پێکەنینە پڕ لە نیگەرانیەکهی جێگری سەرۆکی حکومەت لەناواخنی ئەو قسەیەی کە وتی، "کەمجار خەڵک باوەڕ بەو قسانە دەکات کە ئێمە دەیڵێین"، ھەزار و یەک ھەڵوەستە و لێکدانەوەنا بەڵکو ھەزار و یەک سەرئەنجامی وەکو یەک دەدات بەدەستەوە کە پێمان دەڵێت، ئیدی چیتر میراتگرە شیکپۆشەکانی حزب و نەوەکانی ڕێبەرانی ناوبانگ زێڕین ناتوانن لەسەر ڕابردوی پڕ لەسەروەری پێشینەکانی خۆیان بژین و حوکمڕانی باش لەسەر بنەمای ڕابردوی باش بەدینایەت، ئەوەی کە مامجەلال ناوی نابو (چەپکەگوڵی سەرکەوتنەکان).
کاک قوباد کە جاران تەنھا ئینگلیزیەکەی زۆرباش بو، ئێستا کوردیەکەشی زۆر باش بوە، بۆیە ئیدی لەوە تێدەگات کە بەڵێ خەڵک متمانە بە قسەی حوکمڕانەکان ناکەن، ئەو دەزانێت گریمان خەڵک مێگەلیش بێت و عەقڵیشی نەبێت، خۆ چاوی ھەیە و دەبینێت ڕێبەرەکانی فرە ڕیزن و بەدابەشی بەرەو چەند ئاقارێکی جیاوازیان دەبەن، کە ھیچکام لەو ئاقارانە ناچنەوە سەر بەدیھێنانی بەرژەوەندیەکانی ئەوان.
جارێ ئەم پارتیەی ئێستا، کە زادەی بزوتنەوەیەکی ئەمنیە و لوتی چاویەتی، باوەڕی بە خودی خۆشی نیە ھەتا باوەڕەی بەھیچ ڕەفتار و گوفتارێکی یەکێتی بێت، خۆ ڕونیشە "یەکێتی نوێ" باوەڕی بە پارتی ئێستا نیە، کە بۆ ئەوپەڕی کۆن ڕیسێت بوەتەوە، لەولاشەوە گۆڕان لە بنەڕەتەوە لەسەر بێمتمانەیی بە یەکێتی و پارتی دروستبوە، کەواتە بێمتمانەیی خەڵک زادەی بێمتمانەیی ھێزە پێکھێنەرەکانی حوکمڕانیەتی و تەحسیل حاسڵە، لێرەدا بەڕاستی عاجباتی ئەوەیە ھەڕەمی دەسەڵاتدارێتی ھەرێم لە خەیاڵی بەدەسھێنانی باوەڕی خەڵکدابن، کە خۆیان لە بناغەوە ئەم دەسەڵاتەیان لەسەر پەنجا بە پەنجای بێ باوەڕی دروستکردوە.
لەڕاستیدا دامودەزگاکانی دەسەڵاتداران، بەتایبەت دامودەزگاکانی دەسەڵاتدارانی ڕۆژھەڵات بە ھەرێمە خنجیلانە بە خوێن دروستکراوەکەی خۆشمانەوە، بەشێوەیەکی گشتی لەسەر حەقیقەتی بێمتمانەیی دروستکراون، کە دابەشی بازنەکانی دوڕویین و لەلایەن ڕاوێژکارانی مشەخۆرەوە سەرپەرشتی دەکرێن، کە ڕەنگە ھەرگیز بەشێوەیەکی ڕاستەقینەیی نابن بەتیم، چونکە لە بنەڕەتەوە ئەڵقەکانی پێکەوە گرێدانیان بنەمای بەرژەوەندیەکی خودییە و به تەنھا یەک ملکەچی یەکیان دەخات، ئەویش ڕەنگدانەوەی خواست و پێویستی فەرمانڕواکان و بەرژەوەندی بازنە جیاوازەکانیانە کە لە ژێر تایتڵی جیاوازدا ڕێکدەخرێن، لێرەوە بێمتمانەیی دەبێت بە مەعریفە کە ھەندێکجار دەسەڵاتداران وەک تاکتیک و بە ئامانجی بەدیھێنانی ستراتیژێکی دیکەی سیاسی لەسەروبەندی جیاوازدا دانیپێدادەنێن وەک ئەوەی کاک قوباد دانیپێدانا، كه ھەندێکجار ڕەنگە بوێرییە بەڵام لەڕوی بابەتیەوە دەشێت دواجار ئەم دانیپێدانانە وەک "کەپەنکی پاش باران" بێت.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی