیی و عەقڵی قوربانیەكەی لێكەوتبێتەوە .
- تاوانەكانی ئیختیلاس و دزینی ماڵی گشتی و بەهەدەردانی موڵكی گشتی .
- تاوانەكانی گەندەڵی دارایی بەهەموو جۆرەكانیەوە .
- تاوانی ساختەكردنی دراو و بەڵگەنامەكان .
- بازرگانی بە دەرمان و خۆراكی بەسەرچوو .
- تاوانی دەست درێژی بۆسەر فەرمانبەران لە كاتی دەوامی فەڕمی دا .
- تاوانی كوشتنی بە ئەنقەست .
- تاوانی بەقاچاخ بردنی شوێنەوارەكان .
- تاوانە ئابڕوبەرەكان وەك ( زینا , زینای مەحرەم , دەست درێژی سێكسی , نێربازی ) .
- حوكم دراوە گەڕاوەكان و حوكم دراوە هەڵاتوەكان .
- ئەو تاوانبارانەی كە سود مەند بون لە لێبوردنی گشتی یاخود تایبەت و گەڕاونەتەوە بۆ دۆخی ئەنجامدانی تاوان .
هەربۆیە هیوادارم ئەم خولەی پەڕلەمان وەها یاسایەك دەرنەچێت و ئاسەوارە خراپەكانی ئەوانەی پێشوو بەهەند وەربگیرێت .

 

ڕاوێژكاری یاسایی


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی